خەبات: عەلی بانیشاری:- ئەو زەیتوونەی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت 12%ـی زەیتە، بەڵام نەمامگەیەك لە پارێزگای هەڵەبجە سێ جۆر نەمامی دار زەیتوونی بەرهەمهێناوە لە هەر 100 كیلۆیەك زەیتوون 20 بۆ 22 كیلۆ زەیتی تێدا دەبێت. نەمامگەكە لە ماوەی دوو ساڵدا نزیكەی 75 هەزار نەمامی دار زەیتوونی فرۆشتووە. بەڕێوەبەری كارگەی زەیتی زەیتوونی ڕاسان لە هەڵەبجە دەڵێت: ساڵی ڕابردوودا 1500 تۆن زەیتوون هێنراوەتە كارگەكەمان و توانیمانە 110 هەزار لیتر زەیت بەرهەمبهێنین.
نزیكەی لە 60%ـی زەیتی زەیتوونی ڕاسان بەرهەمی ناوخۆیە
پەیام سەیوان، بەڕێوەبەری كارگەی زەیتی زەیتوونی ڕاسان لە پارێزگای هەڵەبجە بە (خەبات)ـی گوت: لە ساڵی ڕابردوودا 1500 تۆن زەیتوون هێنراوەتە كارگەكەمان، 40%ـی ئەو زەیتوونە لە وڵاتی سوریاوە هاوردەكراوە و 60%ـی بەرهەمی ناوخۆ بووە كە دەكاتە نزیكەی 624 تۆن زەیتوون. گوتیشی: بەراورد بە ساڵی 2023، لە ساڵی 2024دا توانیوومانە 460 تۆن زەیتوونی زیاتر وەربگرین. ئاماژەی بەوەشدا، بە پلەی یەكەم زەیتوون لە سوریا (عەفرین، منبج) و بە پلەی دووەم لە ئێران هاوردە دەكەن. پەیام سەیوان باسیلەوەشكرد، لەسەر ئاستی عێراق كارگەی ڕاسان گەورەترین كارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوونە و لە تەواوی ناوچەكانی كوردستان و خوارووی عێراقەوە زەیتوون دەهێنرێتە كارگەكەیان. زیاتر گوتی: كاتێك جووتیار زەیتوون دەهێنێتە كارگە پێویست ناكات 2-3 ڕۆژ چاوەرێ بكات بۆ بكرێتە زەیتوونەكە بكرێتە زەیت، بەڵكوو لە ماوەی كەمتر لە دوو كاتژمێردا بەرهەمەكەی وەردەگرێتەوە.
لە ماوەی 24 كاتژمێردا 120 تۆن زەیتوون وەردەگرن
كارگەی زەیتی زەیتوونی ڕاسان لە ماوەی 24 كاتژمێردا لە توانایدایە 120 تۆن زەیتوون وەربگرێت. بەوتەی بەڕێوەبەری كارگەكە، بەهۆی ئەوەی خۆیان فرۆشیاری زەیتی زەیتوون، دەبێت ساڵانە كەمیەتێكی باش زەیتوون هەڵبگرن بۆ ئەو كاتەی كە وەرزی زەیتوون نامێنێت. پەیام سەیوان دەڵێت: ساڵی یەكەمی كردنەوەی كارگە تەنیا 27 هەزار لیتر زەیتی زەیتوونمان هەبووە، بەڵام ئێستا لە تواناماندایە بڕی 150 هەزار لیتر زەیت هەڵبگرین. دەشڵێت: خواست لەسەر بەرهەمی زەیتی زەیتوون زیادیكردووە و وەكو پێشتر نییە. هێمای بۆ ئەوەشكرد، ساڵانە پێویستیان بە 500-600 تۆن زەیتوون هەیە جگەلە بەرهەمی خۆیان. كارگەی زەیتی زەیتوونی ڕاسان خاوەنی سێ باخی گەورەی زەیتوونە لە بازیان-سلێمانی و بامۆك و دەڵەمەڕ لە هەڵەبجە، بۆ ئەوەی هێندەی كە كارگەكە لە بەرهەمی زەیتوون پێویستی پێیەتی، لە ڕێگەی ئەو سێ باخەوە دابینی بكات.
110 هەزار لیتر زەیتیان بەرهەمهێنراوە
ساڵی ڕابردوو كارگەی زەیتی زەیتوونی ڕاسان لە پارێزگای هەڵەبجە 110 هەزار لیتر زەیتی بەرهەمهێناوە، بەڵام بەوتەی بەڕێوەبەری كارگەكە ئەمساڵ دەیانەوێت بڕەكە بگەیەننە 150 هەزار لیتر. پەیام سەیوان دەڵێت: لە 25ـی تشرینی دووەمەوە هیچ بەرهەمێكی ساڵی ڕابردوومان نەماوەتەوە. بەرهەمەكانی كارگەی ڕاسان هەناردەی بەریتانیا و ئەڵمانیا و نەرویج و سوید دەكرێن. پەیام سەیوان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە بەشی ئەوروپا ئەپڵیكەیشنێكیان هەیە بۆ ئەوانەی ئۆردەری بەرهەمەكانیان دەكەن و ڕاستەوخۆ بەرهەمەكانی ڕاسان دەگاتە بەردەم ماڵەكانیان و لە بەریتانیا زیاتر ئیش لەسەر ئەپڵیكەیشنەكە كراوە و لە تەواوی ئەو شارانەی زۆرترین كورد تێیدا نیشتەجێیە بەرهەمەكانی كارگەی ڕاسانی لێیە. جگەلە هەرێمی كوردستان، بەرهەمەكانی ڕاسان دەگاتە تەواوی شارەكانی عێراق و بۆ ئەمساڵیش پلانی كارگەكە ئەوەیە بەرهەمەكانی هەناردەی ئیمارات و دوبەی و سعودیە بكات.
