سەدیق سەعید ڕواندزی
لە ڕۆماندا، گێڕانەوە یەكێكە لە ڕەگەزە سەرەكییەكانی بینای هونەری ڕووداوەكان، چونكە لە ڕێی گێڕانەوە، ئێمە ئاشنای ڕووداوەكان و كارەكتەر و شوێن و زەمەنەكان دەبین. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە، گێڕانەوە چەند ئاستێكی هونەری و ئستاتیكی وەردەگرێت.چەند لە گەڵ زەمەن و شوێنی ڕووداوەكان یەك دەگرێتەوە. بەو مانایەی هەموو ڕووداوێك، زادەی زەمەن و شوێنێكە، ئیدی گێڕانەوە پەیوەستە بەو زەمەنەوە. لای بەشێكی زۆری ڕۆماننووسانی ئێمە، هەڵەی زەقی مێژوویی، بابەتی، تەنانەت كۆمەڵایەتی و زەمەن و شوێنیش لە میانەی گێڕانەوەدا ڕوودەدەن. ڕۆمان هەیە مێژووی نەوەتەكان دەگێڕێتەوە، كە چی باسی مۆبایل دەكات! ڕۆماننووس هەیە، ڕووداوێكی ساڵانی شەست باس دەكات، وەلێ چونكە لە تەكنیكی گێڕانەوە و بە ئاگاو شارەزا نییە، دەكەوێتە چەندین هەڵەوە. گێڕانەوە لە ڕۆمان، چێژ و جوانییە. جۆرێكە لە دروستكردنی شیعرییەتی گێڕانەوە، كە دەبێتە جێگەی سەرنجی خوێنەر و چێژی لێ وەردەگرێت، چونكە داڕشتنی بونیادی زمان لە دەقی ئەدەبیدا، فۆڕمێكی جیاوازتری هەیە. گێڕانەوە لە ڕۆماندا، ڕەگەزێكی سەرەكییە و هونەرە. پانتایی سەرەكی ڕووداوەكان لە ڕۆماندا، لە ڕێی وەسف و گێڕانەوە دەگەنە خوێنەر. بۆیە ئەگەر ئەو گێڕانەوەیە لە ئاستێكی هونەری باڵادا نەبێت، خوێنەر هیچ چێژێكی لێ نابینێت. لە ڕۆمانی (بازنەی باركەوتووان)دا، گێڕانەوە لە ئاستێكی هێندە هونەری و جوان دایە، كە خوێنەر چێژ لە یەك بە یەكی دەڕبڕینەكان وەردەگرێت.
زمان لەو ڕۆمانەدا، زمانێكی وەسفی ورد، سادە، جوان و سەرنجڕاكێشە. گوزارشتكردنەكان لە وێنەیەكی هونەری باڵادان، كە ئاماژەیە بۆ شارەزایی و قووڵبوونەوە لە زمانی نووسینی ڕۆمان، كە لای من وەك خوێنەرێك بایەخێكی زۆری هەیە. ئەم ڕۆمانە بە زمانێكی هێندە كوردییانەی پەتی و پاراو، جوان و ڕەسەن نووسراوە، خوێنەر كە دەیخوێنێتەوە، زمانی كوردی لا شیرین دەبێت. ئەو پەتییە لە زماندا، ئستاتیكایەكی بە گێڕانەوەی ڕووداوەكان بەخشیوە، كە لە خوێندنەوەی هەر وشە و دەربڕین و ئیدیۆمێكدا، خوێنەر بەر جوانی و شیعرییەتی گێڕانەوە دەكەوێت. زمانێك سادە، وەلێ پڕ لە قووڵایی و جوانی، كە نیشانەی ئاگایی و شارەزایی و زاڵبوونە بە سەر نووسینی ڕۆماندا، كە یەكێك لە بنەماكانی نووسینی ڕۆمان. جوانییەكانی زمان لەو ڕۆمانەدا، هەر تەنها لە سەر ئاستی گێڕانەوە نییە، بەڵكو تێكهەڵكێشییەكە لە پەندو، شیعرییەتی گێڕانەوەو پەتیبوونی دەربڕینەكان. پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە ناوی (مەولود حاجی ڕەمەزان هەینی) یە. ئەو كارەكتەرە، دوای ئەوەی لە سەردەمی پاشایەتیدا، بەشداری خۆپیشاندانێك دەكات، ئیدی دەیگرن و زیندانی دەكەن. پاش ماوەیەك كە ئازاد دەكرێت، بێ كار دەسووڕێتەوە، تا دواجار دەبێتە بەردەست و خزمەتكاری كەزی سۆر. كە شێخێكە كاری نووشتە و سیحردەكات و شوناسە ئایینییەكەی، دەكاتە بەرگێك بۆ فریودان و ڕابواردن و هەوەسبازی لەگەڵ ژنان وچەندییان بە وناوە دەستخەرۆ دەكات. ئەوانیش بە نێوی نوشتە و دوعا و جاد و هەڵدەخەڵەتێن. تا سەرەنجام ئەو كارەی شێخ ئاشكرا دەبێت پیاوێك لە تۆڵەی دەست تێكەڵكردن لەگەڵ ژنەكەی دەیكوژێت. بە