كۆبوونه‌وه‌ی  شاندی دانوستانکاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كۆتایی هات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17ی12ی2024، له‌ قه‌زای پیرمام كۆبوونه‌وه‌ی  شاندی دانوستانکاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

شاندەکەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێک هاتبوون لە دڵشاد شەهاب، هۆشیار زێباری، ئومێد سەباح و پشتیوان سادق، شاندەکەی یەکێتییش پێک هاتبوون لە هەر یەک لە قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت، ڕێواس فایەق، ئامانج ڕەحیم، لە مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام کۆبوونەوە، کە  ئەمە دووەمین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو مەکتەبی سیاسییە لە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ پکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ ڕاگه‌ێندراوێكی هاوبه‌ش بڵاوكرایه‌وه‌، ده‌قی ڕاگه‌ێندراو:

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17ی12ی2024، له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ قه‌زای پیرمام،هه‌ردوو شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه‌ هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ خرانه‌ به‌رباس، هه‌ردوولا كۆكبوون له‌سه‌ر ته‌بایی و هاو هه‌ڵوێستی له‌ پارێزگاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا.

لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پێویست بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە کرا، هه‌ردوولا هاوڕابوون كه‌ به‌زووترین كات كار له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه‌ حوكمڕانی كوردستانیان بۆ قۆناغی ئاینده‌ له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بچێت بكه‌ن، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ پارێزگاری له‌ پێگه‌ و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان و ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هاوڵاتییان و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی بكات.

له‌م ڕووه‌وه‌ بریاڕدرا لێژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش كار له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی ڕه‌شنووسی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ بكات بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئاینده‌.