سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی گەیشتە تاران و بڕیارە لەگەڵ هەر یەک لە  عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای  ئێڕان، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆمار، و بەرپرسە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە کۆ ببێتەوە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، بەغدای پایتەختی بەرەو تاران بەجێهێشت.

 بەگوێرەی بەرپرسانی حکومەتی عێراق، دۆسیەی سووریا و خۆبەدوورگرتن لە دەستوەردان لە کارووباری ناوخۆیی ئەو وڵاتەدا، دوورخستنەوەی هەموو مەترسییەکی ئەمنیی کە ڕەنگە بەپاساوی گرووپە چەکدارەکان ڕووبەڕووی عێراق ببێتەوە ئەویش بە هەڵوەشاندنەوە یان ڕێکخستنەوەیان بەجۆرێک گەرەنتی ڕاگرتنی چالاکییەکانیان بکات لەگەڵ دۆسیەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە لەبەردەستی گرووپە چەکدارەکانە، بۆ ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لەناوخۆ یان هاوردەکردنیان لە ئێرانەوە، سێ دۆسیەی دیکەی سەردانەکە دەبن.