غازی حەسەن
لە ڕۆژی 1ی دیسـێمبەری 2024 كە (جۆ بادین) لە دوایین ڕۆژەكانی دەسەڵاتە و چەند هەفتەیەكی ماوە و دەبێت كۆشكی سپی بە فەرمی ڕادەستی (دۆناڵد ترەمپ) براوەی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بكات. بەپێی سەرچاوە هەواڵە فەرمییەكانی نێو ئەمەریكا (بایدن) بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ (هانتەر)ی كوڕی دەركرد، كە چاوەڕوان دەكرا دادگا حوكمی سزادانی لە دژ دەربكات بە تۆمەتی خۆدزینەوە و ساختەكاری باج و هەڵگرتنی چەكی ئاگرینی بێ مۆڵەت.(بایدن) ڕایگەیاند هیچ كەسێكی خودان عەقڵ بڕوا بەم تۆمەتانە ناكات، ئەوەی ڕوودەدات دژی (هانتەر)ە، چونكە ئەوەی كراوە تەنیا لەبەر ئەوەیە كە ئەو كوڕی منە. “ئەمەش لەباربردنی دادپەروەرییە” لە ئەمەریكا. ئەو ڕاشكاوانە دەڵێت :پێشتر گوتم دەست لە كاروباری وەزارەتی داد وەرنادەم، بڕیارەكەی خۆمم جێبەجێ كرد، بەڵام كە بینیم كوڕەكەم بە شێوەیەكی ناڕەوا بە ئامانج گیراوە و نادادپەروەرانە دادگایی دەكرێت، ئەم بڕیارەم دا. ئەم مەسەلەیە كاتێك بەرەو تووندتر چوو، كە ژمارەیەك ناحەزی من لە كۆنگرێس ئەم كێشەیان بۆ لێدان و شكاندن و هێرشكردنە سەر من بەكارهێنا. ڕاشكاوانە لە گوتارەكەیدا گوتوویەتی “ باوەڕم بە سیستەمی دادوەریی و دادگا هەیە، بەڵام پێم وایە ئەمە فۆرمێكی چەقبەستووی سیاسییە، پرۆسەی دادگاكەیان گەیاندۆتە ئەم خاڵە و بۆیە ئەمەش دەبێتە هۆكار بۆ لەباربردنی دادپەروەریی. ئەمە قسەكانی سەرۆكی ئەمەریكایە، بۆ دادكۆكی و دەربازكردنی كوڕە تاوانبارەكەی لە سزای دادگا و لێپێچینەوە. ئەو هیچی لەبەردەم نەما، لە دوایین ساتدا ملكەچی بیركردنەوە لە بەرژەوەندی خانەوادە و كوڕەكەی نەبێت، بۆیە بڕیاری لێبووردنی وەكو (باوك و كوڕ) دەركرد و نایشارێتەوە كە كوڕەكەی بەهۆی ئەو خراوەتە ژێر گوشارەوە و دەیانەوێت دادگایی بكەن، ئەمەش دوورە لە دادپەروەریی. ناتوانم ئەوە بشارمەوە، كوڕەكەی لە دادگا دانی بە هەموو تاوانەكانی خۆی ناوە. بۆیە هەندێك لە ڕاگەیاندنەكانی ئەمەریكا ئەم هەڵوێست و ڕەفتارەی (بایدن) بە كردەیەكی درۆزنانە وەسف دەكەن. لەم گوتارەدا (بایدن) لە بنەڕەت و بە شێوەیەكی سەرەكی پەنای وەبەر كردەی پاساوهێنانەوە بردووە، پاساوهێنانەوە بۆ دەركردنی بڕیاری لێخۆشبوونی كوڕەكەی بەكار دەهێنێت و ئەم پاساوەشی لە چەند خاڵێكدا چڕ دەكرێتەوە:
یەكەم: پاساوی لاوازبوونی دادپەروەریی.
دوەم: بڕیاری دابوو دەست لە كاروباری داد وەرنەدات و نەشیكرد.
سێیەم: هەنتەر لەبەر ئەوەی كوڕی ئەوە ، بۆیە كراوتە ئامانج.
چوارەم: دادگاییكردنی كوڕەكەی پەیوەندی بە ململانێی سیاسییەوە هەیە.
پێنجەم: لەبەر بە سیاسیكردن و لاوازبوونی دادپەروەریی، ناچار بوو لە كۆتاییدا ئەم بڕیارە بدات.
