ئەسما هاوار: ئامادەكارییەكان بۆ پێشوازی گەشتیاران و ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی گرنگیی خۆی هەیە

عەمار ئەحمەد: ئێمە گرووپێکی دانسەری وڵاتی سوریایین، بەهۆی ئارامیی و ئاوەدانییەكەی هەولێر، بەشداری ئەم فیستیڤاڵەمان کردووە

خەبات:دانا بۆتانی:- هەمیشە هەولێر چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی هەموو پێکهاتەو ئایین و ئایینزاکان، هەر بۆیە ئەوانەی سەردانی هەولێر دەکەن بۆ هەمیشە میوان دۆستییەکەیان لە بیر ناچێتەو بۆ هەمیشە لە یادەوەرییەکانیان دەمێنێتەوە. ئامادەکارییەکانی هەولێر بۆ ساڵی 2025 لە هەموو شوێنێکە و لە پارکی پێشمەرگەش تایبەتە. هەموو ساڵێكیش چەند رۆژێك بەر لە هاتنی سەری ساڵی نوێ‌، بەبۆنەی لە دایكبوونی “حەزرەتی مەسیح” (د خ) خوشك و برا مەسیحییەكان ئامادەباشی بۆ ئەو جەژنە دەكەن و كوچەو كۆڵان و شەقامەكانی قەزای عەنكاوە دەڕازێننەوە و لە شەوی 25/24ی هەموو ساڵێك لەسەرجەم كڵێساكانی كوردستان، كریستییانەكان بەشداری لەو رێوڕەسمە ئایینیە دەكەن و تانیوەشەوی 25 ی مانگ رێوڕەسمەكە بەردەوام دەبێت و ژن و منداڵ و پیر و گەنج لەو رێوڕەسمەدا دوعاو نزا و پاڕانەوە دەكەن و بۆ رۆژانی دواتریش ئاهەنگ دەگێڕن و جەژنە پیرۆزە لەیەكتری دەكەن و خواردنی خۆش و بەتام ئامادە دەكەن و سەردانی ماڵی یەكتر دەكەن

ئەسما هاوار ناسراو بە ئەسماخان گوتی: من وەک بەشداربووێک لە ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێ هەولێر بە جیاواز دەبینم لەگەڵ هەموو شارەکانی دیکە کە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ساڵی نوێ لە پارکی پێشمەرگە ئێمە فیستیڤاڵێکمان ساز کردووە بۆ ئەوەی سەرنجی گەشتیاران رابکێشن تا هەولێر جیاواز ببینن و بێن کاتەخۆشەکانیان لە هەولێردا بەسەربەرن لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ئامادەکارییە، بۆتە بازاڕێکی خۆشیش بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان کە بەدەستی خاتوون و کابانی کوردی چاکراون کە بۆتە جێگای تێڕامانی گەشتیاران لە هەمان کاتیشدا بۆتە دەرفەتی کاریش بۆ گەنجەکانمان.

لە درێژەی بەدواداچوونەکەم بۆ پێشوازی ساڵی نوێ لە هەولێردا گەنجێکم بینی بەناوی وەستا ئەحمەدی سێتاقان بانگی گەشیارانی دەکرد بەهەردوو زمانی کوردی و عەرەبی دەیگوت: هەولێر پایتەختی گەشتیارانە و مەڵبەندی خواردنی خۆشە سوپاس بۆ خوا هەولێر ئارامەو ئێمەش لە رێگای بازوومانەوە هەولێر دەدرەوشێنینەوە و گەشتیارانیش وا لێدەکەین بۆ هەر شوێنێک بچێت پایتەختی کوردستانی بیرنەچێت بۆ هەمیشەش تامی خواردنی هەولێری بیرنەچێتەوە هەربۆیەش هەولێر هەمیشە جێگای غەریبانە هیچ کەسێکیش خۆی بەغەریب نازانێت لەم شارەدا بۆیە ئەمڕۆ هەولێر ماڵی هەمووانە لە خواش داواکارم ساڵی نوێ ببێتە ساڵی خۆشی و شادی.

لە کۆتاییدا گرووپێکی زۆر جوان سەرنجی راکێشام کە بەشداربوون لە فیستیڤاڵی ساڵی نوێ لە پارکی پێشمەرگە منیش سەرۆکی گرووپەکەم دواند بە ناوی عەمار ئەحمەد گوتی: ئێمە گرووپێکی دانسەری وڵاتی سوریایین بەشداری ئەم فیستیڤاڵەمان کردووە لەبەر هۆکاری ئارامی پایتەختی کوردستانە، چونکە هەولێر هەمیشە دەرگای کراوەیە بۆ هەموو ئایین و کلتوورێک بۆ ئەوەی بتوانێت نمایشی بەرهەمەکانی بکات ئێمە لە رێگای دانس و نیشاندانی وێنەی بابەنوێلەوە دەمانەوێت خەندە بخەینەسەر لێوی ئامادەبووانی فیستیڤاڵی کلتوری و پێشوازی کردن لە ساڵی نوێ، بۆیە هیوادارم هەموو جیهان ساڵی نوێی ببێتە ساڵی ئاشتی و برایەته لە کوردستام و هەموو جیهان داواش لە هەموو گەشتیاران دەکەم بێ دوو دڵی هەولێر هەڵبژێرن بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان لە ساڵی نوێدا چونکە هەولێر شاری فرە رەهەند و فرە کلتوورە.