حکوومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەیەکی گرنگی ناوبژیوانیی لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە لەندەن لە دژی کۆمپانیای (جێنێل ئینێرجی میران بنەباوی لیمیتد- GEMBBL) بردەوە.
خاوەندارێتیی کۆمپانیای GEMBBL بەتەواوەتی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای Genel Energy plc وە بەڵێندەری گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشە (PSC) لە هەردوو بیرەنەوتی میران و بنەباوی.
پرۆسەی ناوبژیوانییەکە بەپێی یاسا و ڕێساکانی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لەندەن بەڕێوە چوو.
سەرهەڵدانی ئەم ناکۆکییە لە دوای شکستی GEMBBL ەوە دەستی پێکرد کە بڕیار بوو لە هەردوو بلۆکی میران و بنەباوی و بەپێی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش بۆ دەرهێنانی گازی سروشتی پەرەپێدان بکات. گرێی سەرەکیی یاسایی لەم ناکۆکییەکەدا یەکلاییکردنەوەی ئەوە بوو کە ئایا حکوومەتی هەرێمی كوردستان مافی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەسانەی هەبووە یاخود نا.
بەهۆی بەردەوامیی شکستی GEMBBL لە پەرەپێدانی ئەو دوو بلۆکە، حکوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری کۆتاییهێنان بەو گرێبەستانەی لە بلۆکی میران و بنەباوی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا.
لە رۆژی ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، حکوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداریی کۆتاییهێنانی ئەو گرێبەستانەی نارد بۆ GEMBBL.
لە رۆژی ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، GEMBBL وای خستە ڕوو کە دەیەوێ ئەو گرێبەستانە دەستبەجێ کۆتایی پێبهێنێت و جەختی کردەوە کە گوایە حکوومەتی هەرێم پێشێلکاریی لە پابەندبوون بەو گرێبەستانە کردووە.
بە هەمان شێوەش، لە رۆژی ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، کۆمپانیای گەنەل ئەنەرجی Genel Energy کە خاوەنی GEMBBLە، لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەو وتانە کردەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتبوو کە گوایە جێنێل ئەنەرجی بەنیازە لە ڕێگەی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتییەوە لە لەندەن داوای قەرەبووییەکی بەرچاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
بۆ پاراستن لە مافەکانی، لە رۆژی ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، حکوومەتی هەرێمی كوردستان داواکارییەکی لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە لەندەن دژی GEMBBL تۆمار کرد. لە داواکارییەکەدا حکوومەتی هەرێم داوای لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی کرد کە بڕیاری یەکلاکەرەوە دەربکات بە ڕەوابوونی کۆتاییپێهێنان بەو گرێبەستانە لە هەردوو بلۆکی میران و بنەباوی.
کۆمپانیای GEMBBL یش داواکاریی بەرابەری دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی کرد، لە داواکارییەکەیاندا جەختیان کردبووەوە لەوەی کە گوایە حکوومەتی هەرێم پێشێلکاریی گرێبەستەکانی کردووە و داوای قەرەبووی زیاتر لە یەک ملیار و ٧٥٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکیی دەکرد، حکوومەتی هەرێمیش بە تۆکمەیی ئەم تۆمەتەی ڕەت کردەوە و بە توندی دژی داواکارییەکانی GEMBBL وەستایەوە.
لە مانگی شوبات و مارسی ساڵی ٢٠٢٤ دا، دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە لەندەن گوێی لە داواکارییە دژبەیەکەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و GEMBBL گرت. لە رۆژی ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دا بڕیاری لە بەرژەوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەر کرد.
لە پشتیوانیکردنێکی پتەودا لە مافەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشدا، دادگا ئەم بڕیارانەی دا:
– حکوومەتی هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی کۆتایی بە گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش لە هەردوو بلۆکی میران و بنەباوی بهێنێت.
– پشتڕاستکردنەوەی دادگا لە تێگەیشتنی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە مافی کۆتاییهێنانی بەو گرێبەستانە.
– دادگا پشتڕاستی کردەوە حکوومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەکی ڕاست و دروست ئاگاداریی ناردووە بۆ GEMBBL بە کۆتایپێهێنانی ئەو گرێبەستانە لە رۆژی ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ و بەپێی مافی خۆی لەو گرێبەستانە.
– دادگا پشتڕاستی کردەوە کە GEMBBL بە شێوەیەکی نادروست گرێبەستەکانی میران و بنەباویی لە رۆژی ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ هەڵوەشاندووەتەوە.
– دادگا پشتڕاستی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەکی ڕاست و دروست گرێبەستەکانی لە رۆژی ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ کۆتایی پێهێناوە.
– دادگا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەجێهێنانی ئەرکی خۆی لە هیچ یەکێک لە گرێبەستەکان لەگەڵ GEMBBL پێشێل نەکردووە، هەروەها داواکارییە بەرابەرەکانی کۆمپانیای GEMBBLی بە تەواوی ڕەت کردەوە.
ئێستاش حکوومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی ئەو خەرجیانەیە لە کۆمپانیای GEMBBL کە لە پەنابردن بۆ دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی و پرۆسەی یاساییدا دژی داواکارییەکانی کۆمپانیای ناوبراو خەرجی کردووە.