پەیام سەیوان، بەرێوەبەری كارگەی زەیتی زەیتوونی ڕاسان – هەڵەبجە
لە هەرێمی كوردستان دار زەیتوون بە تێكەڵی چێنراوە
بەگوتەی بەڕێوەبەری كارگەی زەیتی زەیتوونی ڕاسان، لە خراپترین حاڵەتدا لە 100 كیلۆ زەیتوون، سێ كیلۆ زەیتی تێدا دەبێت و لە باشترین حاڵەتیشدا 20 كیلۆی تێدا دەبێت، بەڵام تۆتاڵی گشتیی هەرێمی كوردستان كە ساڵانە وەردەگیرێت 12%ـە، كە دەكاتە 12 كیلۆ زەیت لە هەر 100 كیلۆ زەیتوونێك. پەیام سەیوان دەڵێت: لە هەرێمی كوردستان داری زەیتوون بە تێكەڵی چێنراوە و چەندین جۆر دار زەیتوون هەیە، بەڵام ئێمە ڕێنمایی جووتیاران دەكەن ئەو دار زەیتوونانە بچێنن كە بۆ كەشوهەوای كوردستان گونجاوە و زۆرترین زەیتی لێ بەرهەمدەهێنرێت. دەشڵێت: كارگەی ڕاسان نەمامگەیەكی تایبەت بە نەمامی زەیتوونی هەیە و ئەوانەی دەیانەوێت دار زەیتوون بچێنن دەتوانن سوود لە نەمامگەكە ببینن و دوو ئەندازیاری شارەزا ڕێنمایی دەدەنە ئەو جووتیارانەی باخی زەیتوونیان هەیە بۆ ئەوەی هۆكاری كەمی ڕێژەی زەیتی دار زەیتوونەكانیان بزانن چییە و چۆن خزمەتی باخەكانیان بكەن و بە چ شێوەیەك دارەكانیان هەڵبپاچنن. ئاشكراشی دەكات، لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 50 جۆر دار زەیتوون هەیە، لە قەزای چەمچەماڵ باشترین دار زەیتوون بۆ بەرهەمهێنانی زەیت هەیە و ئەو جۆرەی زەیتوونەی لە سنووری ئەو قەزایە چێنراوە ڕێژەی زەیتی زۆر باشترە بەراورد بە دار زەیتوونی ناوچەكانی دیكە، دیارە كەشوهەوا و خاكی ناوچەكە كاریگەری هەبووە لەسەر بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون لە چەمچەماڵ. زیاتر گوتی: چەمچەماڵ یەكێكە لە ناوچە باشەكان بۆ بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون و هەمیشە ڕێژەی زەیتی لە 14% بۆ لە 20% بووە.
لە پارێزگای هەڵەبجە 530 دۆنم زەوی بە داری زەیتوون داچێنراوە
بەپێی داتاكانی كارگەی زەیتی زەیتووانی ڕاسان، لە ساڵی 2018دا ڕووبەری داچێنراو بە داری زەیتوون لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 383 دۆنم بووە، بەڵام لە ئێستا ڕووبەرەكە زیادیكردووە بۆ 530 دۆنم زەوی. پەیام سەیوان ڕایدەگەیەنێت، دوای كردنەوەی كارگەی ڕاسان خەڵكی داری زەیتوون دەچێنن، چونكە دەزانن كارگەیەك هەیە بۆیان دەكات بە زەیت، تەنانەت ئەو ناوچە شاخاوییانەشی پێشتر سوودیان لێنەبینراوە، لە ئێستادا بەشێكیان كراون بە داری زەیتوون. بەڕێوەبەری كارگەی زەیتی زەیتوونی ڕاسان دەشڵێت: چاوەرێ دەكەین ئەو 40%ـی زەیتوون كە لە دەرەوە هاوردەی دەكەین، لە چەند ساڵی داهاتوودا لە ناوخۆ دابینی بكەین. زیاتر گوتی: ئەو سێ نەمامەی زەیتوون (كرۆناكی، ئەبیكین، پیكواڵ) كە لە نەمامگەی ڕاسان هەیە بۆ ناوچەی سارد و گەرم و وشك دەبێت و تایبەتن بە بەرهەمهێنانی زەیت و ڕێژەی زەیتیان لە 20% بۆ لە 22%. نەمامگەی ڕاسان لە ماوەی دوو ساڵدا نزیكەی 75 هەزار نەمامی دار زەیتوونی فرۆشتووە. پەیام سەیوان دەڵێت: ئەو ژمارە لە نەمامی فرۆشراوی دار زەیتوون ڕێژەیەكی زۆر باشە و بۆ چەند ساڵی داهاتوو پێویستمان بە بەرهەمی دەرەكی نابێت لە هێنانی زەیتوون بۆ كارگەكەمان.