خەبات: ساسان دەروێش:- کوردانی بەریتانیا کە دەنگدەر و لایەنگری پارتی کارن كه پارتی دەسەڵاتداری وڵاتەکەیه، دەیانەوێت بە بەشداربوون و ئەندامێتیان لەو حزبەدا کاریگەریان لەسەر دەوڵەت و لایەنەکانی حکوومەت و پەرلەمان و ئەنجوومەنی پیراندا ههبێت بۆ ئهوهی پشتیوانیی مافەکانی گەلی کورد بکەن. لە ڕێوڕەسمێکدا كه لە شاری لەندەن به ئامادهبوونی شیفا بارزانی، سهرپهرشتیاری ڕهوهندی كوردستان، لەلایەن ڕێکخراوی “Kurds for Labor” ڕێکخرا.
ژمارەیەک لە وەزیر و پەرلەمانتارانی پارتەكە و ئەندامی لۆردانی بەریتانیا و كۆمەڵێك لە كەسایەتیی ڕۆشنبیر و نوخبەی دیاری ڕەوەندی كوردستانی یادی دامەزراندنی ئەو ڕێكخراوە كوردییە كرایەوە كە دەمەزراوەیەكی گرنگیی ناو پارتی كرێكارانی بەریتانیایە و ئامادەبووانیش لە سەرتاسەری بەریتانیا بەشداربوون.
سەرۆكی ڕێكخراوەكە و چەند پەرلەمانتار و ئەندامانی شارەوانییەكان گوتاریان پێشكەش كرد. سەرباز بەرزنجی، سهرۆكی ڕێکخراوەكه و ئەندامی ئێستا و بەرپرسی پێشووی شارەوانیی لامبێسی لەندەن لە گوتارێكدا گوتی: ئەگەر گرووپێکی وەکو ئەوەی ئێستا هەبووایە، ڕەنگە ئەو ڕووداوانە ڕوویان نەدایە. ئێمە دەمانەوێت ببینە بەشێک لە داڕشتنەوەی سیاسەتی پارتی کار بۆ ئەوەی کاریگەریمان هەبێت و نەهێڵین ئەو نەهامەتییانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان بەریتانیا دەستی تێیاندا هەبووە، دووبارە ببێتەوە.
هەروەها شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی گوتارێکی پێشکەش کرد لە وتارەکەیدا پیرۆزبایی لە پارتی کرێکاران کرد و کورتەیهكی مێژوویی لەبارەی قوربانیدانی کوردەکان بۆ ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو، جەختی لەسەر ڕۆڵی بەرچاویان لە تێکشکاندنی داعش کردەوە و تیشكی خستە سەر چەند بابەتێكی گرنگ و داوای لە حكوومەتی بەریتانیا كرد بە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا بچێتەوە لەهەمبەر پشتیوانیكردنی نەتەوەی كورد لە ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان و بەشەكانی تر زیاد بکات. هەروەها داوای كرد كە زمانی كوردی بە فەرمی بۆ دامەزراوەی (بی بی سی) بەریتانی زیاد بكرێت بۆ ئەوەی كوردستانیان بتوانن ئاگاداری ڕووداوەكانی جیهان و كوردستان بن بە زمانی شیرینی كوردی. هەروەها شیفا بارزانی لە گوتارەکەیدا جەختی کردەوە کە بەریتانیا گرنگیی زیاتر بە کورد بدات و کۆنسوڵخانەیان لە هەولێر فراوانتر بکەن. لە کۆتاییشدا شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاریی گشتیی ڕەوەندی کوردستانی دەستخۆشی لە بەرێوەبەرانی یادەكە و بەشداربووانی کرد و هیوای سەركەوتنی بۆ ئەندامان و دۆست و لایەنگرانی خواست، هیوای ئەوەی بۆ خوازین کە بتوانن ببنە پردێك لە نێوان ڕەوەندی كوردستانی لە بەریتانیا و كۆمەڵگەی بەریتانیا كە خۆشیان بەشێكی سەرەكی ئەو كۆمەڵگەیەن.
هەروەها فێریال کلارک، جێگری وەزیری دەرەوەی پەرلەمان لە گوتارەکەیدا، جەختی لە ڕۆڵی کۆمەڵگەی کوردی لە ناو پارتی کرێکاران کردەوە. کلارک گوتیشی: ئێمە پابەندین بە دڵنیابوون لەوەی پارتی کرێکاران لە پێداویستییەکانی ئەو هەزاران بنەماڵەی کورد تێدەگات کە بەریتانیا بە ماڵەوە ناو دەبەن ئەو دەڵێت: کورد بۆ کرێکاری بریتییە لە پێدانی دەنگێکی بەهێز بە پێکهاتە کوردییەکانی ناو پارتی کرێکاران. کورد بۆ کرێکار تایبەتە بە نوێنەرایەتیکردن و داکۆکیکردن لە پێکهاتە کوردییەکان لەناو پارتی کرێکاران. وەک ئەندامی دەستەی کارگێڕیی ڕێکخراوەکە تیشکی خستە سەر ئەرکی ئەوان له دابینکردنی دەنگێکی یەکگرتوو بۆ دانیشتوانی کورد و پێشخستنی بەرژەوەندییەکانیان و دەستەبەرکردنی بەشداریی چالاکانەیان لە پرۆسەی سیاسیدا. ئامانجیان پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان کۆمەڵگەی کورد و پارتی کرێکارانە، دڵنیابوون لەوەی نیگەرانی و خواستەکانی کورد لە بەریتانیا ببیسترێت و چارەسەر بکرێت.