ئەزموونى هەرێمى کوردستان پێشەنگی دیموکراسییە لە ناوچەکەدا

243

ڕێبوار حەمەلاو شوانى
گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى خاوەن خاک لە ناوچەکەدا، دەیان ساڵ خەبات و شۆڕشى کرد لە پێناو ئاشتى و نەمانى شەڕ و ئاشتى و پێکەوەژیان و دیموکراسى و گەڕاندنەوەى خاک و مافى زەوتکراوی و لەو پێناوەشدا هەزاران ڕۆڵەى ئەم نیشتمانە گیان و خوێنیان بەخشیوە تا گەیشتن بە ئەمڕۆى قەوارەى هەرێم، پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان و دەیان دەستکەوتى پڕشانازى دیکە.

بە هەڵوەستەکردن لەسەر مێژووى حکوومرانى گەلى کورد لە ماوەى 33 ساڵى ڕابردوودا، وەک چۆن نەیارانى کورد بە هەموو شێوەیەک هەوڵى خامۆشکردن و نەهێشتنى شۆڕشیان دەدا و گەلەکۆمەکى و تیرۆر و پیلانگێرى نەما لە دژى ئەنجام نەدەن، لە ماوەى ڕابردوو و ئێستاى ئەزموونى هەرێمى کوردستانیش بە هەمان شێوە جۆرەها حزب و لایەنیان بە ناوى کوردى و دژى کوردستان بەکارهێنا، دەیان کۆسپ و تیرۆر و تەقینەوە و گەمارۆدانیان بەکارهێنا، هەمووی لە پێناو لاوازکردن و شکستپێهێنان و نەهێشتنى قەوارەى هەرێمى کوردستان و حکوومڕانییە دیموکراسى و فیدڕاڵییەت و پێکەوەژیانى کە توانیویەتى زۆر سەرکەوتووانە سیستەمى فیدڕاڵى جێبەجێ بکات، ئەمرۆ بە گواهی هەموو وڵاتانى ناوچەکە و جیهانیش هەرێمى کوردستان نموونەیەکى بەرچاو و دەگمەنە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لەنێو وڵاتانى سەنتراڵیزم کە تا ئێستا ناتوانن هەرسى دیموکراسى و فیدڕاڵى و هاوبەشى و یەکتر قبووڵکردن بکەن.

بەتایبەتى لەماوەى 22 ساڵ ڕووخانى ڕژێمى بەعس و هاتنەکایەى عێراقێکى فیدڕاڵى و لەنێو ناوچەیەکى پڕ کێشە و ئاڵۆزدا کە تێیدا مەزهەبگەرایی و فاشیزم بەسەریدا زاڵە، هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى یاسایی و دەستوورى و فیدڕاڵى نموونەیەیکى سەرکەوتوویی دیموکراسى و پێکەوەژیانى ئاشتیانەى گشت پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکان بە کردەوە پیشانى هەموو دنیا بدات و مافى هەموو پێکهاتە و کولتوور و ئایینەکانیش تێیدا پارێزراوە، کە ئەمەش خۆى لە خۆیدا دەستکەوتێکى گرنگە، لە کاتێکدا لەنێو زۆرێک لە وڵاتانى دراوسێى هەرێمى کوردستان نەک هەر باوەڕیان بە دیموکراسى و فیدڕاڵى نییە، بەڵکوو قەیرانى یەکتر قبووڵکردن و پێکەوەژیان و جیاوازییەکان بە ئاشکرایی بوونى هەیە.

ئەمڕۆ هەرێمى کوردستان و قەوارە دەستوورى و فیدڕاڵییەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕووى دیموکراسى و سیستەمى ئابوورییەوە لە گەشەسەندنى زیاتر دایە و لە ڕووى ئازادى و ڕاگەیاندن و بەشداریى سیاسیی هەموو بیروڕاییەکان پێشەنگە نەک بە دروشم، بەڵکوو بە کردەوەش لەسەر ئاستى ناوچەکە و جیهانیش کەم وێنەیە، هەر ئەمەشە وایکردووە، کە ئەمڕۆ وڵاتانى زلهێز و ئەورووپایی بە گرنگى و بایەخەوە دەڕواننە هەرێمى کوردستان وەک نموونەیەکى سەرکەوتوو لە گشت بوارەکاندا.

سەرەڕاى هەموو ئەم سەرکەوتنانە، گەلى کورد بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ بەهێزکردنى پێگەى دیموکراسی و ئەم ئەزموونە، هەنگاوەکانى چەند ساڵى ڕابردووى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە پێناو چاکسازى و بەهێزکردنى دامەزراوەکان، پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکان و تەبایی و یەکهەڵوێستىی گشت هێز و لایەنەکان وا دەکات کە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش زیاتر پشتیوانیی گەلى کورد و ئەزموونەکەى بکات، بە هەمان شێوە ئەزموونى فیدڕاڵیی هەرێمى کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر کاریگەرى باش وەک نموونەیەکى سەرکەوتوو لە بەڕێوەبردن لەسەر وڵاتانى ناوچەکە دادەنێت.

بە شێوەیەکى گشتى لەگەڵ هەموو ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانى بەردەمیدا ئەزموونى زیاتر لە سێ دەیەى حکوومڕانى فیدڕاڵى کوردستان سەلماندوویەتى لەنێو ناوچەیەکى پڕ کێشە و ململانێدا، حکوومرانییەکەى بە سەرکەوتوویی بپارێزێت و بەرگریش لە پێکەوەژیان و پێکهاتەکان بکات و لەهەمانکاتیشدا سەرەڕاى گەمارۆکانى سەرى، بەڵام لەڕووى گەشەسەندنى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و ئاوەدانییەوە، کورد خاوەن شانازییەکى گەورەیە، ئەوەش ئەم ئەزموونەیە و دەبێت وەک هەمیشە بە خوێن و گیان بپارێزێت لە پێناو داهاتوویەکى گەشتر.