خەبات: ئامێز جاف:- لەتەك ئەو دوو جەنگەی، كە لە ساڵی 2024دا بە بەردەوامی پێشەنگی هەواڵەكانیان گرتووە، جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نێوان ڕووسیا و ئۆكراینا لە ئەوروپا، زۆرێك لەو ململانێیانە لە زۆری شوێنی جیهاندا بەردەوامن، كە لەلایەن ڕاگەیاندنەكانەوە كەمتر ڕووماڵكراون، وەك ئەوەی لە ڕاپۆرتێكی ئاژانسی فرانس پرێسدا هاتووە. لە خوارەوە پێنج لەو ململانێیانەتان بۆ دەخەینە ڕوو.
سوودان
سوودان لە مانگی نیسانی ساڵی 2023ـەوە، تووشی جەنگێك لە نێوان هێزە نیمچە سەربازییەكان و سوپا بووە، ئەم ململانێیەش كە نەتەوە یەكگرتووەكان بە یەكێك لە خراپترین كارەساتەكانی مرۆیی لە مێژووی نوێی دادەنێت، بووەتە هۆی كوژرانی نێوان 20 بۆ 150 هەزار كەس، ئەمە جگە لە پەڕاگەندە بوونی نزیكەی 11 ملیۆن كەس. تارمایی برسێتی، یەكێكە لە لێكەوتە بەردەوامەكانی ئەم ململانێیە، بەو پێیەی 26 ملیۆن كەس، واتە نزیكەی نیوەی دانیشتووان، پێویستیان بە كۆمەكی خۆراكی بەردەوام هەیە. چەندین جار لایەنە ڕكابەرەكان بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار كراون، بەهۆی ئەوەی بە ئەنقەست خەڵكی سڤیلیان كردووەتە ئامانج. لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوودا، نەتەوە یەكگرتووەكان، هۆشداریی لە قەبارەی سەرسوڕهێنەری توندوتیژی سێكسی دا، كە لەسەرەتای جەنگەكەوە تەشەنەی كردووە، جەختیشی لەوە كردەوە، تاوانی دەستدرێژی سێكسی، بە دەستدرێژی بەكۆمەڵیشەوە، زۆر بڵاو بووتەوە.
كۆماری كۆنگۆی دیموكرات
لە كۆتایی ساڵی 2011ـەوە، ڕۆژهەڵاتی كۆماری كۆنگۆی دیموكرات، ڕووبەڕووی سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەی M23 (جوولانەوەی 23ـی ئادار) بووەتەوە، كە یاخیبوونێكە و لەلایەن ڕوانداوە پشتیوانی لێ دەكرێت و دوای ڕووبەڕووبوونەوەشی لەگەڵ هێزە چەكدارەكانی كۆنگۆ و میلیشیاكانی سەر بە كۆنگۆ، دەستی بەسەر ڕووبەرێكی فراوانی خاكی وڵاتەكەدا گرتووە. ئەم یاخیبوونەش بووەتە هۆی خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی لە باكووری كیڤۆ (ڕۆژهەڵات)، كە ناوچەیەكی پڕ لە كانزاكانە و ماوەی 30 ساڵە بەردەوامە، بە سەدان هەزار ئاوارە لە پەناگەی كاتی لە دەوروبەری گۆمای پایتەختی هەرێمەكەدا كەوتوون. واژۆكردنی ڕێككەوتنی ئاگربەست لە نێوان كیگالی و كینشاسا لە سەرەتای مانگی ئابدا، بووە هۆی سەقامگیربوونی هێڵی ڕوبەڕووبوونەوە، بەڵام (جوولانەوەی 23ـی ئادار)، لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمدا، دەستی بە هێرشەكانی كردەوە و دەستیشی بەسەر چەند شوێنێكدا گرت. لەگەڵ ئەوەشدا، هەردوو وڵاتی دراوسێ دەستیان بە گفتوگۆوە گرتووە، لە سەرەتای تشرینی دووەمدا، وەزیرانی دەرەوەیان كۆبوونەوە و دووپاتیان لەسەر، پێویستی ڕێزگرتن لە ئاگربەستی نێوانیاندا كردەوە.
وڵاتانی كەنار
وڵاتانی ناوچەی كەنار بەدەست هێرشی چەكدارە توندڕەوەكانەوە دەناڵێنن. بۆكۆ حەرام كە یەكێ لە ڕێكخراوە توندڕەوە سەرەكییەكانی ناوچەكەیە، لە ساڵی 2009ـەوە دەستی بە یاخیبوون لە نەیجیریا كردووە، كە بووەتە هۆی كوژرانی نزیكەی 40 هەزار كەس و پەڕاگەندەبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن كەس، پێش ئەوەی بۆ وڵاتانی سەر سنوور بپەڕێتەوە و تەشەنە بكات. لە چاد، هێرشەكانی بۆكۆ حەرام یان ئەو گروپانەی لێی جیا بوونەتەوە، لە ناوچەی دەریاچەی چاددا بەردەوامە. سوپا لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمدا، ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بە ئامانجی لەناو بردنی (هێزی زەبروەشێن)ی بۆكۆحەرام دەست پێ كرد.
