یەكێك لە نووسینگەكانی فرۆشتنی خانوو و زەوی - هەولێر
خەبات: بڕیار كۆیی:- لەگەڵ دەستپێكی ساڵی تازە بازاڕی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی بازاڕی خانووبەرە گەرم دەبێت و نرخی خانووبەرە بە گشتی و زەوی بەتایبەتی بەرز دەبێتەوە و بەپێی گوتەی خاوەنی نووسینگەكانی خانووبەرەش نرخ زیاتر بەرز دەبێتەوە و چەند هۆكارێكیش ئاشكرا دەكەن.
عوسمان خۆشناو، خاوەنی نووسینگەیەكی خانووبەرە لە شاری بە (خەبات)ی ڕاگەیاند: لە كۆتا مانگی ساڵی ڕابردوو نرخی خانووبەرە كەمێك گۆڕانی بەسەردا هات بەڵام لە پشووی سەری ساڵ نرخ جێگیر بوو و چەند ڕۆژێكیشە لەگەڵ دەستپێكی ساڵی تازە بازاڕی خانووبەرە گەرمە و نرخەكانیش بەرز بوونەتەوە، بەڵام لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دیكە و گەڕەكێك بۆ گەڕەكێك نرخەكان جیاوازن بە گشتی نرخ لە دەرەوەی شەقامی 120 مەتریی هەولێر بەرز بووەتەوە بەڵام زەوی زیاتر لە خانوو.
بەدواداچوونی زیاترمان بۆ هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە كرد لە شاری هەولێر بەپێی گوتەی محەممەد عیسا، كە كاسبكارێكی بازاڕی خانووبەرەیە لە حەسارۆكی هەولێر، چەند مانگێكە نرخی گەڕەكی 8ی حەسارۆك بە هۆی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە بەرزبوونەوە بەردەوامە بەڵام لەم چەند هەفتەی كۆتایی نرخ لەو گەڕەكە زیاتر بەرز بووەتەوە ئەگەر پڕۆژەی دیكە لە گەڕەكەكە جێبەجێ بكرێت بێگومان نرخ زیاتر بەرز دەبێتەوە ئەم چەند ڕۆژە خواست لەسەر زەوییەكانی گەڕەكەكە زیاتر بووە و ئەوانەشی كە زەوییان هەیە نایفرۆشن واتا بە شێوەیەكی گشتی كڕیار زۆرە و فرۆشیار كەمە.
سەبارەت بە گۆڕانكاری لە نرخی خانوو، نورەدین ئەحمەد، خاوەن نووسینگەیەكە لە گەڕەكی گوڵانی شاری هەولێر ئاماژەی بە ئەوە دا كە نرخی خانوو لەنێو شاری هەولێر بەتایبەت لە ژوورەوەی شەقامی 120 مەتری وەك خۆیەتی و گۆڕانێكی وای بەسەردا نەهاتووە بەڵام نرخی كرێ كەمێك كەمتر بووەتەوە لە پێشووتر بەهۆی گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان هاوكات بە گشتی لە وەرزی زستاندا خواست لەسەر خانووی كرێ كەم دەكات چونكە لە بەهار و هاوینان هاووڵاتیانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق چەند مانگێك بۆ گەشت دێنە هەرێمی كوردستان و خانوو بە كرێ دەگرن بە شێوەی كاتی، سەبارەت بە نرخی زەوی لە گەڕەكەكانی نێو شاری هەولێر ئاماژەی بە ئەوە دا هاوشێوەی نرخی خانوو نرخی زەوی لە گەڕەكەكانی نزیك لە سەنتەری شار وەك خۆیەتی بەڵام لە گەڕەكە تازەكان نرخ گۆڕانی بەرچاوی بەسەردا هاتووە.
بەپێی بەدواداچوونی (خەبات) ئەو گەڕەك و ناوچانەی ئێستا خواستی زۆریان بۆ كڕینی زەوی لەسەرە بریتین لە گەڕەكەكانی باغولمنارە، 8ی حەسارۆك، سێبەردان، گردجووتیار، هیوا عەزیز، كە كاری كڕین و فرۆشتنی زەوی دەكات لە گەڕەكی باغولمنارە ڕوونی كردەوە كە نرخ لە گەڕەكی ناوبراو گۆڕانكاریی بەرچاوی بەسەردا هاتووە بەشێوەیەك كە بۆ هەر 100 مەترێك هەزار تاوەكو دوو هەزار دۆلار گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئاماژەی بە ئەوەش دا بە گشتی ئەو گەڕەكانەی كە ئاوەدان نەكراونەتەوە و خزمەتگوزاریی زۆریان بۆ نەچووە نرخەكانیان ناجێگیرن و لەگەڵ هەر پڕۆژەیەك نرخ گۆڕانی بەسەردادێت بەگشتی ئەو گەڕەكانە بواری گۆڕانی نرخیان هەیە بەڵام لە گەڕەكەكانی نزیك لە سەنتەری شار نرخ جێگیرە چونكە ئاوەدان بوونەتەوە و سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان بۆ كراوە و نرخ گەیشتووەتە لوتكە.
ئەو كاسبكارە دەشڵێ لە هەر گەڕەكێك نرخ گەیشتە لوتكە ئیدی گۆڕانی بەرچاو و كاریگەر بەسەر نرخی خانووبەرەدا نایێ بەڵام بە گشتی نرخ لەو گەڕەك و ناوچە تازانە بەردەوام گۆڕانی بەسەردا دێت كە بە تەواوی ئاوەدان نەبوونەتەوە.