بزووتنەوەی حەماس ئەمڕۆ یەكشەممە، 19ی 1ی 2025، سێ لە بارمتە ئیسرائیلییەكانی لە ڕێگەی مانگی سووری نێودەوڵەتییەوە ڕادەستی ئیسرائیل كردەوە.
بەرپرسێكی ئەو بزووتنەوەیە بە (فرانسپرێس)ی ڕاگەیاندووە:”سێ لە بارمتەكانی جەنگ ڕادەستی مانگی سوور كراونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی مانگی سوور لە تەندروستییان دڵنیا بوونەتەوە.”
لەم ڕادەستكردنەدا، دەیان چەكداری كەتیبەكانی قەسام، كە باڵی سەربازیی حەماسە، لە ناوچەكەدا بڵاو بوبوونەوە و سەرپەرشتیی ڕادەستكردنی سێ كچی بارمەتەی ئیسرائلییان دەكرد.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە:”هەرسێ بارمتەكە گەیشتوونەتەوە ئیسرائیل و سەلامەتن.”
سێ بارمتە ئیسرائیلییەكە ناویان رۆمی جۆنین (24 ساڵ)، ئیمیلی دماری (28 ساڵ)، دوروون شەنتیر (31 ساڵ)ـە.
لە دوای گەیشتنەوەیان بە ئیسرائیل، ڕەوانەی پشكنینی پزیشكی كراون و دواتریش دەچنەوە ناو خێزانەكانی خۆیان.