خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- ساڵانێکە خولی تۆپی بالەی کچانی یانەکانی کوردستان لە لایەن یەکێتی ناوەندی تۆپی بالەی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەڵام ماوەی زیاتر بۆ پێنج ساڵ دەچێت، خولەکان بەرەو ئاست نزمی هەنگاو دەنێت و ساڵ لە دوای ساڵ ڕێژەی بەشداربووانانی یانەکان کەمتر دەبن، بۆ ئەم مەبەستە و تیشک خستنە سەر تۆپی بالەی کچانی کوردستان بەگشتی و بالەی هەڵەبجە بەتایبەتی، پەیمان زەینەدین جەمیل سەرۆکی یەکێتی تۆپی بالەی کوردستان- لقی هەڵەبجە بۆ خەبات گوتی: لە ڕاستیدا تۆپی بالەی کچان بەگشتی، بەرەو سستی و لاوازی دەچێت، بەتایبەتی کردنەوەی یەک پاڵەوانێتی بچووک بۆ یانەکان لەساڵێکدا، ئەمەیان دەبێتە هۆکارێکی خراپ، کە یانەکان بەم هۆیەوە بەرەو نەمان و هەڵوەشاندنەوەی بچن، بەتایبەتی ماوەی چەند ساڵێکە هیچ بڕە هاوکارییەک بۆ یانەکان تەرخان نەکراوە بۆ راییکردنی کار و چالاکییەکانیان، بەداخەوە لە کوردستان یاریزانی باش و لێهاتوومان هەیە، بەڵام شتێک نییە بە ناوی چەترێکی وەرزشی کە تیایدا ئەو یاریزانانە کۆبکاتەوە و پەرە بەئاست و توانایان بدات.
دواتر لە بارەی تۆپی بالەی شاری هەڵەبجە، خاتوو پەیمان وەک بەرپرسێکی وەزرشی تۆپی بالەی ئەو شارە گوتی: تا ئێستا وەک شاری هەڵەبجە، هیچ هاوکارییەکی دارایی شارەکەمان نەکراوە بۆ بوژاندنەوەی بواری وەرزشی ئافرەتان، ئەوەی دەکرێت هەمووی خۆبەخشییە، کەسمان هیچ مووچەیەکمان نییە، بەڵکو بۆ یەکێتی تۆپی بالە و بۆ لێژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی کوردستان، هەموو خۆبەخشانە کار دەکەین بەبێ بەرامبەر.
هەروەها گوتی: ماوەی ڕابردوو خوڵێکی تایبەت بەیاری تۆپی بالەمان بۆ مامۆستایانی شاری هەڵەبجە کردەوە کە یەک مانگی خایاند، بەڵام بەداخەوە کەس هاوکاری نەکردین بۆ خەرجی بەڕێوەبردنی خولەکە، هەوروەها توانیمان یاری کۆتایی خولی نایابی بالەی عێراق لە سەر ئاستی کچان لە شاری هەڵەبجە بەڕێوە ببەین، نیازی کاری باشمان هەیە، بەڵام کەس دەستی یارمەتیمان بۆ درێژناکات، تا بتوانین ئەو یارییە زیاتر بەرەو پێش ببەین.
لە بارەی کێشە وگرفتەکانی ڕەوشی تۆپی بالەی کچان لە هەڵەبجە، خاتوو پەیمان زەینەدین گوتی: کێشە و گرفتمان زۆرە، بەتایبەتی بۆ چەندین جار داوامان کردووە هۆلێکی شایستە لەم شارە دروست بکەن، ناکرێت هەموومان پشت بەهۆڵی زانکۆی هەڵەبجە ببەستین، ئەو هۆڵەش فشارێکی زۆری لەسەرە، بۆیە داواکارم بەپیی توانا هۆڵێکی گونجاو دروست بکەن، تا بتوانین چالاکییەکانمان بەرێکوپێکی ئەنجام بدەین.