ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 31ی 12ی 2024، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، په‌یامێكی به‌ بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی تازه‌ی زایینی بڵاو كرده‌وه‌ و به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانیدا هاتووه‌: “بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك دەخوازم.”

ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانییه‌:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك دەخوازم.

جێگەی خۆشحاڵییەكی زۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئۆكتۆبەری ڕابردوو بە سەركەوتوویی ئەنجام درا و لەم هەڵبژاردنەدا گەلی كوردستان پەیام و ویستی خۆی بەڕوونی گەیاند. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دەبێ وەڵامی دەنگ و داواكاریی خەڵكی كوردستان بدرێتەوە، ئەویش لە ڕێگەی پێكهێنانی هەرچی زووتری كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم پلان و بەرنامەكانی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات.

جەختیش لەوە دەكەینەوە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێككەوتنەكان و لە ڕێگەی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێن و چیتر كۆسپ و تەگەرە بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان دروست نەكرێن.

لە كاتێكدا بەرەو دەستپێكی ساڵی تازە دەڕۆین كە ناوچەكەمان بە بارودۆخی هەستیاردا تێدەپەڕێت. ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی سووریا لەگەڵ ئەوەی كاریگەریی لەسەر بارودۆخی ناوچەكەمان و هاوكێشەكان دادەنێت لە هەمانكاتیشدا دەرفەتێكی تازەیە بۆ گەلانی سووریا كە لە ڕێگەی دیالۆگ و لەیەكتێگەیشتندا بنەمایەكی پتەو بۆ پێكەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیریی بنیات بنێن. ناوچەكەمان چیتر بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەك پشت بە زمانی دیالۆگ و لەیەكترتێگەیشتن ببەستن و لە نكۆلیكاری و دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی دوور بكەونەوە، دەبێ هەموو لایەك بزانن خۆسەپاندن ئەنجامی نابێت.

هیوادارین لەساڵی تازەدا ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت، لە خودای گەورە داواكارم گەلەكەمان لە هەموو جۆرە نەخۆشی و نەهامەتی و كارەسات بەدوور بێت.

مسعود بارزانی
31ی كانوونی یەكەمی 2024