كوشتنی كەزی سۆر، پاڵەوانی ڕۆمانەكە بێ لانە دەبێ و بە كوچە و شەقامەكاندا دەسووڕێتەوە تا لە خەوخانەیەكدا، لەگەڵ چەندین باركەوتووی دیكە، خۆی دەبینێتەوە و ئاشنای چەندین كەسی دیكەی بێ لانە و بێ كار دەبێت، كە ڕۆژانە بە دوای كارێكەوەن و شەویش بە گێڕانەوەی سەرگوزشتە و بیرەوەری بە سەر دەبەن. لە خەوخانەی باركەوتووانیشدا، مەولود ئەمجارەیان سمكۆ دەناسێت و ئاشنای ژیانی ئەو و لە ڕێی ئەویشەوە، چیڕۆكی وەستا ئەفنەس و دولبەر دەزانێت. پاڵەوانی ڕۆمانەكە، بەرلە گرتنی شیرین دەناسێت، وەلێ دوای ئەوەی بە هۆی خۆپیشاندانێكەوە دژی ئیستعمار دەگیرێت، لە شیرین دا ئەبڕێت و دوای ساڵانێك بە ڕێكەوت شیرین دەبینێتەوە و بەم شێوەش كۆتایی بە ڕووداوەكانی ڕۆمانەكە دێت. ڕۆماننووس پاڵەوانی ڕۆمانەكەی دەكاتە بەهانەیەك بۆ ڕەخنەگرتن لە كایەی سیاسی، حزبایەتی، كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی كۆمەڵگە. لەو ڕوانگەیەشەوە هەر جارێك مەولود تێكەڵ بە چین و توێژێكی دیاریكراوی كۆمەڵگە دەكات و بە هۆیەوە پەردە لە سەر خەوشە كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و سیاسییەكان هەڵدەداتەوە. وەك: چیرۆكی موتەسەریف وكەزی سۆرو چەند كارەكتەرێكی دیكەش. بۆیە ئەو ڕۆمانە، دەكرێ بڵێین هەڵگری ڕەهەندێكی ڕەخنەی كۆمەڵایەتییە، چونكە ڕەخنە لە هەموو ئەو دیاردە ناشیرینانە دەگرێت، كە لە كۆمەڵگەدا بوونیان هەیە، بە تایبەتیش لەو كەسانەی كە سیاسەت و حزبایەتی و هەرجۆرە شوناسێكی ئایینی و كۆمەڵایەتی، بە كار دێنن بۆ فریودان و هەڵخەڵەتاندنی خەڵك. هەروەك خۆشی لە ڕۆمانەكەیدا دەڵێت:_(ڕێوی دوو پێ زۆر لە گورگی چوار پێ دڕندەترە) لێرەدا وەك خوێنەرێك مەبەستمانە هەندێك ڕەگەزی هونەری ئەو ڕۆمانە باس بكەین.
ڕەنگدانەوەی پەندی كوری لەڕۆمانەكەدا:_
پەندی كوردی، یەكێكە لەو دەربڕینە میللیی و فۆلكلۆرییانەی، كە دەچێتە خانەی ئەدەبی سەر زارەكی و بە شێوەی گێڕانەوە، بەردەوامی هەیە. ئێستاش ناوەڕۆكی بەشێك لەو پەندانە، وێرایی تێپەربوونی زەمەنێكی درێژ بە سەر دەركەوتنییان، كەچی هێشتا مانا و ڕەهەندی بابەتی و مەعریفی خۆیان ماوە، كە گوزارشت لە سیمای كۆمەڵایەتی و ژیانی سادەی مرۆڤی كورد دەكەن. لە ڕۆمانی بازنەی باركەوتوواندا، بە شێوەیەك كار لە سەر هارمۆنیكردنی ڕۆمان و پەندەكانەوە كراوە، كە جوانییەكی دیكەی بە گێڕانەوەی ڕووداوەكان داوە. ڕۆماننووس، لە پەراوێزی باسكردنی هەر ڕووداو و گێڕانەوەیەك، هەوڵیداوە نموونەیەك لەو پەندانەش بێنێتەوە، كە پەیوەندییان بە ڕووداوەكەوە هەیە، كە ئەمەش جۆرێك لە تێكهەڵكێشی زەمەنی و زمانی ڕۆمانەكە دەردەخات. بەو پێیەی بەشێك لە ڕووداوەكانی ڕۆمانەكە، ڕەخنەگرتنن لە هەندێك دیاردەی ئێستاو بەشێكیشیان گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی پاشایەتی و ڕابردوو. بۆنموونە:_
*(گورگی باران دیتەیە)
*(بزن كە ئەجەلی هات، نانی شوانی دەخوات)
*(چەم بێ چەقەڵ نابێت)
*(سوار تا نەگلێ نابێتە سوار)
*(هەقایەتی مێشێیە كۆتایی نایەت)
*( دز و مار خۆ یەك بن گای دەكونێ دەدزن)
*(هەتا سەر بمێنێ قون عاجباتییان دەبینێ)
*(لە دوای تڕێ خشپەی بڕێ)
*(بەوكەسە ناڵێن ژیر و بە دەمار، دوو جار لە كونێكدا پێی وەبدا مار).
