سهرهتا وتار سەرۆک مەسعود بارزانی و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ بۆ کورد لە سووریا
ئیبراهیم یوسف
سەدەیەک لە ستەمکاریی تێپەڕی، کە گەلی کوردی کردبووە ئامانج، واتە لەوەتەی مێشکی ڕەگەزپەرستانە لە سووریادا زاڵبووە، ئەگەر بە پلە، ئاست و شێوەی هەڵکشاوی جیاوازیش بووبێت، کە لە ئەنجامی دابەشکردنی کوردستان لە ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ (١٩١٦) و سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن و پەراوێزخستن کە بەدوایدا هات بوو. ئەم مەینەتییەش لە سەردەمەکانی یەکگرتن و بەعسدا قوڵتر بووەوە، کە سیاسەتێکی ڕێکخراو لە دژی کورد بۆ بەئامانجگرتنی ناسنامە و بوونی پیادە دەکرا. لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی سووریاش (٢٠١١)، چەندین ئاڵنگاری نوێ سەریان هەڵدا، کە دیمەنی کوردیان، لە نێوان داگیرکردنی چەند ناوچەیەک لەلایەن تورکیا و ناکۆکە ناوخۆییەکانیاندا داڕشتەوە. لەناو ئەم قەیرانانەدا، جارێکی دیکە ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی، وەک سەرکردەیەک کە ڕیزەکانی کورد یەکدەخات و ئومێد بۆ ئایندەیەکی باشتر دەگەڕێنێتەوە دەردەکەوێت.
ناکۆکیی کورد لە ناوەڕاستی قەیرانەکانی بووندا
گۆڕەپانی کورد لە سووریا، ناکۆکی لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد و پارتی یەکێتی دیموکرات بەخۆوە بینی، ئەوەش لە ئەنجامی ڕۆڵی زاڵبووانەی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو، کە ویستی خۆی بە ناوی ئەوی دووەم پێشکەش بکات و بڕیاری لێ زەوتکرد، بەڵکو بریاری چارەنووسیشی لە کوردی سووریا زەوتکرد، ئەمەش پێگەی کوردی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکاندا لاواز کرد. لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش، بۆ قووڵترکردنەوەی ئەم دووبەرەکییە، ناکۆکییەیان قۆستەوە. لە هەمان کاتدا شۆڕشی سووریا ڕۆڵی لە ئاشکراکردنی لاوازی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی سووریادا هەبوو، بەتایبەتی لەگەڵ دەرکەوتنی کەسایەتییە ڕەگەزپەرستەکان، کە بۆ لێدان و پەراوێزخستنی کورد، بارودۆخەکەیان قۆستەوە. ڕژێمی سووریا بە پاڵپشتی ڕووسیا و ئێران، لەسەر سیاسەتە سەرکوتکارییەکانی بەردەوام بوو، کەچی تورکیا و قەتەر دۆخەکەیان وەک دەرفەتێک بۆ سەپاندنی پلانەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچە کوردنشینەکاندا بینی. لەگەڵ ئەوەشدا، پرسی کورد هەر بە گەورەتر لە هەموو ئەو وردەکارییانەدا دەمێنێتەوە، چونکە پەیوەستە بە بوونی گەلێک، کە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی بوون دەبێتەوە، ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی یەک و بڕیاری هەیە. داگیرکردنی ناوچەکانی عەفرین و سەرێ کانی لەلایەن تورکیا لە ساڵانی (٢٠١٨-٢٠١٩)دا، لە ڕێگەی ئامرازەکانی وەک (سوپای نیشتمانی سووریا)ەوە، بە یەکێک لە سەختترین ئەو کارەساتانە دادەنرێت، کە کورد بە دەستییەوە ناڵاندوویەتی. لە عەفرین کە شارێکی تەواوی کورد بوو، دانیشتوانە ڕەسەنەکەی دەرکران و بە خەڵکی ناوچەکانی تری سووریا – تەنانەت غەیرە سووریش – گۆڕدرانەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی ناسنامەی ناوچەکە بوو. ئەم سیاسەتانە تاڵانکردنی موڵک و ماڵ، وێرانکردانی ژێرخان و هەڵکەندنی دارەکانی زەیتونیشی گرتەوە، کە شایەدی پەیوەستبوونی کورد بە خاکەکەیەوە دەدەن. سەرەڕای خۆڕاگریی کورد بەرامبەر بەو ئاڵنگارییانە، سیاسەتە فراوانخوازییەکانی تورکیا نەوەستا. تورکیا چەندین جار ڕایگەیاندووە، ڕێگە نادات هیچ قەوارەیەکی کوردی لەسەر سنوورەکانی بەرپا ببێت، بۆیە لەسەر دەستکاریکردنی ئاماری دانیشتوان، بۆ پاساو هێنانەوە بۆ کردەوەکانی بەردەوام بوو.
ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی: سەرکردایەتییەکی دانایانە
سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕۆڵێکی سەرەکیی لە یەکخستنی ڕیزەکانی کورد و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکاندا بینی، بێ ئەوەی بیری بچێت بروسکەیەک بۆ بەڕێز ئەحمەد ئەلشەرع بنێرێت، کەپێشوازی لێکرد و گرنگی پێدا، تێیدا هانیدا گرنگیی بە ڕۆڵی کورد بدات، دوای ئەوەی زۆرێک لە دوژمنانی کورد وڕێنەی ئەوەیان دەکرد، لە قۆناغی دوای ئەسەددا، هاوشێوەی سەردەمی ستەمەکانی بەعس، کورد هیچ جێگەیەکی نابێت، ئەمەش دوای چەندین دیداری پێشوو بوو، کە لایەنە کوردییەکانی تێدا کۆکرایەوە، وەک هەولێر ١-٢، دهۆک و سەڵاحەددین، کە سەرۆک بارزانی، بە بەردەوامی و بە گیانی پەرۆشییەوە، هەوڵیدا ڕێککەوتنێکی سیاسیی دابڕێژن، کە یەکڕیزی و هەڵوێستی کورد بەهێزتر بکات. سەرەڕای ئەو بەربەستانەی کە ڕێگەیان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی پێشوودا دەگرت، بارزانی لە هەوڵەکانی بەردەوام بوو، چونکە دەیزانی یەکڕیزی بۆ ئایندەی کورد چەندە گرنگە. لە هەنگاوێکی چارەنووسسازی بەڕێزیانەوە، سەرۆک بارزانی، نوێنەری خۆی دکتۆر حەمید دەربەندی، بە یاوەری باڵیۆزی ئەمریکا ڕەوانەی قامیشلۆ کرد، کە چەندین دیداری لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی و سەرکردەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد ئەنجامدا. ئەم هەنگاوە، کە لە لایەن ئەمریکا و فەرەنساوە، پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی لێکرا، ڕێککەوتنێکی نوێی لێکەتەوە، کە ڕێگە بۆ یەکڕیزی کورد خۆش دەکات.
پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ داهاتوو
پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، لە سایەی هەڵکشانی گوتارەکانی ڕەگەزپەرستی لە دژی کورد، وەک بانگەوازێک بۆ یەکخستنی هەوڵەکان و داننان بە مافەکانی گەلی کورد بوو، جەختیشی لەوە کردەوە، سووریای نوێ بە پایەکانی هاوبەشییەکی ڕاستەقینە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانیدا، بە کوردیشەوە دادەمەزرێت، کە جاران و ئێستاش بەشێکی ڕەسەنی مێژوو و شیرازەی کۆمەڵایەتی وڵاتەکەن، بەڵکو ئەوان دووەم گەورەترین نەتەوەن، کە لەسەر خاکەکەیدا دەژین. لە بەرامبەریشدا، لایەنە ڕەگەزپەرستەکان هەوڵیاندا، ئایین و سیاسەت بۆ پەراوێزخستنی کورد بەکاربهێنن، بەڵام هۆشیاری و چاوکراوەیی کورد، بەشێکی زۆری ئەو هەوڵانەی پووچەڵ کردەوە. دیارترینی ئەو هەوڵانەش، پەیامێکی کۆمەڵەی زانایان لە تورکیا- بە تایبەتی لە لایەن بەشێک لە مۆچیارانی سوڵتانەوە بوو – شێخێکی گەنجی کوردیش بە لێهاتووییەوە بەرپەرچی دایەوە، ئەمەش دوای داگیرکردنی عەفرین بوو، چونکە داخویانییەکەیان داوای قڕکردنی کورد و دەرکردنی فەتوایەک بۆ دەستدرێژیکردننە سەر ژنەکانیان بوو، ئەمەش گرنگی هاودەنگی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکاندا دەردەخات.
