لەوەتەی رژێمی سووریا لە هەشتی ئەم مانگە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەوە رووخا. ئیسرائیل بەردەوام پێگە سەربازییەكانی رژێمی رووخاو و چەكەكانی بۆردمان دەكات تا نەكەونە بەردەستی تیرۆریستان. شەوی رابردوویش توندترین هێرشی كردووەتەوە سەر تەرتوسی سووریا و زیانی زۆری گەیاندووە.

پێگەی “شەفەق نیوز” ئەمڕۆ دووشەم 16ی كانوونی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كردووە، ئەوی شه‌وی رابردوو توندترین هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بۆ ناوچەكانی تەرتوس ئەنجام درا كە چەند شوێنێكی سەربازیی رژێمی پێشووی گرتەوە و وێرانی كردوون.

لەوەتەی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخاوە، ئیسرائیل نزیكەی 500 هێرشی بە فڕۆكە جەنگییەكانی كردووەتە سەر ئەو وڵاتە و جبەخانە و كەلوپەلی سەربازی و چەكە پێشكەوتووەكانی ئەو وڵاتەی لەناو بردووە. ئەم شەویش لە ناوچەكانی تەرتوس، یەكەكانی بەرگریی ئاسمانی و كۆگەكانی مووشەكی “زەوی زەوی” وێران كردووە. روانگەكە دەڵێ لەوەتەی ساڵی 2012وە تا ئێستە، هێرشەكەی ئەمشەو توندترین هێرشی ئیسرائیل بووە بۆ سەر سووریا.

هەر دوێنێش فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، زنجیرە هێرشێكیان بۆ سەر شاری دێرەزۆر ئەنجام داوە كە فڕۆكەخانەی سەربازیی ئەو شارەی كردووەتە ئامانج.