نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكە دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ئەمنییان لە عێراق و سووریا تاوتوێ كرا.
ئەمڕۆ سێشەم 17ـی كانوونی یەكەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە جەنەراڵ كێڤن لێیهی فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە وەزیری كاروباری پێشمەرگە ئامادەی بوو، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ئەمنییان لە عێراق و سووریا تاوتوێ كرد، هەروەها لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی پاشماوەكانی داعشدا، دووپاتیان لە پتەوكردنی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا، كردەوە.
نێچیرڤان بارزانی، وێڕای داكۆكی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ عێراق، ستایشی هەماهەنگیی هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەكان كرد، هەروەها هاوكاریی بەردەوامی نێوان هەموو لایەنەكانی بە كلیلی بەهێزكردنی ئاسایش لە عێراق، لەقەڵەمدا.
لای خۆیەوە، ژەنەراڵ لێیهی، ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەی لە شەڕی دژەتیرۆردا كرد و پابەندیی هێزەكانی هاوپەیمانانی بۆ بەردەوامیی پشتگیری لە عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و نەهێشتنی مەترسی و هەڕەشەكانی داعش.
داكۆكی لە بەردەوامبوونی هەماهەنگی و ڕاوێژكردنی هاوبەش بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەكانی ئێستەی ناوچەكە و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.