خەبات: رەنجبەر بەرزنجی:- قەزای رواندز ناوچەیەکی شاخاویی و دەڤەرێکی جوان و سەرنجراکێشی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان سەردانی دەکەن، لەو راستایەدا لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بواری رێگاوبانەوە زۆرترین پرۆژەی خزمەتگوزاری لەو قەزایە جێبەجێکراوە، تایبەت بەم بابەتە (ئەحمەد قادر) قایمقامی قەزای رواندز بە خەباتی راگەیاند: ئامانج و پلانمان ئەوەیە لەم ساڵیشدا زۆرترین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی ئاو و کارەبا و رێگاوبان لە سنوورەکە بە ئەنجام بگەیەنین.
پرۆژەی رێگای گوندی پیرەسوانی کۆن و گوندی چنێراوە
سەرەتا لە بارەی نۆژەنکردنەوەی رێگای هەردوو گوندی پیرەسوانی کۆن و گوندی جنێراوە (ئەحمەد قادر) قایمقامی قەزای رواندز گوتی: بە ئامانجی زیاتر خزمەتکردنی گوندنشینانی سنوورەکە و لەبەر ئەوەی رێگای کۆنی هەردوو گوندەکە کە رێژەی دانیشتوانیان زیاتر 100 ماڵ دەبێت قیرتاو نەبووە و تێکچووە، بریار درا هەردوو رێگاکە بۆ کارئاسانی زیاتری خەڵکی ناوچەکە نۆژەنبکرێتەوە، خۆشبەختانە نۆژەنکردنەوەی رێگای هەردوو گوندی پیرەسوانی کۆن و گوندی جنێراوە لە ماوەی چەند مانگی رابردوو بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرچەندە بە هۆی وەرزی سەرماوە لە ئێستادا پرۆژەکان وەستاون ئەمەش بۆ ئەوەی قۆناغی قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردنی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە دوای وەرزی سەرما و سۆڵەوە کارکردن لە هەردوو پرۆژەکە دەستپێدەکاتەوە، پرۆژەکان یەکێکیان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئەویتریشییان واتە رێگای گوندی پیرەسوانی کۆن لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
ئەحمەد قادر قائیمقامی قەزای رواندز
پلانی داهاتوو
هەروەها لە بارەی پلانەکانیان لەمساڵدا بۆ جێبەجێکردنی زۆرترین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزاکە (ئەحمەد قادر) قایمقامی قەزای رواندز رایگەیاند: لە پلانمان دایە ئەمساڵ چەندین پرۆژەی گرنگی دیکە جێبەجێ بکەین بە تایبەتی لە بواری ئاو و کارەبا و رێگاوبان، زۆرترین ئەو پرۆژانەی لە ماوەی ساڵی 2024 کە لە سنووری قەزای رواندز جێبەجێکراون پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی بواری رێگاوبان و چاککردن و نۆژەنکردنەوەی شەقام و کۆڵانەکان بووە، چونکە ئەمانە گرفتی سەرەکی بووە، هەروەها کار بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگا سەرەکییەکانیش کراوە، لە ماوەی رابردوو توانراوە رێگای هامڵتۆن ئەو بەشەی بەناو سنووری قەزای رواندز تێدەپەڕێت نۆژەنبکرێتەوە و رێگای بێخاڵ کە قەزای رواندز بە پارێزگای هەولێر و شارەکانی دیکە دەبەستێتەوە بەشێکی نۆژەن کراوەتەوە و لە پلانمان دایە قۆناغ بە قۆناغ بەشەکانی دیکەشی نۆژەن بکەینەوە، هەروەها لە پلانمان دایە کار بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئاویش بکەین لەو شوێنانەی کە گرفتی ئاوییان هەیە. هەروەها پلانمان بۆ کۆنکرێتکردنی بەشێک لە کۆڵانە ناوخۆییەکانی سەنتەری قەزای رواندز هەیە، لە ماوەی رابردوو کار بۆ کۆنکرێتکردنی کۆڵانە ناوخۆییەکانی بێخاڵ، قۆناغی دووەمی گوندی بەرزێوە و گوندی جوندیان و رێگای سەرەکی ناو گوندی ماویلییان کراوە، ئەمە جگە لە قیرتاوکردنی رێگای گەرەوانی سەروو و فەقێیان و کۆنکرێتکردنی ناو گەرەوانی خواروو و قیر و کۆنکرێکردنی گوندی ئاکۆیان و رێگای گوندی ئاکۆ کەون.