خه‌بات: پەری محەمەد:- سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگه‌ی هەولێر بۆ خه‌بات ده‌ڵێت: به‌هۆی بڕیاری دادگه‌ی فیدڕاڵی عێراقه‌وه كاره‌كانیان وه‌ستاوه و لیژنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگه‌ش ناتوانن كاری خۆیان بكه‌ن و داواش ده‌كات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگه‌کانیش ئەنجام بدرێت و ده‌شڵێت دیاریكردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندایه. ده‌شڵێت: شاری هه‌ولێر له كابینه‌ی نۆیه‌مدا لەڕووی پرۆژه و خزمه‌تگوزارییه‌وه قۆناغی زۆری بڕیوه و لە ئاستێکی باڵادایە.
د. عه‌لی ڕەشید خۆشناو بۆ خەبات ڕایگەیاند: بەپێی دەستووری عێراق، دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگه‌کان هەبێت، لە هەرێمی کوردستانیش بەپێی بەندیکی دەستووری که بە ناوی ئەو پارێزگایانه‌ی لەژێر چەتری هەرێمدا ڕێکخراون ئه‌نجوومه‌نی پارێزگه‌كانمان هه‌یه، به‌ڵام لەبەر کومەڵێک هۆکاری سیاسی و حزبی كه پێویستی بە ڕێکكەوتن هەبووه، هه‌ڵبژاردن نه‌كراوه، گرنگە لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت، هەڵبژاردنیش لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار لە ڕۆژی هەڵبژاردنه‌كه بدات.
لەبارەی کاری ئێستای ئەنجوومەنه‌كه‌یانه‌وه عه‌لی ڕه‌شید گوتی: ئێستا ئێمە ناتوانین کار بکەین و هیچ دامەزراوه‌یه‌ك نییە بەسەر کار و چالاکیی حکوومەتی خۆجێیه‌وه چاو‌دێر بێت بۆ ئەوه‌ی کەموکوڕییەکان چارسەر بکرێن، ئێمە هەتا ٢٤/٩/٢٠٢٣هەموو کارەکانمان ڕایی دەکرد، بەڵام دوای بڕیاری دادگه، ئەندامەکان دوامیان نەماوە، من وەکو سەرۆکی ئەنجومەن و بەڕێوەبەری ژمێریاری، کاره ئیدارییەکان دەکەین، لە حاڵه‌تێکدا ئەگەر کێشەک هەبێت بە نووسراو ئاراستەی وەزاره‌تەکان یان پارێزگه‌ی دەکەین، بەڵام وەکو تر لیژنەکان ناتوانن کاری خۆیان بکەن.
دەرباری پڕۆژه ستراتیژییەکان تایبەت بە خەبات گوتی: هەولێر لەڕووی ستراتیژییەوە زۆر قۆناغی بڕیوه، بەتایبەتی لە کابینەی نۆیه‌مدا لەڕووی خزمەتگوزاریی ڕیگه‌وبانه‌وه لە ئاستێکی باڵادایە، هەندێک پرۆژه هه‌بوون پێشتر بەهیچ شێوەیه‌ک نەکرابوون، وەکو سەرچاوه‌ی ئاو، ڕێزدار مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كۆمه‌ڵێك بەنداوی مامناوه‌ندی دروستكرد و بەردی بناغەی بۆ زۆر پرۆژه‌ی تر داناوه، وەکوو بەنداوی گۆمەسپان و دووین و به‌ستۆڕە، هەروەها ڕەشاوە لە دهوک لەژێر دروستکردن دایه، هەموویان لە پلانی ستراتیژیی ئەم کابینەیه دابوونه، یەکێکی تر لە پرۆژه ستراتیژییەکان له‌سه‌ر ئاستی عیراق كه لە میژووی هەولێردا بە درێژایی شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا نەکراوه، ئەویش پڕۆژه‌ی ئاوی هەولێره كه لەڕووی ئاستی بەهێزی و کوالێتییه‌وه بە بری 20 هەزار مەتر سێجا، لە سەعاتێکدا ئاو به‌رهه‌م ده‌هێنێت، هەروەها دەرباره‌ی بوونی بابەتی ناردنی بەرهەمی خۆماڵی وەکوو هەنار و هەنگوین و … لە پلانی ئەم کابینەیدا بووه. هەروەها لەباره‌ی بڕیارەکەی دادگه‌ی فیدڕاڵییه‌وه گوتی: خۆی دادگای فیدڕاڵی هیچ بڕیارێكی لەسەر ئەنجوومەنی پاریزگاکان نەداوه، بەڵام ئەو یاسایه‌ی لە پەرلەمانی کوردستان کە ساڵی (٢٠١٨)دەرچووه، یاسای ئەنجومەنەکانی هەموار کرده‌وە، دادگه‌ی فیدڕاڵی بە نائاسایی لەقەڵەمیدا، بۆیە ئێمە کەوتینه بۆشیایی یاسایییه‌وه، لەم بڕیارەش ماینەوە، بۆیە ئێمە تەنیا کاری ئیداریی خۆمان دەکەین و کاری چاودێری و بەدواداچوون ناکەین.
عه‌لی ڕه‌شید، گوتیشی: گرنگە ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، هه‌ڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکەنیش بە خێرایی ئەنجام بدرێت، ئێمە بە یاسای ژمارەی (٣)ی ساڵی (٢٠٠٩) کاره‌كانمان ڕاپەڕاندووه و چاودێریی فەرمانگەکانمان کردووه، هەندێک جار کە کێشە هەبووه لەنێوان فەرمانگه‌یه‌ك و هاووڵاتییان، ئەنجومەن بڕیاری له‌سه‌ر داوە، هاوكات كۆمه‌ڵێك ڕێنماییمان بۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ده‌ركردووه و له‌گه‌ڵ دامەزراندنی ئەنجومەنی شارەوانییەکان. هەروەها دانانی قائیمقام و بەڕێوه‌به‌ری گشتی له قەزا و ناحیەکان، بۆیه گرنگی ئەنجوومەن لەوه‌دایە كه بەشێک لە کێشەکان چارسەر دەکات.