شەوی رابردوو، بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان شەوێکی پڕ چالاکی گرنگ بوو، کە تێیدا دیداری لەگەڵ کۆمەڵێک سەرۆک، سەرکردە و کەسایەتییەکانی جیهاندا هەبوو، لەنێویشیاندا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ 50 سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان بۆ فەرەنسا بانگهێشتکرابوو بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی مێژوویی کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام لە پاریس.
کردنەوەی کاتێدرالەکە، رووداوێکی مێژوویی بوو بەهۆی ئەو رێوڕەسمە گەورەیەی بۆی سازکرا، کە پاریسی کردە ناوەندی سیاسی بۆ کۆکردنەوەی سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان.