خەبات: دانا بۆتانی:- جیهانی باڵندە جیهانێکی هێندە تایبەتە، کە دەچیتە ناوی بە ئەستەم دەتوانیت دانیشیت و هیچ نەڵێیت، ئاخر هەر یەکێک لەو باڵندانەی کە دەیبینت خاوەنی چەندین سەرگوزشتەو چیرۆکن، بۆ ئەمجارە لە جیهانی باڵندەدا کۆتری نامەبەرم هەڵبژاردووە و بەدواداچوونی بۆ دەکەم.

چۆن کۆترێکی نامەبەر بناسینەوە؟ نەبەز هەولێری كە شارەزاییەكی باشی لە جۆرەكانی كۆتر هەیە گوتی: کۆتر جۆری زۆرە و کۆتری نامەبەریش بە هەمان شێوە چەند جۆرێكن، کۆتری نامەبەر واتا کۆتری زاجل كە تایبەتمەندی بەخۆی هەیە، کۆترەکە سینگی دەرپەڕیووە و بەرزە، هەروەها کلکی کورتە و یەک پەڕە لە دواوە، بۆیە کە دەیبینت لەگەڵ کۆتری دیکەدا وا هەست دەکەیت کە ئەمە کۆترێکی وەرزشوان بێت لە چاو کۆترەکانی دیکە، کە بۆ جوانی نەهاتۆتە دنیاوە، بەڵکو بۆ ئەوە خوڵقاوە ئەو نامەیەی لەلایەتی بیگەیەنێتە دەستی خاوەنەکە، هەر ئەمەش بووە ناویان ناوە کۆتری نامەبەر.

مێژووی کۆتری نامەبەر لە جیهان و هەولێردا بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ سەنگەر بندیان ئارەزوومەندێكی دیكەی جیهانی كۆترەو گوتی: وەک هەر کۆترناسێکی دیکە دەتوانم بڵێم کۆتری نامەبەر مێژووێکی دوورودرێژی هەیە، هەر بۆیە پاشاکانی سەردەمی بابلی خۆشەویستیان بۆ کۆتری نامەبەر بەجۆرێک بووە بۆ دیدەنی هەر پاشایەکی دیکە کۆترێکی نامەبەریشیان بەدیاری داوە، واتا بە شتێکی جوان و گرانبەها سەیریان کردووە، لەگەڵ ئەمەشدا سوودیان لێ وەرگرتووە بۆ گەیاندنی نامە تایبەتەکانیان. لە هەولێریشدا مێژووێکی دوورودرێژی هەیە و بەڵام نزیکەی هەشتا ساڵێکە گرینگی پێدەدرێت و فازڵ عەباس یاریزانی یانەی هەولێری کۆن یەکێکە لە کۆنترین بەخێوکەرانی کۆتری نامەبەر لە ئێستادا و جێگای ئیفتیخارە بۆ هەموومان.

خەبات بەردەوام دەبێت و دەپرسێت: جۆر و رەنگی کۆتری نامەبەر چۆن دەناسرێتەوە؟ کاکەمەم هەوادارێكی دیكەی كۆترە و گوتی: ئەمانەش هەمەرەنگ و هەمەچەشنن، هەمانە رەنگی سیاهین واتا رەش، هەشمانە کۆترەکان شین و هەشمانە پنک پنکی سپین، بەڵام رەنگ لە جۆری کۆتری نامەبەر زۆر گرینگ نییە، ئەوەی گرینگە بۆ کۆتری نامەبەر جۆری فڕین و خێراییە، هەر بۆیە کۆرە نامەبەرەکان دابەش دەبن بەسەر سێ کۆمەڵەی جیاوازدا بۆ فڕین ئەمانەش مەودای کورت و مامناوەند و درێژ لە فڕیندا، بۆیە دەبینین کۆترێکی رەسەنی باشمان هەیە لە فڕیندا، بەڵام خێراییەکەی ئەو گونجاوە بۆ مەودای درێژ و ناتوانێت پێشبڕکێ بکات لەگەڵ کۆترێکی نامەبەر کە لەمەودای کورتدا باشە، بەپێچەوانەشەوە هەر راستە.

خەبات لە کۆتاییدا دەپرسێت: چۆن کۆترەکانتان ئامادە دەکەن بۆ پێشبڕکێیە وەرزشییەکان؟ سابیر خۆشناو باپیر دەڵێت: وەک هەر وەرزشوانێکی یاری ئاسن کۆتری نامەبەر پێویستە بەگوێرەی کۆرسەکەی بڕوات وەک خواردن دەبێت تێکەڵە بخوات واتا گەنم و ماش و چەند تێکەڵەیەکی دیکە بخوات تاوەکو ئەم کۆترە بتوانێت بەرگەی فڕینێکی زۆر و دووریش بکەوێتەوە لە نەخۆشی و بەرگریی جەستەی بەرزبێتەوە، لەگەڵ ئەمانەشدا دەبێت ورد ورد پرۆڤەی فڕینی پێبکەیت واتا لەماوەی کورت بیفڕێنیت واتا 20کم دەست پێبکەیت بۆی زیاد بکەیت بۆ فڕین.

ئەو مەرجانە چین بۆ کۆترێکی نامەبەر بۆ پێشبڕکێی فڕین؟ سابیر باپیر گوتی: لە ئێستادا ئێمە چەند یانەیەکی کۆتری نامەبەرمان هەیە هەر یەکێک لە یانەکانی برایەتی و تەعجیل و هەولێر و چەند یانەیەکی دیکەش لە عێراقدا بەشدار دەبن پێویستە کۆترەکە خاوەنی کۆدی خۆی بێت واتا ئەڵقەی تایبەتی دەخەینە قاچی و لەهەشت ژمارە پێکهاتووە و سیڤی خۆی و خاوەنەکەی لە خۆی هەڵدەگرێت و بەستراوەتەوە بە جی پی ئێس ئەویش دەبەسترێتەوە بە ئامێرێک بەناوی مێگا ئەم کۆترانەش لە یەک کات و شوێندا دەفڕن ئەوەی بەکەمترین ماوە دەتوانێت بگەڕێتەوە شوێنی خۆی یەکەم دەبێت بۆ ئەمساڵیش کۆترەکەی من بەناوی تۆڕنادۆ 2220 کم بە ماوەی نۆ کاتژمێر و سی خولەک بڕیوە ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردوە لە هەموو عێراقدا.

خەبات لە کۆتاییدا دەپرسێت: نرخی گرانترین کۆتری نامەبەر لە ئێستادا چەندە؟ لەیس مەحمەد کەریم گوتی: لە ئێستادا کارکردن لەسەر کۆتری نامەبەر حەز و خولیای تێپەڕاندووە وەک هەموو وڵاتانی جیهان بۆتە بزنس و کاری لەسەر دەکەین بۆ نموونە کۆترێکی باشی بەلجیکی یان هۆڵەندی رەسەن لەوانەیە نرخەکەی بگاتە سەرووی 50 هەزار یۆرۆ لە هەولێریشدا نرخی کۆترێکی باش دەگاتە سەرووی 30 هەزار دۆلاریش لە ئێستاشدا بیرلەوە دەکەینەوە چۆن کۆترێکی باشی نامەبەر بەرهەمی بێنین و وەک هەموو جیهان بڵێن کوردستانیش خاوەنی کۆترێکی نموونەیی نامەبەری جیهانی بێت.