خەبات: پەریهان عومەر:- خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ شاناز زاهیر، لەدواین بەشداریکردنی لە فیستیڤاڵی زاخۆ، ئاماژەی بەدواین کاری هونەری خۆی و بەشداریکردن لەم فیستیڤاڵە کرد و گوتی: دڵخۆشم لە زاخۆیی دەلال لەم فیستیڤاڵە بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە بەشداربووم، وێرای دەستخۆشیم بۆ ئیدارەی سەربەخۆیی زاخۆ، هیوادارم ساڵانە وا بەگرنگییەوە بڕواننە ئەم چالاکیانە، چونکە هەم بۆ جەماوەر خۆشە چێژ وەرەگرێت، هەمیشە بۆ ئێمەی هونەرمەند لەنزیکەوە بەر جەماوەر دەکەوین. زۆریش بەو پێشکەوتنە خێرایەی زاخۆی دەلال دڵخۆشم کە دەبینم بەو ئاستە جوان و دڵگیرە پێشکەوتووە.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا شاناز زاهیر ئاماژەی بە دواین کارەو پڕۆژەی هونەری خۆی کرد کە بەنیازە بەئەنجامی بگەیەنێت، بۆ ئەوەش گوتی: دنیایەک بەرهەمی جوانم ئامادەیە، هەم بە شێوەزاری سۆرانی هەم بەشێوەزاری بادینی. بەهۆی ئەوەی ئێمەی کورد خاوەن هونەرێکی دەوڵەمەندی فۆلکلۆرین، بەرهەمەکان بەرهەمی فۆلکلۆریشی تێدایە، جگە لەوە چاوەڕوان بن گۆرانی نوێی زۆر جوان و تایبەتیشی تێدایە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شاناز ئاماژەی بە پەیوەندی نێوان خۆی و هونەرمەندانی زاخۆ کرد و گوتی: پەیوەندی زۆرباشم لەگەڵ هونەرمەندانی زاخۆدا هەیە، زاخۆ خاوەن هونەرمەندی زۆرباشن، بەشێوەیەکی گشتی گوێگرێکی باشی هونەرمەندانی دەڤەری بادینانم، بەم دواییەش لەگەڵ هونەرمەند عەبدولڤەهار زاخۆیی پلان و بەرنامەی دوێتێکمان بەیەکەوە دانابوو، خوازیارم لە داهاتووێکی نزیک بتوانین کارەکان بەئەنجام بگەیەنین و بەرهەمێک بێت بەدڵی گوێگرانی هەردوولا بێت.

شاناز زاهیر، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات بەهۆی ئەوەی لەئێستادا کاری پێشکەشکاری بۆ پرۆگرامی ( شاناز ) دەکات کە بەرنامەیەکی هونەرییە، بەوهۆیەوە کەمتر دەردەکەوێت و دەڵێت: لەبەرئەوەی ئێستا کاری پێشکەشکاری دەکەم کەمتر لەجاران بەشداری لە بەرنامەکان دەکەم. بمانەوێت یان نەمانەوێت کاری پێشکەشکاری و کاری هونەری زەحمەتی خۆی هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی بەخۆشەویستییەوە کارەکە دەکەم هەوڵمداوە هیچ ئاستەنگییەکم بۆ دروست نەبێت، بەهۆی ئەوە ماندوو دەبم، کات و بیرکردنەوەی زۆر دەوێت، لە ئەنجامی کارەکەش زۆر ڕازیم چونکە بینەر لێی ڕازییە. ئەوەش زۆر دڵخۆشم دەکات.