هاوسۆزی نێودەوڵەتی و دوژمنایەتی ڕەگەزپەرستی خۆماڵی هەرێمیی
ڕەنگە ویژدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە خەو هەڵسابێتەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئەو کەسایەتییانەی کە دۆستی کوردن، ئەوانەی دیمەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وردی دەخوێننەوە و دەزانن چەندە ستەم لە کورد کراوە، وەک خاوەنی یەکەم پرس لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەورەترین ئەغزی مێژوویی لێکراوە و ڕۆڵەکانی لە بۆتەی ئەو وڵاتانەدا تووێندراوەتەوە، کە نەخشەی کوردستانیان داگیرکردووە، لە جیهانیشدا بە هەمان شێوە، -بۆ نموونە- کورد بەشێکی زۆریان لە شار و لادێیەکانی دیمەشق، حەما، حمس و کەناراوەکان پێکدەهێنا، کەچی زۆربەی ئەوانە تووێندرانەوە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو سیاسەتی بەعەرەبکردنە بوو، کە لە دوای سەرهەڵدانی بیری عەرەبیاتی ڕەگەزپەرستی سەپێندرا، کە بە ئەنقەست پەنای بۆ سیاسەتەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی دەستکرد – جینۆسایدی نەرم و ئەوشتانەش برد، بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانیان لە کورد، یان ئاوارەکردنیان، هەروەها چەند لایەنێکی هەرێمی هەبوون، لە سەرەتای شۆڕشی سووریا و بە پشتیوانی بازنەکانی ڕەگەزپەرستی لە تورکیا و قەتەرەوە، دەستیان بە کارکردن بۆ ئەنجامدانی ئاماری ساختە و چەواشەکارانە برد، بۆ ئەوەی وای دەرخەن، کورد تەنانەت لە ناوچەکانی خۆشیاندا کەمینەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ سیاسەتەکانی بەشار ئەسەد یەک بگرێتەوە، کە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو، کورد تەنانەت لە ناوچەکانی خۆشیاندا، لە ١٦ لە سەدی کۆی دانیشتووان تێناپەڕن، لە کاتێکدا ڕێژەی کورد لە عەفرین، کۆبانێ و گوندەکانی، هەروەها جەزیرە ١٠٠ لە سەد بوو، بەڵکو لە یەکێک لە ئامارەکانی شاری دیمەشق لە ساڵانی ١٩٠٦-١٩٠٨دا دەردەکەوێت، تەنیا لە دیمەشقدا لە کۆی ٢٠٠ هەزار هاووڵاتی، کە کۆی دانیشتووانیەتی، ٦٠ هەزاریان کوردن! ئەوانەی چەقۆکانیان بۆ سەربڕینی کورد، دابەشکردنی پارە و ماڵ و سامان و تەنانەت پێشێلکردنی شەرەفیشیان تیژ دەکرد، بەرامبەر داگیرکردنی ناوچەکانیشیان نەجووڵێن، هەر پێشێلکارییەک لە ناوچەیەکی غەیرە کوردیدا بکرێت، شتەکان گەورە دەکەن، ئەمەش بەڵگەی ناپاکی بوونیانە و ئەگەر هاوسۆزبوون لەگەڵ کوردیش کەم بێتەوە، بە وتار و لێدوانەکانی، سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری دەرەوەی دڵیان خۆش دەبێت، هەروەها ئەگەر هەر هاوسۆزییەک دەرکەوێت، بۆ گۆشە فریودەرەکەیان دەگەڕێنەوە، لەم یان لەو دۆخەشدا هەڕەشە لە کورد دراوسێکانیان دەکەن، کە ناوچەکانی ئەوانیان لە داعش پاراست، هەرچەندە هەڵەشیان هەبوو، بەوەی دەبێت بدرێتە دادگا، ئەگەر تاوانبارەکە هەرکەسێک بێت! ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان لایەنە کوردییەکانیش، لە سایەی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی، بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ گەلی کورد دادەنرێت.
ئەو ئاهەنگانەی کە ناوەندەکانی کوردیان لە نیشتمان و دەرەوەدا گرتەوە، ڕەنگدانەوەی بڕی ئەو هێوایەن، کە ئەم ڕێککەوتنە بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و بنیاتنانی ئایندەیەکی باشتر هەڵیگرتووە. هەرچەندە ڕێگەکە پڕ ئاڵنگارییە، بەڵام یەکگرتوویی ڕیزەکانی کورد، بە پێویستییەکی بوون نەوەک بژارە دادەنرێت. ڕەنگە لایەنە زیانلێکەوتووەکانی ئەم ڕێککەوتنەش هەوڵبدەن ڕێگری لێبکەن، بەڵام ویستی میللی و پاڵپشتی سەرکردایەتی کوردستانی بە سەرۆکایەتیی، سەرۆک بارزانی، هەمووان بۆ سەر ڕێگە ڕاستەکە دەگەڕێنێتەوە.
قۆناغی داهاتوو، پێویستی بە هاوکاری گەورەتر لە نێوان خودی کورد و وەبەرهێنانی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان هەیە. یەکگرتوویی ڕیزەکانی کورد، کە سەرۆک مەسعوود بارزانی، سەرۆکایەتی دەکات، بە تروسکاییەک هیوا بۆ گەلی کورد لە سووریا دادەنرێت. بەهۆی دانایی و دیدگای بەڕێزیانەوە، پرسی کورد دەخرێتە سەر ڕێچکەیەکی نوێ، کە ئاسۆی فراوان بۆ وەدیهێنانی خواستەکانی ئەم گەلە، کە سەدەیەک بەرگەی ستەمی گرتووە دەکاتەوە.
و: ڕەمزی میرەکانی