*(ئەگەر مریشك چاو لە قازێ بكات، قوونی دەدڕێت)
*(كەرێ لە كن كەرێ ببەستییەوە یان خووی دەگریت، یان ڕەنگ)
*(باب مردی خەو لێ دەكەوی زگ برسی خەو لێ ناكەوی)
*(ئەوەی بیگری بە شیری بەری نادەی بە پیری)
*(ماران گەزتی لە گوریس دەترسێ)
*(سەری ناڕحەت بە مەی ئاسوودە نابێ)
وەسف:
زۆربەی گێڕانەوە و ڕووداوەكانی ئەم ڕۆمانە، پەیوەستنین بە زەمەن و شوێنێكی دیاریكراو، بەڵكو لە نێوان ڕابردوو، كە سەردەمی پاشایەتی و ئێستادانە. بۆیە لە وەسفی شوێن و ڕووداوەكان و دیاردەكاندا، ڕۆماننووس بە ئاگایەكی زۆر و وردەوە، وەسفی دیاردەكانی لە نێوان هەر دوو زەمەنە جیاوازەكە كردووە. وەسفێكی هونەرییانەی ورد، كە خوێنەر دەیبینێت، دەگەڕێتەوە ئەو سەردەمە. ئەمە بەشێكە لە ئاگایی لە زەمەنی ڕووداودا، كە بەشێكی زۆری ئەوانەی ڕۆمان دەنووسن، نازانن چۆن بەرجەستەی بكەن. بۆ نموونە: سەردەمی شەستەكان باس دەكەن كەچی باسی دیاردەكانی ئێستا دەكەن. لە ڕۆمانی بازنەی باركەوتوواندا، ڕۆماننووس ئاگایانە ئەو دوو زەمەنەی بەرجەستە كردووە. بۆنموونە:_
*( كە باسی سەردەمی پاشایەتی دەكات، دەنووسێت(سەرا) چونكە ئەو كات بە بنكەی پۆلیس دەگووترا سەرا)
*(دارتێلەكانی تەلەفۆن) لە سەردەمی پاشایەتیدا، هێڵی تەلەفۆنیش وەك هێڵی كارەبا ستوونی هەبوو بۆ گواستنەوە. واتا ئامێری تەلەفۆن وەك ئێستا وایەر لێس نەبوو.
*(سڵێوەی بەراز خۆر) سەرنج لە ناوی كارەكتەرەكە بدەن، كە ناوێكی كریستانییە و ئەوانیش ئاژەلی بەراز دەخۆن.
*(خدۆی شەنگالی) خدۆ ئێزیدییە، ناوەكەشی ناوێكی ئێزیدییە و بۆ ناسینەوەشی، شەنگالی كردۆتە ئاوەڵناو.
*(موتەسەریف) لە سەردەمی پاشایەتی و شۆڕشی چواردەی تەمووزیشدا، بە پارێزگا دەگوترا موتەسەریف. بۆیە ڕۆماننووسیش كاتێ باسی ئەو سەردەمە دەكات، موتەسەریف دەنووسێت و بۆ ئێستاش پارێزگار.
شیعرییەتی گێڕانەوە:
لەو ڕۆمانەدا، گەرچی كرداری گێڕانەوە، كردارێكی سادە و بێ گرێ و گۆڵە و بە زمانێكی ئاسایی و پەتییانە، گوزارشتی لێكراوە. وەلێ لە چەندین شوێنی ڕۆمانەكەدا، گێڕانەوە هەڵگری جۆرێك لە شیعرییەتی گێڕانەوەیە، كە چێژ بە خوێنەر دەبەخشێت. بۆنموونە:_
* (گوێی لە نەعرەتەی بەندە بێ،بێگومان مسۆگەر بە خۆیدا دەمیزێ)
* (بێوەژن بە نازە، كۆنە دەفرۆشێ بە تازە!)
