شێرکۆ حەبیب
سەردانی مەزلوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، و پێشوازیکردنی لە لایەن جەنابی سەرۆک بارزانی، رووداوێکی گرنگی دۆزی کوردە بۆ یەکریزی نێو ماڵی کورد و چارەسەرکردنی ناکۆکی و گرفتەکان، سەرۆک بارزانی وەک کەسایەتی و رابەر هەر لەسەرەتاوە هەوڵی لێک نزیک کردنەوەی کوردانی سوریای داوە بۆ ئەوەی یەک دەنگ و هەڵوێست بن کە ئەمەش سەنگ و قەوارەیان بە هێز تر دەکات، هەر بۆ ئەم مەبەستەش لایانی پەیوەندارانی کوردستانیانی سوریای لە هەولێر و دهۆک کۆ کردوە، بەڵام بەداخەوە هەندێ لایەن لە ژێر کاریگەری لایەنێکی سیاسی نەچوونە ژێر باڵی ئەو رێککەوتننانە.
ئەم سەردانەی جەنراڵ کۆبانی بۆ لای جەنابی سەرۆک بارزانی رووی راستیەکانی خستە روو، کە بە چەواشە ریکلامی بۆ دەکرا، بێگومان ئەو سەردان و پێشوازییە هەندێ لایانی سەخڵەت کرد، و بووە مایەی خۆشحاڵی زۆرینەی گەلی کورد، کە لەو دیدارە بە روونی باس لە خاڵە بەهێزەکانی نێو ماڵی کورد کرا.
سەرۆک بارزانی هەردەم هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە بۆ رێکخستنی نێو ماڵی کورد، بەڵکو هەوڵەکانی نەک هەر بۆ کورد بەڵکو سەرجەم کوردستانیان لە خۆ دەکرێت بە جیاوازی نەتەوە و ئاین هەروەک دەبینین لە هەرێمی کوردستان پێکەوە ژیان و تەبایی لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکان بەدی دەکرێت، بێگومان ئەم دید و بۆ چوون و هەوڵانەی سەرۆک بارزانی لە هەستکردن بە بەرپرسیارەتی سەرچاوە وەردەگرێت.
پێشوازی سەرۆک بارزانی ئەو راستییە دەخاتە روو کەوا سەرۆک بارزانی خەمخۆری راستەقینەی میللەتی کورد و کوردستانیانە بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی و سەرکەوتن، ئەمەش ئەوە دەسەڵمێنێ کەوا وەک مەرجەع و رابەرێک هەست بە ئێش و ئازاری میللەتەکەی دەکات و هەوڵ دەدات گرفتەکان چارەسەر بکات کە لە بەرژەوەندی باڵاکانی کوردستانە، هەروەها ئەوە دووپاتی ئەوەیە کەوا سەری بڵند بێ رکابەری تاکە شوێنی چارەسەری گرفت و کێشەکانە، کە بە شارەزای و لێهاتووی و کاریزمای سەرۆک بارزانی گرفتەکان چارەسەر دەکرێن.
گرنگە سەرجەم لایانەکان ئەم راستیە بە هەند وەربگرن و گرفت و ناکۆکییەکان لە رێگای دیالۆک و لێک تیگەیشتن چارە بکەن، نەخاسمە ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیار دا تێدەپەڕێت، ئەگەر کورد هوشیار و یەک دەنگ و گوتار نەبێت زیان دەکات، بۆیە گرنگە سەرجەم لایانە کوردستانییەکان ناکۆکی و گرفتەکان وەلاوە نێن و بەرژەوەندی کوردستان لەبەر چاو بگرن.
پێویستە هەندێ لایانی سیاسی کورد هەمان پلانی جەنراڵ کۆبانی بگرنە بەر روو لەسەر بڵند بکەن، نەک هۆکار بن بۆ دژایەتی خواستی کوردستانیان و خۆیان بسەپینن بەسەر خاک و هاووڵاتی بەزەبڕی چەک و گۆرەپانی خەباتی خۆیان فەرامۆش کردوە.