گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسی حوكمڕانی باش لە هەرێمی كوردستان

220

د. سامان سۆرانی
کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەماوەی سێ دەیەی ڕابووردوو لە زۆر بواردا پەرەسەندن و گۆڕانکاری بنچینەیی بەخۆیەوە بینوە، بە شێوەیەك لەسەر هەموو ئاستێکدا چۆتە ناو قۆناغێکی مێژوویی نوێدا، پرسیار ئەوەیە، ئەگەر بارودۆخی ناوخۆیمان یەکگرتووی نەبێت، ئایا دەتوانین لەم پەرەسەندن و گۆڕانکاریانە تێبگەین یان سوودیان لێوەربگرین؟ وەرچەرخانەکانی ئەم دواییە لە ناوچەکە پێویستی بە ئیرادەیەکی مرۆڤیی و کولتوورێکی بەردەوام هەیە، کە پێگەی تاكی مرۆڤ و مافەکانی و کەرامەت و دەستکەوتەکانی بپارێزێت.

پێویستە لە هەرێمی کوردستان بژاردەکانی دیالۆگ، پلۆرالیزم، لێبوردەیی و سیستەمی سیاسی هاوچەرخ زیاتر ڕەگ دابکوتێ و بەها مرۆییەکان قووڵتر بێت، چونکە بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای بەشداریپێکردی کارای هاووڵاتی و چەسپاندنی دیموکراسی لە ژیانی گشتی ستوونی گرینگی بەرگری و خۆپاراستنە، ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لەبەردەم ئاسۆیەکی کراوەیە. ڕاستە توانا مرۆییەکان لە ڕووی مەعریفییەوە کەم وکورتی هەیە. پەیوەندییە مەدەنییەکان و کۆمەڵەکانی سوودی گشتی تا ڕادەیەك لاوازیان پێوە دیارە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کەوا هەنگاوە ئەرێنییەکانی کابینەی نۆیەم بەرەو حوکمڕانی باش “Good Governance” نادیدە بگیرێت.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ برەودان و پشتیوانیکردن و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و فراوانکردنی تواناکان و هاندان بۆ هەڵبژاردن و ئازادییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان پێشەنگێتی خۆی سەلماندووە، لە کابینەی دەیەمدا مەبەستە داهێنانێکی سیاسی و دامەزراوەیی نوێ بخرێتە گەڕ، کە بە ڕەچاوکردنی گۆڕانیەکانی ناوچەکە، شێوازی دەسەڵات مۆدێرن تر و پێسکەوتووتر بکات.

ڕووبەڕوونەوەی ئالنگارییەکانی ئەم وەرچەرخانانەی ئەم دواییە لە ناوچەکە سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت، ئەگەر ئێمە لە تواناماندا نەبێت، بیر و بۆچوونی نوێمان درووست بکەین و بواری نوێ بڕەخسێنین، یان ئەگەر لەبەردەم ڕووبەڕووبوونەوەکان هەڵبێین و لە ئەرکی داهێنان و ڕۆڵ گێڕان دووربکەوینەوە، چونکە ناسنامە ئەوەیە، کە ئێمە بەدەستی دەهێنین و بەباشی ئەنجامی دەدەین.

واتە ئەوەی لەگەڵ خۆمان و جیهاندا دەیکەین ناسنامەیە، نەک ئەوەی تەنها لە بیرەوەریماندایە و دەیپارێزین، یان بەرگری لێدەکەین، ئەگەر تەنها کار لەسەر بیرەوەری بکەین، ئەوا ڕابردوو دەبێتە کۆسپێک و سەرقاڵمان دەکات لە تێگەیشتن لە واقیع و دروستکردنی زانست و کۆکردنەوەی زانیاری و هەڵکردن لەگەڵ جیهانی پڕ لە شۆڕشی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتن.

دیارە دیموکراسیەت و حوکمڕانی باش لە دەرگای پشتەوە ڕوومان تێ ناکات، بەڵکو دەبێت بڕیارێکی سیاسی هۆشیارانەی بۆ بدرێت، چونکە چەسپاندنی دێموکراسییەت و حوکمڕانی باش، وەکو جەنابی سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی، بەردەوام جەختی لەسەر دەکاتەوە، تەنیا لە ڕێگەی چاکسازیی هۆشیارانە و بوێرانە بەدی دێت.

دیارە چاکسازی لە ئەخلاقی کار، تەنها بە زیادکردنی مووچە ناکرێت، تەنانەت بە جێبەجێکردنی سیستەمێکی توند بۆ سزادان و لێپرسینەوەش ناکرێت، ئەگەر چی ئەو دوو ئامرازە لە هەر کەرتێکی کاری پێویست و عەقڵانییە. ئێمە پێمان وایە، گرینگترین شت ئەوەیە، ڕێز لە نایابی تاکەکەسی بگیرێت، ڕێگە بە لەباری و داهێنان بدرێت، و پاداشت و سوپاسگوزاری نایابەکان بکرێت، بەوەی ڕێگەیان پێ بدرێت ویستە داهێنەرانەکانیان وەکوو خەون نەمێنن، بەڵکو جێ بەجێ بکرێن.
کارکردن بۆ پێدانی مافی ئەخلاقی و سروشتی هاووڵاتی بۆ دەربڕینی تواناکانی بنەمایەکی سەرکەوتوو و دروستە بۆ سیستەمێک، کە بە عەقڵییەتێکی ڕووکەشانە کار نەکات، چونکە عەقڵیەتی ڕووکەش و خۆ بەزل زان دەڵێ: “دەوڵەت لە تاکەکان گرینگترە و نەتەوە لە هاووڵاتییەکانی” هەر کۆمەڵگەیەك تیایدا ئەگەری ڕەخنەگرتن و لێپرسینەوە لە کەمبوونەوە بێت، ناتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەڵبکات و زۆرترین سوود لە دەستکەوتەکانی سەردەم و تەکنەلۆژیای نوێ وەربگرێت.

لە کۆتاییدا دەڵێین: حوکمڕانی باش بەبێ هەبوونی زانیاری یان کاریگەری زانستی ڕوو نادات و قەوارەی هەرێمی کوردستان و کاروباری گشتی لە هەرێم تایبەت نییە بە نوخبەیەکی سیاسی دیاریکراو، بەڵکو فەزایەکە و هەموو ئەکتەرێکی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی كوردستان، ئەوەی باوەڕی بە بەها و ڕێبازی پیرۆزی کوردستانیبوون هەبێت، دەتوانێ پشكداربێت لە دامەزراندنی و فروانکردنی و بەرگری کردن لە مانەوەی.

هاووڵاتی كوردستانی دەتوانێ پشکداربێت لە دیبەیتە گشتییەکان و تیشک بخاتە سەر بابەتە هەنوکەییەکان و دەستپێشخەری بکات بۆ پێشنیارکردن لە چارەسەری کێشە و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، ناسنامەی بەهێز و کاریگەر ئەوە نییە، کە مرۆڤ هەیەتی یان پێی دەبەخشرێت، هەروەها ناسنامەی بەهێز قەوارەیەکی میتافیزیکی نییە، بەڵکو بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوون و کارکردنە لەسەر بەخشەری بوون، بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، بۆ ئەوەی بگۆڕدرێ بۆ کار و دەستکەوت، ئێمە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتین، تا کەسایەتییەکی لێهاتووی وەکو مەسرور بارزانی بتوانێ وەکوو سەرۆكی کابینەی حکومەت بەردەوام بێت لەسەر بەرنامەکانی بۆ چەسپاندنی حوکمڕانی باش و پێشکەوتن و سەقامگیری و سەروەری گەلی کوردستان.