* (حەسەن كەتەلوو، بەس وەرە و هەڕوو)
* (لە بنی كودیلەیدا)
* (دەم شڕ ئێرە دادگایە، خۆ چایخانەی كەوبازان نییە)
* (سەر بە بێ خۆشەویستی هەبێ چییە نەبێ چییە)
* (یەك حەمەدان یەك ڕەمەزان، ڕمیان چەقاند چوونە مەیدان)
* (قیتێ ئەو پیرە قۆترەی بە باوكم و براكانم ناساندبوو) سەرنج لە هەردوو وشەی (قیتێ) و(قۆتر)بدەن، چ جوانییەكییان بە ڕستەكە داوە.
* (دیق و سیق دەكەم)لە سەركێشی شیعرییە.
* (حەیدەرم قەلەندەرم) گێڕانەوەكە، وەك شیعر هاوسەروای تێدایە.
بەرلە كۆتایی:
ڕۆمانی بازنەی باركەوتووان، یەكێكە لەو ڕۆمانانەی، كە بە ڕاستی خوێندنەوەی چێژێكی تایبەت بە خوێنەر دەبەخشێ. زمانی ئەو ڕۆمانە، زمانێكی جوان، یەكجار پەتی و ڕەسەنە، كە بەگشتی ئستاتیكایەكی زمانییان بە ڕۆمانەكە داوە. ئەو شارەزایی و قووڵبوونەوەیە لە ناواخنی زمان و دەربڕین و گوزارشت و هاوواتاكردن، نیشانەی سەركەوتوویی ڕۆماننووسە، بە سەر زمان و نووسینی ڕۆماندا، چونكە ئەوەی زمان شارەزا نەبێت، باشتر وایە خۆی لە قەرەی ڕۆماننووسین نەدا. لێرەدا، وەك خوێنەرێك چەند سەرنجێكی بچووك دەخەمە ڕوو، لە پێناو دەوڵەمەندكرنی زیاتری زمانی ڕۆماننووس. لەو ڕوانگەیەشەوە ئاماژە بە چەند هەڵەیەكی بچووك دەكەین.
* وشەی ژمارە49 لە فەرهەنگەكە (هێزی ئاڕ_ئاڕ) بە مانای هێزی ڕاو و ڕووت نەك تاڵانكەر. بێگومان هەردووكییان هەمان مانایان هەیە، بەڵام مەبەستی ئێمە، ڕوونكردنەوەی چەمكەكەیە.
* لا56 نووسراوە(پڕۆسەی مارە بە جاش) پڕۆسە، وشەیەكی سیاسییە. خۆزگە لە بری ئەو وشەیە، ڕۆماننووس بەوشەیەكی دیكە گوزارشتی لێ دەكرد. ناكرێت لە نێو ئەو هەموو جوانیی و ڕەسەنیەتەی زمانی ڕۆمانەكەدا، وشەیەكی نامۆزیكی ونامۆی وەك پڕۆسە هەبێت.
* 139 نووسراوە:_(هاتمەوە سەر هەواڵی خاڵی).بە بڕوای من لێرەدا دەبێ هەوار بێت نەك هەواڵ. ڕەنگە ئەمە هەڵەی تایپ بێت.
* لا 214نووسراوە:_(هێلكەیەكی بە برژاویی و سپیكراوی دایە دەستم) بە بڕوای من(كوڵاندن) دروستە نەك برژاندن، كە مانایەكی دیكەی هەیە.
* لا232 و233چەند پەڕەگرافێك دووبارە بۆتەوە.
* لا221 نووسراوە: (موتەخەلیف و عەسكەری فیلار) فیرارە، نەك فیلار. جا نازانم لە شێوەزاری ناوچەكانی ژیانی ڕۆماننووس، فیلارە یان نا!؟
* لە فەرهەنگەكەدا، وشەی (جۆزلەمە)بە ژمارە (45) نەنووسراوە و ڕووننەكراوەتەوە.
وێرای ئەو سەرنجانەش، بازنەی باركەوتووان، یەكێك بوو لەو ڕۆمانانەی سەرنجی ڕاكێشام و چێژم لە خوێندنەوەی بینی.
*پەراوێز: ناوی ڕۆمان، بازنەی باركەوتووان، نووسینی: محەمەد كەریم نانەوا، ساڵی چاپ_2017.