خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- بە ئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و ژمارەیەكی بەرچاو لە ڕۆشنبیران و میوانان، دیدارێكی تایبەت بە بەرهەمە هەمەلایەنەكانی مامۆستا عەبدولكەریمی مودەڕیس بەناونیشانی (مودەڕیس دوودەرەكی كراوە، بەڕووی ئایین و ئەدەبدا) بەڕێوەچوو.
دیدارەكە كە لەلایەن دامەزراوەی كەریمی عەلەكەوە رێكخرابوو، لە مەراسیمی كردنەوەدا وتاری دامەزراوەی كەریمی عەلەكە و وتاری سەرپەرشتیاری دیدار و چەند وتارێكی دیکە خوێندرانەوە، پاشان لەلایەن وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، خەڵاتی ڕێزلێنان و چەپكە گوڵی ڕێز و وەفای وەزارەتی رۆشنبیری و دامەزراوەی كەریمی عەلەكە، بەخشرایە خاتوو (عەتییە مودەڕیس) كچی مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس.
پاشان پانێلەكانی دیدارەكە دەستی پێكرد، كە پێكهاتبوو لە سێ پانێل، لەپانێلی یەكەم سێ بابەت لەلایەن هەریەك لە: عەبدولخالق یەعقووبی، جەمیل فارووقی، د. محەمەد عەبدوڵڵا ئەحمەد پێنجوێنی پێشكەشكران، لە پانێلی دووەمیش بەهەمان شێوە سێ بابەت پێشكەشكرا لەلایەن هەریەك لە: د. لهۆن قادر و د. حەمید محەمەد ئەمین و د. رەئوف عوسمان.
پانێلی سێیەم كە دوا پانێلی دیدارەكە بوو، بەهەمان شێوە سێ بابەت لەبارەی مامۆستا مودەڕیس پێشكەشكرا لەلایەن هەریەك لە: كامەران سوبحان، هومایۆن ساحێب، د. فاروق قەرەداغی، جێی باسە، سەرجەم توێژینەوە و بابەتەكانی دیدارەكە، لەبارەی ڕۆڵ و بەرهەم و پێگەی مامۆستا عەبدولكەریم مودەڕیس بوو لە ڕووی ئایین و ئەدەبەوە.










