سەرۆكی یانەی خانزاد: ئەوەی جێی حۆشحاڵییە، ساڵ دوای ساڵ ژمارەی بەشداربووان ڕوو لە زیادبوونە

خەبات: هاوار مورتكەیی – بارزان:- بەچاودێری دەزگای خێرخوازی بارزانی، ڕۆژانی 17 و 18ی ئەم مانگە، چوارەمین پاڵەوانێتی شەتڕەنجی نێودەوڵەتی بارزانی لە ڕێزان بەڕێوەچوو، ئەوە بۆ چوارەم ساڵ دەچێت، چوارەمین پاڵەوانێتی شەتڕەنجی نێودەوڵەتی بارزانی، لە گوندی ڕێزان لە بارزان، لەلایەن یانەی شەتڕەنجی خانزادەوە بۆ شەتڕەنجزانانی ئەو دەڤەرە دەكرێتەوە.

بە ئامادەبوونی زافر عەبدولئەمیر سەرۆكی یەكێتی ناوەندی شەتڕەنجی عێراقی و د. هیوا سەرۆكی لقی هەولێری لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراقی و د. دڵزار حەمەساڵح سەرۆكی یانەی شەتڕەنجی خانزاد، و بەبەشداری زیاتر لە 70 شەتڕەنجزانی ئەو دەڤەرە لە تەمەنە جیاجیاكاندا، چوارەمین پاڵەوانێتی شەتڕەنجی نێودەوڵەتی بارزانی بەڕێوەچوو.

لەمبارەیەوە سەرۆكی یانەی شەتڕەنجی خانزاد بەخەباتی ڕاگەیاند، ئەم پاڵەوانێتییە لەلایەن یەكێتی نێودەوڵەتی شەتڕەنجەوە تۆمار كراوە كە لە 9 ڕاوند پێك دێت، و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە هۆڵی هوتێل ڕووبار بەردەوام بوو، هەروەها گوتی: ئەوەی جێی حۆشحاڵییە، ساڵ دوای ساڵ ژمارەی بەشداربووانی شەتڕەنجزانان لەم دەڤەرە روو لە زیاد بوونە، كە هەر جارەی پاڵەوانێتییەك لێرە دەكەینەوە، زۆر بەتامەزرۆوە بەشداری دەكەن و لەوەی دڵخۆشتریش، تەنها لەم ماوە كورتەدا زیاتر لە 20 شەتڕەنجزانی خاوەن ئای دی لە یەكێتی شەتڕەنجی نیودەوڵەتی بەشداربوون، چاوەڕوانیش دەكرێ، دوای ئەم پاڵەوانێتییە، ژمارەیەكی دیكە، ئای دی نەمبەریان بۆ بێتەوە.

دواتر زافر عەبدولئەمیر سەرۆكی یەكێتی شەتڕەنجی عێراق لەبارەی كردنەوەی پاڵەوانێتییەكی لەمشێوە لەو دەڤەرە گوتی: لەو بروایە نەبووم لەم دەڤەرە بەمشێوەیە پێشوازی لەشەتڕەنج دەكرێت، بۆ من جێی سەرسوڕمان بوو كە ئەو ژمارە زۆرە لێرە بەشداری پاڵەوانێتییەكی شەتڕەنج دەكەن، ئەمە جێی خۆشحاڵییە و هیوادارم لە داهاتوویەكی نزیكدا، شەتڕەنجزانی باشیان لێ دەرچێت، ئێمە لە یەكێتی شەتڕەنجی عێراقی پشتیوانیان لێ دەكەین، بۆ ئەوەی بەردەوام پاڵەوانێتی لەمشێوەیە لەم دەڤەرەدا بكرێتەوە.