خەبات: عامر فەرحان – هەڵەبجە: لەدرێژەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، كە هەوڵی ئەوە دەدات زۆرترین خزمەتگوزاری بگەیەنێتە ئەو شارە و لە هەموو ڕووێكەوە دەستی ئاوەدانی و پرۆژەی بیناسازی پێ بگات، دروستکردنی سایلۆی گەنمی هەڵەبجەیە، کە بەتەواو بوونی ئەو سایلۆیە ژمارەیەکی زۆر لە جووتیارانی سنوورەکە سوودمەند دەبن، سایلۆکەش بەشێوازێکی زۆر مۆدێرن و پێشکەوتوو دروست دەکرێت.

ئەندازیار کاوە حیکمەت قادر سەرپەرشتیاری پڕۆژەی دروستکردنی سایلۆی گەنمی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەی خەباتی ڕاگەیاند: کارکردن بۆ تەواوکردنی سایلۆی گەنمی هەڵەبجە بەردەوامە و تا ئێستا لە٪65ـی کارەکانی تەواوبوون، سایلۆکە توانای عەمبارکردنی 40 هەزار تەن گەنمی هەیە لەگەڵ 10 کۆگا بۆ هەڵگرتنی مادەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان.

ئەندازیار کاوە حیکمەت قادر دەشڵێت: بودجەی پڕۆژەکە 27 ملیار دینارە، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابینکراوە، ماوەی کارکردن بۆ تەواوکردنی 700 ڕۆژە، پێشبینی دەکەم ئەگەر هیچ پێشهاتێکی چاوەڕوان نەکراو نەیەتە پێشەوە پڕۆژەکە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو دەکرێت.

ئەندازیار کاوە حیکمەت سەرپەرشتیاری پڕۆژەی دروستکردنی سایلۆی گەنمی هەڵەبجە

ئەندازیار کاوە حیکمەت قادر سەرپەرشتیاری دروستکردنی سایلۆی گەنمی هەڵەبجە ئەوەشی بە خەبات گوت: کارەکانی دروستکردنی سایلۆکە لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی بەناوی کۆمپانیای ئەدمینەوە بەڕێوەدەچێت، کەپێشتر سێ سایلۆی پێشکەوتووی لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە، ئەو مادەو کەرەستانەشی لە دروستکردنی سایلۆکەدا بەکار دەهێنرێن، کوالێتیان زۆر باش و پێشکەوتوون.

ئاماژەی بەوەشکرد: بەتەواوبوونی سایلۆکە دەتوانرێت گەنم بۆ ماوەی زیاتر چوار ساڵ بەشێوەیەکی زانستی کۆگا بکرێت، بەمەش بەرهەمی جوتیاران لە خراپبوون و تێکچوون دەپارێزرێت، شایەنی باسە ساڵی ڕابردوو ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کردو بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شارەکە دانا، سایلۆی هەڵەبجەش یەکێکە لەو پڕۆژانە، کە هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجەی دڵخۆش کردووە.