پۆلیسی هەولێر دوو برای دەستگیر كرد، كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تیكتۆك) سوكایەتیان بە خەڵك كردووە.

  یەكشەممە 22ی 12ی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دوو تۆمەتباری بە ناوەکانی (ز. ئ. ح) و (ھ. ئ. ح) دەستگیر کرد.

لە ڕاگەیاندراوی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، ئەو دوو تۆمەتبارە “لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تیکتۆک) سوکایەتی و قسەی نەشیاو و جنێویان بە خەڵک دابوو، ناوی چەندین هاووڵاتیان زڕاندبوو.”

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كە “تۆمەتبارانی ناوهاتوو، هەردووکیان بران و خەڵکی دەرەوەی شاری هەولێرن، دانیان بە تاوانەکەیاندا نا، بۆیە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە درانە دادگا و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.”

پۆلیسی هەولێر دەشڵێت: “هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە، هەر کەسێک تاوانی هاوشێوە ئەنجام بدات و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خراپ بەکار بهێنێت، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت و ڕادەستی دادگا دەکرێت.”