سەرۆكی ئەمەریكا دەسەڵاتی خۆی لەپێناو پاراستنی كوڕەكەی و دەربازكردنی لە سزای دادگا بەكارهێنا، واتە لە سەرتاسەری دونیا بۆتە كارێكی ئاسایی، كە هەندێك دەسەڵاتی سیاسی و حوكمڕانی لە گەشەسەندووترین وڵاتی دیموكراسی و خاوەن دەسەڵاتی مێژوویی لە دادوەریی بۆ بەرژەوەندی تاكەكەسی و خانەوادەیی و خزمایەتی و پاراستنی برادەرە نزیكەكانی خۆیان بەكاربهێنن. (هانتەر) لەبەردەم دادگا دانی بە هەر نۆ تۆمەت نا، ئەم دادگایەش لە ویلایەتی دێلاوێر ئەنجام درا، سەرباری ئەوەش (هانتەر) بە درۆكردن لە بارەی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لەو كاتەی چەكی ئاگرینی كڕیوە تۆمەتبار كرا، ئەمەش تاوانێكی گەورەیە. ئەوەی (بایدن) دەیكات لە چوارچێوەی یاسا و دەسەڵاتی فەرمی وڵاتەكەیەتی، كە وەكو سەرۆك مافی لێبوردنی لە چەند كێشە و كەسێك هەیە، بەڵام ئەو لەپێناو پاراستن و دەربازكردنی كوڕەكەی لە سزا و بڕیاری دادگا دەسەڵاتی خۆی بەكارهێنا و لە گوتارەكەشیدا پاساوی هێناوەتە لەبەر چی ئەم دەسەڵاتەی هەتا دوایین هەفتەی دەسەڵاتداریی خۆی بەكارنەهێناوە. لە دیماهیدا دەبێژێت، ناچارم چونكە دۆزی كوڕەكەی لە دادگا وەكو گوشار و ململانێی سیاسی بەكارهێنراوە، بۆیە ناچارە ئەم بڕیارە بدات.بێگومان ئەم كۆتایی یارییە سیاسییەكان و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دادگا و سسیتەمی دادپەروەریی نییە، هەر زوو ترەمپ لە ڕێگەی گوتەبێژەكەی (ستیڤن چێونگ) وەكو هەنگوینی لە دار دۆزیبێتەوە لە ڕۆژنامەی (زی هێل) ئاشكرای كرد “ڕاوكردنی جادووگەرە شكستخواردووەكەی دژ بە سەرۆك ترەمپ سەلماندی، وەزارەتی داد لەژێر كۆنترۆلی دیموكراتەكان دایە و داواكاری گشتیش تووندڕەوە و سسیتەمی دادوەریان پەكخستووە. بۆیە پێویستە چاكسازیی لە سیستەمی دادپەروەریی بكرێت، دەبێت پرۆسەی یاسایی بۆ هەموو ئەمەریكییەكان بگەڕێندرێتەوە، ئەمەش ڕێك ئەوەیە، كە سەرۆك ترەمپ دەیكات، كە دەگەڕێتەوە كۆشكی سپی”. . لەبیرمان نەچێت (ترەمپ) زۆر لە (بایدن) پتر مەیلی بەلای خزم خزمانێ و لایەنگریی دۆستەكانیەتی.ئێمە دەزانین لە زۆر وڵاتی دونیادا دادگا و دادوەری گشتی و سیستەمی دادوەری گومانی زۆریان لەسەرە و هەمیشە ئەم بوارە لەلایەن دەسەڵاتداران و لایەنە بە هێزە سەربازی و سیاسی و ئەمنی بەكار دەهێنرێت و لە هەندێك كۆمەڵگەشدا هێزی چینایەتی كاریگەریی لەسەر ڕەوشی دادگا هەیە. ئەمەریكا بەوە ناسراوە كە یاسا لە سەرووی هەموو شتێك و دەسەڵات و كەسێكەوەیە و لە پیادەكردنیشدا بنەمای یەكسانیی و دادپەروەریی هەیە، ئەوەی هەنووكە دەیبینین بەشێكە لەو پرۆسە سیاسی و ململانێ سەختە حزبییەی كۆمەڵگەی دووچاری گومان و لاوازیی لە سیستەمی دادپەروەریی و دادگا و هەتا پرۆسەی دیموكراسیش كردووە.