گۆڕانکارییەکی دیکە لە لیستی مووچەدا کرا و هەندێک فەرمانگە مووچەیان پێش خرا و ئاگادار دەکرێنەوە، ئەمڕۆ مووچەکانیان لە رێگەی ئامێرەكانی راكێشانی پارەوە وەربگرن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18/12/2024، بەپێی زانیارییەكان  كە لە تیمی پرۆژەی (هەژماری من)ەوە بە دەستی گەیشتووە، ئەمڕۆ مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوازی دیجیتاڵی لە ڕێگەی كارت و ئامێرەكانی راكێشانی پارەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

لە خشتەی دارایی هەندێک فەرمانگەی وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیس و وەزارەتی داد، دابەشكردنی مووچەیان ڕۆژی شەممە 21/12/2024 بوو، بەڵام ئەمڕۆ مووچەكانیان دابەش دەكرێت و لە ڕێگەی هەژماری بانکیی بەشداربوان و بە کورتەنامەیەک ئاگادار دەکرێنەوە.

هەندێک فەرمانگەی خوێندنی باڵاش لە بری دووشەممەی داهاتوو 23/12/2024، ئەمڕۆ مووچەیان دەدرێ، هەروەها مووچەی ئەوقافیش پێش خراوە.

بۆ مووچەی مانگی 10، زیاتر لە 191 هەزار مووچەخۆر و فەرمانبەر، مووچەکانیان لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە وەردەگرن.

ڕۆژی دووشەممە 16/12/2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە ڕاگەیاندراوێكدا، خشتەی مووچەی مانگی 10ی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە دا، ڕۆژی سێشەممە 17/12/2024 دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 دەكرێت، ڕۆژی دووشەممە 23/12/2024 كۆتایی دێت.