سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، کۆبوونەوەی نێوان دەزگا جێبەجێکارییەکانی پارێزگاکان و ناوەندە چاودێرییەکان بەڕێوە چوو.
کۆبوونەوەکە هەموو بەڕێوەبەرەی گشتییەكانی یاسایی، چاودێری، دادوەری، دەستەی دەستپاکی، هەڵسەنگاندنەکان و نوێنەری پارێزگاکانی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان تێیدا بەشدار بوون.
ڕێکخراوی (دیدار) کۆبوونەوەکەی ڕێک خستووە، محەمەد سەباح، سەرۆکی ڕێکخراوەکە گوتی: لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی پێکهێنانی کابینەی نوێی وەزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم کۆنفرانسە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی دامودەزگاکانی چاودێری لە چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەرێمی کوردستان ڕێک خراوە، ئامانج لێی دیاریکردنی هێڵەکانی کاری دامەزراوەکانە، بۆ خستنەڕووی هەنگاوەکانی دامودەزگاکانی چاودێری و بەهێزکردنی ڕۆڵی چاودێری بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و باشترکردنی لە داهاتوودا.
لەلای خۆشیەوە د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی كوردستان لەبارەی پرۆسەی چاودێرییەوە لە کوردستان گوتی: سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان هاوشێوەیە لەگەڵ هەموو سیستمە جیهانییەکان، بۆیە هەمیشە لە هەموو ڕاپۆرتە نێوەدەوڵەتییەکاندا ئاماژە بەپێگەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
گوتیشی: هەرێمی کوردستان هەموو پێوەرەکانی چاودێری تێدایە، بۆیەش دەسەلاتی دادوەری و میدیایش ئازایانە بەدواداچوون بۆ بنەماکانی ڕوون و ئاشکرایی دەکەن.
باسی لەوەش کرد کە لە کوردستان یاسای پێویست و کارپێکەر هەن بۆ ئەوەی چاودێری وەک پرۆسەیەک بەردەوام بێت، هەر لە ئاستی دامەزراوەکان تا ئاستی وەزارەتەکان و پاشانیش بۆ دەستەکانی چاودێری دارایی و دەستپاکی و ئەوانیش لە ژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستانن کە ئەوەش پرۆسەیەکی بەردەوامە، بۆیە لەماوەی پێشوو، بە تایبەت لە کابینەی نۆیەمدا زۆرترین ڕاپۆرتی چاودێری دەرچوون و زۆرترین جاریش وەزیرەکان چوونەتە بەردەم پەرلەمان و لیژنەکان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان. کەئەوەش جارێکی دیکە نیشانەی بەهێزتربوونی دەسەڵاتەکانی چاودێرین لە کوردستان.