ناوچەكە كە بە (سێ سنوور) ناسراوە و وڵاتانی مالی، بوركینافاسۆ و نەیجەر لە خۆدەگرێت، ڕووبەڕووی چەكدارە توندڕەوەكانی ناوچەی كەنار دەبنەوە، كە سەر بە ڕێكخراوەكانی داعش و ئەلقاعیدەن. ئەم سێ وڵاتە – بە سەرۆكایەتی ڕژێمە سەربازییەكان -دوای كودەتاكانی نێوان 2020 و 2023دا- سوپای فەرەنسایان لەسەر خاكەكانی خۆیان دەركرد و هاوپەیمانیەتی وڵاتانی كەناریان، بۆ هاوكارییكردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی چەكدارە توندڕەوەكان پێكهێنا. هێرشەكان لە ئێستادا سەركەوتنیان بەدەست نەهێناوە، بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی ناحكوومی (ئەكلید)یش بێت، لە مانگی كانونی یەكەمەوە تاكو ئێستا، نزیكەی 7 هەزار كەسی مەدەنی و سەرباز لە بوركینافاسۆ، زیاتر لە 1500 كەس لە نەیجەر و زیاتر لە 3600 كەس لە مالی بوونەتە قوربانی، هەرچەندە بەدەستهێنانی زانیارییەكانیش زۆر ئەستەم بووە.
هایتی
چەندین دەیەیە هایتی بەدەست ناسەقامگیری درێژخایەنی سیاسییەوە دەناڵێنێت. لە مانگی شوباتی ڕابردووشەوە، ئاستی توندوتیژی چەتەكان، كە بەكردەنی ڕەگێكی قووڵیان لەو وڵاتە كاریبیەدا داكوتاوە خراپتر بووە. چەتەكان دەستیان بەسەر 80 لە سەدی پۆرت ئۆ پرینسی پایتەختدا گرتووە. نەتەوە یەكگرتووەكان لە سەرەتای ئەمساڵەوە، مردنی 4544 كەسی بەهۆی توندوتیژییەوە تۆماركردووە، جەختیشی لەوە كردووەتەوە، ڕەنگە ئامارەكان زیاتر بن. هەندێك جار توندوتیژی بە تایبەتی منداڵان دەكاتە ئامانج، قوربانییەكان دەشێوندرێن، یان بەردباران دەكرێن، سەر دەبڕدرێن، یان بە زیندووی دەسوتێندرێن، یانیش زیندە بەچاڵ دەكرێن. بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچكردن بێت، ناسۆرییەكانی توندوتیژی پاڵی بە زیاتر لە 700 هەزار كەس وەناوە، كە نیوەیان منداڵن، ماڵەكانیان بەجێبهێڵن. بە پشتیوانی نەتەوە یەكگرتووەكان و واشنتۆن، نێردەی پشتیوانیكردن لە پۆلیسی فرەڕەگەز بە سەرۆكایەتی كینیا، لە هاوینی ئەمساڵەوە دەستییان بە بڵاوبوونەوە كردووە.
بۆرما
بۆرما یان (میانمار) لە ساڵی 2021ـەوە، ململانێیەكی خوێناویی بەخۆوە دەبینێت، دوای ئەو كودەتایەی كە لەلایەن ئەنجوومەنی سەربازیی، لە دژی حكوومەتی هەڵبژێردراو بە دیموكراسییەوە سەركردایەتی دەكرێت. بە پێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، جەنگی خۆبەخۆی توندتر بووە، كە بووەتە هۆی كوژرانی زیاتر لە 5300 كەسی مەدەنی و پەڕاگەندەكردنی زیاتر لە 3 ملیۆن و 300 هەزار كەس، ئەوەش بەهۆی هەڵكشانی هێزەكانی دژ بە ئەنجوومەنی سەربازییەوە بووە. لە چەند مانگی ڕابردووشدا، یاخیبووان بە مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیان كردە سەر شاری ماندالای، كە دووەم گەورەترین شاری وڵاتەكەیە، لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمیشدا، دەستیان بەسەر ئەو ڕێگەیەدا گرتووە، كە بە چین، هاوبەشی سەرەكی بازرگانی وڵاتەكەی دەبەستێتەوە. دەستگرتن بەسەر ئەم دەڤەرە، ئەنجوومەنی سەربازیی لە باجە قازانج بەخشەكان بێبەش دەكات و هەڕەشەش لە بنكەكانی لە دەشتەكانی ناوەڕاستدا دەكات. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو سەختییانەش، ئەنجوومەنی سەربازیی لە كۆتایی مانگی ئەیلولدا، داوای لە گروپە چەكدارەكان كرد، دەست بە دانوستانەكانی ئاشتی بكەن، ئەو پێشنیازەی كە تاكو ئێستا هەر بە میدادی سەر كاغەز ماوەتەوە.
سەرچاوە: www.aawsat.com