وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەڕێی پێكهێنانی لیژنەی بۆ بەدواداچوون لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان، ڕێكاری توند بەرامبەر ئەو بەنزینخانانە دەگرێتەبەر، كە سەرپێچی لە بڕ و كوالێتی و دابەشكردنی بەنزینی جۆری نۆڕماڵی (750) دیناریی حكوومی دەكەن.

ئەمرۆ پێنجشەممە 26ی 12ی 2024، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، “لەسەر فەرمانی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان، لیژنەیەکی باڵای وەزارەت بۆ دواداچوون و چاودێریکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پێک هات.”

ئاماژەی بەوەش كردووە، كە “لیژنەی پارێزگای هەولێر هەر ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزایی و ئەندامیەتی هەر یەک لە عەمید – خەسرەو غازی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆیی لە پارێزگای هەولێر و مقەدەم – تاهیر ساڵح، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی پاڵاوتگەکان و پیشەسازییە نەوتییەکان لە دیوانی وەزارەتی سامانە سورشتییەكان دەستی بە کارەکانی کرد.”

وەزارتی سامانە سروشتییەكان باسی لەوەش كردووە، كە لە ڕۆژانی داهاتووشدا لیژنەكانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی دیكەیش دەست بە كارەكانی دەكات.

ڕوونیشی كردووەتەوە، كە “لیژنەی پارێزگای هەولێر بە دواداچوونی مەیدانی بۆ پڕۆسەی دابەشکردنی بەنزین لە بەنزینخانەکان کرد، کە لە پڕۆسەی وەرگرتن و پشکنین و دابەشکردن پێکهاتووە و لە کۆتایی پڕۆسەکەشدا ڕێوشوێنی توند بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.”