خەبات: زریان عەبدوڵڵا:- لێكۆڵینەوەیەكی زانستی لە ئاستێكی بەرزدا ئاماژەی بەوە كردووە، كە پەیوەندی نێوان هەواو درككردنی هەست و هۆشی مرۆڤ كاریگەری راستەوخۆیان بەسەر یەكترەوە هەیە. لێكۆڵینەوەكە دەڵێت: بەركەوتن بەهەوای پیس بۆ ماوەیەكی زۆر هەست و زیرەكیی مرۆڤ پەك دەخات، یان بەلایەنی كەمەوە دوای دەخات بۆ سەردەمێكی درەنگتر. ئەم توێژینەوەیە، كە زانایانی لە زانكۆی پەكین لە چین و زانكۆی بیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامیان داوە، زێدەتر باسی لە بەركەوتن و بەیەكگەیشتنی هەوای پیس كردووە، كە تواناكانی ڕۆشنبیری پەك دەخات (الادراك) لە تاقیكردنەوەی دەربڕین و ماتماتیك و فیزیادا، بیرو هۆشی مرۆڤ سست دەكات. زاناكان گوتوویانە لەگەڵ چوونەناو تەمەن، كاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی دەربڕین بە ڕوونی دەردەكەوێت، بەتایبەت لەناو پیاواندا.
كۆمەڵێك دەرخستە (عینە)ی لێكۆڵەرەوەكان كە زیاتر لە 25 هەزار كەس لە 162 وڵات و شوێنی جیهان هەڵبژێردراون و بە شێوەی هەڕەمەكی تاقیكردنەوەگەیان لەسەر ئەنجام دراوە، لە بەشێكی توێژینەوەكەدا چاودێری خوێندنەوەی رۆژانەی ئەو كەسانەیان كردووە و لەگەڵ سێ جۆری پیسبوونی هەوای شوێنەكانیان بەراورد كراون، دەركەوتووە كە رێژەی پیسبوونی هەوا تا چەند بەرزتربووبێت، ئاستی تێگەیشتن و هەست و هۆشی مرۆڤ نزمتر بۆتەوە.
ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە راپۆرتێكی خۆیدا پیسبوونی هەوا بە هەڕەشەیەكی گەورە لە قەڵەم دەدات و پێیوایە كاریگەرییەكی زۆر مەترسیداری لەسەر تەندروستی گشتی و مێشك و دەمارەكانی مرۆڤ هەیە، كە وا دەكات ئاستی زیرەكیی و درككردن بە رووداوەكانی دەوروبەر و ئاستی خوێندن و فێربوون لای قوتابیان و دەیان كێشەی دیكەش رووبەڕووی مرۆڤ بكاتەوە.
پرۆفیسۆر شی تشن، لە زانكۆی بیل بۆ تەندروستی گشتی، ڕوونی كردۆتەوە كە هەوای پیس لەوانەیە ئاستی فێربوون لەلای كەسێك یەك ساڵ بگەڕێتەوە دواوە و ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە.ئەو پرۆفیسۆرە دەشڵێت: ساڵێك بۆ تەمەنی منداڵ یەكجار زۆرە، كە توانای تێگەیشتن و فێربوونی دوابخات، بەركەوتنی هەوای پیس هۆكارێكی مەترسیداری فێربوون و كاركردنی خانەكانی مێشكە، بە تایبەتی لە منداڵاندا، بەڵام كاریگەرییەكانی ئەو بەركەوتنەی هەوای پیس لەگەڵ مێشكی منداڵ، لە تەمەنێكی گەورەدا دەردەكەوێت.
هۆكارەكانی پیسبوونی هەوا
1- زۆریی ژمارهی ئۆتۆمبێل: ئامارەكان باس لەوە دەكەن كە ساڵانە نزیکەی (30) ملیۆن ئۆتۆمبێل دروست دەکرێت، هەریەکێک لەوانە لە باشترین حاڵەت و مەرجی تەندروستیدا رێژەیەکی گەورەی گازی ژەهراوی دەکەنە نێو ژینگەوە، بەتایبەت لە سووتانی ئەو بەنزینەی کە قورقوشمی تیادایە (وەک ئەوەی لای خۆمان) كە یەکێکە لە هەرە گەورەترین هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەو هەوا، چونکە بەنزین و بەتایبەت ئەو جۆرەی ئێستا لە بازاڕەكان بەدەستە، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و دووەم ئۆکسیدی گۆگرد و ئۆکسیدی نایترۆجین و ئۆزۆنی زەمینی دروست دەکات و ئەم گازانەش وردە وردە دەبنە هۆی دروستکردنی هەندێ نەخۆشی وەک شێرپەنجە و تەنگەنەفەسی و رەبوو و حەساسیەت و گەلێ نەخۆشی دیکەش.
2- زۆربوونی کارگهکان: رۆژانە لە سەرتاسەری جیهان بە نزیکەی (80) ملیۆن بەرمیل نەوت دەسووتێندرێت، لە سووتانی هەر بڕێکیشدا رێژەیەكی زۆر لە گازە ژەهراوییەکان دەچنە بەرگەهەوای زەوی و دواتر کاریگەری خۆیان لە سەر ژینگە بە خراپی جێدەهێڵن، ئەمەش بەهۆی نەبوونی فلتەر بۆ ئەو دووکەڵەی کە کارگەکان دەیخەنە بەرگە هەواوە.
3- موەلیدهكانی ناوشار: بۆ چارهسهری پیسبوونی ههوا، له بهدواداچونێكی رێكخراوی هەناسەی سرووشت، كە رێكخراوێكی ژینگەپارێزی قازانجنەویستە لەبارەی ئەوەی چۆن ڕێگری بکەین لە پیسبوونەکانی ژینگە، بە نموونەیش زۆربوونی ئۆتۆمبیل و پیسبوونی هەوا؟ دەركەوتووە تا پڕۆژەی هەڵسەنگاندن و چارەسەری گونجاو بۆ کوالیتی هەوای ژینگەی هەرێم جێبەجێ نەکرێت، نازاندرێت ڕێژەی پیسبوونەکە چەند و چۆنە، چونکە تا وێستگەکە و ئامێرەکان دانەمەزرێنین ناتوانین کاریان لەسەر بکەین بیپشکنین. سەبارەت بە پیسبوونی ژینگەی هەرێم، پیسبوونەکان لە هەرێمی کوردستان دیارن، بۆ نموونەش چوار سەرچاوەی سەرەکین (ئۆتۆمبێل، وێستگەی کارەبا، موەلیدە ئەهلییەکان و موەلیدەی ماڵەکان و پاڵاوگەکان و بیرەنەوتەکان) هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رێكخراوەكە كەوتووە، لە کوردستان نزیكەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبیل هەیە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانیی، لە راپۆرتێكی دیكەیدا دەڵێت: ساڵانە حەوت ملیۆن كەس بەهۆی بەركەوتنیان بە هەوای پیس دەمرن، كە هەموویان پەیوەستن بە سێ نەخۆشی كوشندە ئەوانیش (وەستانی مێشك “سكتە دماغ” و نەخۆشی دڵ و سییەكان و شێرپەنجە)ـن.
راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەڵێت: بەكارهێنانی نوێبوونەوە و وەبەرهێنان لە سەرچاوە نوێیەكان، بارودۆخێكی نمونەیی دروست دەكات، كە جیاوازی زۆر روودەدات لە بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی هەوا.