وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێ شەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بڕی  زیاتر لە 631 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 11 ناردووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا 631 ملیار و 335 ملیۆن دیناری  وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەنی عێراق خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

دوای چوونی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە مەبەستی چارەکردنی پرسەکانی پەیوەست بە ناردن و دابەشکردنی مووچە، دوێنێ دووشەممە 16ی کانوونی یەکەمی 2024، تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتنە هەولێر.