خەبات: هاوار مورتكەیی:- ئایە زەین خانمە هونەرمەندێكی شێوەكارە، چەند ساڵێكە خۆی داوەتە بەهرەكەی، كە حەزێكی منداڵی بووە، ئێستاش لەگەڵ كردنەوەی چەند پێشانگایەك، دەیەوێت بەهرەكەی بە جیهان بگەیەنێت، ئەگەرچی لەو دیمانەی ڕۆژنامەی خەباتدا، گلەیی ئەوە دەكات، كە وەك وڵاتانی ڕۆژئاوا سەیری ئەو هونەرەی ناكرێت و ڕێزی لێناگیرێت.

* چۆن بوو وەك هونەرمەندێکی لەناكاو شێوەكار دەركەوتی؟
– بیرۆکەکە کاتێک دەستی پێکرد کە سەردانی کردنەوەی پێشانگایەکی هونەریم کرد، ئەوكات بڕیارمدا دەست بە کاری هونەری بکەم و هەول بدەم بەهرەکەم بە جیهان ڕابگەیەنم.

* کەی بەهرەکەی خۆت لەم بوارەدا دۆزیەوە؟
– لە تەمەنێکی گەنجیدا بەهرەکەم دۆزیەوە، کاتێک بە تەنیا لە ژوورەکەمدا بووم، لە جیهانێكی جوانی خۆمدا بووم و تەنها كاری وێنەکێشانم دەکرد، لەو كاتەدا هەستم كرد كە بەهرەیەكی لەمشێوەیەم هەیە.

* پێت وابوو ڕۆژێک دەبیتە هونەرمەندێك لەبواری شێوەكاری؟
-هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە، بەو پێیەی بڕوانامەکەم لە بواری هونەردا نییە، چونكە من هەڵگری بڕوانامەی ئەندازیاری شارستانیم.

* لە کوێی کارە هونەرییەکانی خۆت دەبینیت؟
– من خۆم لە دونیادا دەبینم لەبەر حەزی خەڵک و بۆچوونە جوانەکانیان سەبارەت بە هونەرەکەم.

* لە تابلۆکانت شەترەنج دەبینرێت، تێکەڵکردنی شەترەنج لەگەڵ تابلۆكان لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
– لە هەر پێشانگایەکی تایبەتە بە خۆم، بابەتێکی دیاریکراو هەڵدەبژێرم و زیاتر لە 10 تابلۆ لەسەر ئەو بابەتە دەكێشم، دەکەم یاری شەترەنج خواستێكی منە، هەر شتێك پەیوەندی بە زیرەكی و شارەزاییەوە هەبێت، هەوڵمداوە لە تابلۆكانم رەنگ بدەنەوە، یاری شەترەنجیش، یارییەکی زیرەکانەیە، بەو پێیەی من هونەرمەندێکم پسپۆڕم و هەوڵ دەدەم بە ڕێگای هونەرەكەمەوە گوزارشت لە ئافرەت بكات، بینیم یاری شەترەنج پارچەیەکی مێینەی تێدا نییە، بۆیە یاساکانم گۆڕی بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە مێینەکان توانای ئەوەیان هەیە لە پۆستی دەسەڵاتدا بن و بڕیاری گرنگ بدەن، هەروەک چۆن پاشا لە یاری شەترەنجدا دەیکات.

* تا ئێستا چەند پێشانگات کردۆتەوە؟ مەبەستت نییە تابلۆکانت هەناردەی دەرەوەی کوردستان و عێراق بکەیت؟
– تا ئێستا دوو پێشانگای کەسییم كردۆتەوە، جگە لە بەشداریکردن لە زیاتر لە 8 پێشانگە و فیستیڤاڵ لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، هەروەها هەموو هەوڵێکی خۆم دەدەم بۆ کردنەوەی پیشانگای تایبەت بە تابلۆکانم لە دەرەوەی وڵات.

* کەی وێنە دەکێشیت؟ ئایا هونەرەكەت پێویستی بە کاتێکی دیاریکراو هەیە؟
– نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر دەستم کرد بە وێنەکێشان و پیشەی هونەریم كردووە، بەڵێ بێگومان ئەم هونەرە پێویستی بە کاتێکی دیاریکراو و کەشێکی لەبار و گونجاو هەیە، كە دوور بێت لە ژاوەژاو و ڕووناكی بەرز.

* ئەو هونەرمەندەی كە تۆ پێی سەرسامی کێیە؟ بۆچی؟
– من بە كارەكانی هونەرمەند سەلڤادۆر دالی سەرسامم، ئەویش بەهۆی لێکچوونی بیرۆکەکانی تابلۆکانمان، کە بە شێوازێکی ناوازە و سەیر و سەمەرەی سوریال تایبەتمەندن، کە هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەوە نییە، بیرۆکەکان کە لە خەون و خەیاڵ و وردەکارییە خولەکییەکان وەرگیراون و هەموو تابلۆیەكان خۆی لە خۆیدا مەتەڵێكن.

* هونەری شێوەكاری لە کوردستان و عێراق چۆن دەبینی؟
– بە گشتی وڵاتانی عەرەبی وەک وڵاتانی دیكەی ڕۆژئاوا گرنگی بە هونەری شێوەكاری نادەن، لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، هونەر وەک ئامرازێک بۆ داهێنان سەیر دەكرێت و بەهایەکی تایبەتی خۆی هەیە.

*پەیامی تۆ لە هونەری شێوەكاری چییە؟
– هەر تابلۆیەک، پەیامێک هەڵدەگرێت، هونەر دەتوانێت ڕێگەیەک بێت بۆ قسەکردن لەگەڵ ئامادەبووان بۆ گەیاندنی پەیامێک کە ڕەنگە ئەو پەیامە کەسیی، سیاسی، یان سۆزداری بێت، كە لەو ڕێگایەوە دەتوانێت هەستە کۆکراوەکانیان دەربخەیت و هانیان بدەی بۆ بیرکردنەوەیەكی سەبر لە خوێندنەوەی تابلۆکان و بە قووڵی بچنە نێو تابلۆكانەوە.