خەبات: ساسان دەروێش:- مانگێک زیاتر دەبێت دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەسووریا کۆتایی پێهاتووه‌ و دارودەستەکەیان نەیانتوانی بەرگری لە خۆیان بکەن و لەماوەیەکی زۆر کورتی هێرشکردنە سەریان دیمەشقی پایته‌خت کەوتەدەست هێزە یاخیبووەکان و خەڵک ڕژانە نێو شەقامەکان و پەیکەر و وێنەی ڕه‌مزه‌كانی بنەماڵەکەیان سووتاند، لە شه‌قامه‌كانیشدا خه‌ڵك دڵخۆشییان بە ڕووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌ده‌وه‌ دەربڕی. لە ئێستاشدا لە دوای هێوربوونەوە و سەقامگیری گەڕانەوەی كه‌مێك ئارامی بۆ خەڵک، دەستەیەکی نوێ حوكمی سووریا بە شێوەیەکی کاتی بەڕێوە دەبەن. لەم هاوکێشەیەشدا کورد جەخت دەکاتەوە لە گفتوگۆکردن و باسکردنی پرسی کورد لە سووریا، بۆ ئه‌مه‌ش تەواوی حزب و هێز و لایەنە جیاوازەکانی کورد لە سووریا هەوڵی دەستخستنی مافی کورد دەدەن و دەیانەوێت لە دووبارە بنیاتنانەوەی شام، کورد پشکی هەبێت لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی حکوومەتێکی فیدڕاڵی و پێکەوەیی لەگەڵ پێکهاتەکانی سووریا. لەدیمانەیەکدا پەیوەست بەم بابەتە و پرسی کوردی ڕۆژئاوا لە سووریا نافع بیرو، بەرپرسی ڕێکخستنی ئەورووپا و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا بۆ خەبات دوا.

سه‌ره‌تا له‌باره‌ی هەوڵەکانی کورد بۆ یەکدەنگی و ئامادەکاری بۆ گفتوگۆکان لە دیمەشق نافع بیرو ڕایگه‌یاند “پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا، بڕوای بە پێویستیی ڕێککەوتن لەسەر دیدگایەکی سیاسی هاوبەش لەنێوان هێزە سیاسییە کوردییەکاندا هەیە و وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ ئەوەی لەم قۆناغە مێژووییەدا پێکەوە کاربکەین و به‌ یەک شاند گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بكه‌ین سەبارەت بە مافەکانی کورد لە دەستووری نوێدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە گەلی کورد لە سووریا نەتەوەی دووەمە و بەرکەوتەی مێژووییە، نادادپەروەرییەکی گەورەیە و دەبێت بە پێی پەیمان و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دۆخه‌كه‌ چاک بکرێتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە هەنگاوی جددی لە لایەن پارتەکەمانەوە هەیە، ئێمەش لە پەیوەندیداین لەگەڵ باقی لایەنەکانی کوردستانی سووریا بۆ گەیشتن بە لێکنزیکبوونەوە و بەجێگەیاندنی ئەرکەکان لە ماوەیه‌كی کورتی داهاتوودا”.

ئه‌و ئەندامه‌ی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ “لە ماوەی 13ساڵی ڕابردوودا هەڤاڵان و لایەنگران و پشتیوانانی حزبەکەمان تووشی هەراسانکردن و تۆقاندن وگرتن و دەربەدەری و تەنانەت کوشتن بوون سەرەڕای هەموو ئەمانە، دیدگامان ڕوون بوو، کە ئەوەبوو بەرگەی هەموو ئەمانە بگرین تا قۆناغێک تێیدا سەریهەڵدا کە دەمانتوانی مافە نەتەوەییەکانمان لە دەستووری نوێدا جێگیر بکەین. چونکە دۆزی ئێمە و مافی گەلەکەمان لە سەرووی هەموو ڕەچاو کردنێکەوەیە”.

ناوبراو گوتیشی: ئەو هەلومەرجەی کە سووریا وەک وڵاتێک لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵەی شۆڕشدا پێیدا تێپەڕی و ئەو هەلومەرجە سەختەی کە لە وڵاتەکەدا زاڵ بوو، بووە هۆی لەدەستدانی متمانەی تەواو لە نێوان هەموو پێکهاتەکاندا و مەحاڵبوونی سەرکەوتنی سیستەمێکی ناوەندی کە ئیدارەی سووریا دەکات وەک پێشتر، بۆیە دەبینین باشترین سیستمی حوکمڕانی بۆ سووریا، لەبەر ڕۆشنایی بوونی ئەو فرەچەشنییە، سیستمی فرەیی فیدراڵییە، نەک لەبەرئەوەی ئەمە داواکاری ئێمەیە وەک کورد، بەڵکو لەبەرئەوەی باقی پێکهاتەکانی گەلی سووریا بەم ئاراستەیەدا ده‌ڕۆن.

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ڕێنمایی و هه‌وڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ یەکگوتاری و یەکدەنگی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، به‌ڕێز نافع بیرو ڕایگه‌یاند “سەرۆک بارزانی، بە هۆی ئەزموونی درێژخایەنی خەباتگێڕییەوە، بە سیمبولێک بۆ کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و جیهان دادەنرێت، ڕێکار و سیاسەتەکانی سەرۆک بارزانی هەمیشە بنەمای کارکردنمان بووە و ڕێگای ئێمە بووە بۆ گەیشتن بە هەر کۆدەنگییەکی کورد – کورد. هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی هەر لە سەرەتای شۆڕشی سووریاوە دیارە، جا هەڵوێستی سیاسیی ئەو لەسەر ڕژێمە لەناوچووەکەی دیمەشق بێت یان ڕەتکردنەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕژێمێک کە خەریکی کوشتنی گەلەکەی بوو. هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە گشتی. جەنابی سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو لە پاڵپشتیکردنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و زۆر کاری کرد بۆ یەکخستنی پێگەی کورد و سپۆنسەری چەندین ڕێککەوتنی لەو بارەوە کرد، جگە لەوەی پەیوەندییە سیاسییە بەرفراوانەکانی بۆ پشتیوانیکردن لە دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کەڵک وەرگرتن بوو، ئەمڕۆش ئێمە و هێشتا تەواوی بزووتنەوەی سیاسی حساب بۆ ڕۆڵی جەنابی سەرۆک بارزانی دەکات و بڕیار و ڕێنماییەکانی جێبەجێ دەکەین.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ش كه‌ چ كاتێك بارەگای فەرمی ئەنەکەسە لە دیمەشق دەکرێتەوە؟ نافع بیرو ڕایگه‌یاند “دیمەشق پایتەختی سیاسیی سووریایە و هەموو کونسوڵخانە و باڵیۆزخانە نێودەوڵەتییەکانی تێدایە، لەم کاتەدا جێگەی سەرنجی جیهانە، بۆیە لە ئایندەیەکی نزیکدا بارەگایەک بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد له‌ دیمه‌شق دەکەینەوە”.

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا لەگەڵ شاندی ئەمەریکاوه‌ بیرو گوتی “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەروەها وڵاتانی ئەورووپایش گرنگی بە کورد و پرسی کورد لە سووریا دەدەن و کۆبوونەوەی بەردەوام لە نێوانماندا هەیە، لە هەموو دیدارەکانماندا لەگەڵیان، پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ کورد لە سووریا پشتڕاست دەکەنەوە. هەمیشە لێیان دەبیستین کە ئەوان ئامادەکاری تەواویان هەیە بۆ یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی کێشەکەمان لە چوارچێوەی سووریادا.