خەبات: عەلی بانیشاری:- برنجی دەشتی شارەزوور جگەلە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق لە وڵاتانی دەرەوەش خواستێكی زۆری لەسەرە. كوردانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات داوا لە دۆست و هاوڕێیان دەكەن كە گەڕانەوە كوردستان چەند كیلۆیەك برنجی كوردی شارەزووریان بۆ بهێنن. بەگوێرەی داتاكانی بەڕێوەبەرایەیتی كشتوكاڵی شارەزوور، چاندنی چەڵتووك لە ناوچەكە بەراورد بە پێش ساڵی 2010 زیادیكردووە. بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارەزوور دەڵێت: ئەگەر لە شارەزوور یەك كیلۆگرام چەڵتووك دابچێنیت، 70 كلیۆ برنج بەرهەمی دەبێت.

فەریدون حەسەن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی شارەزوور بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان ئەمساڵ زیاتر لە 130 دۆنم زەوی كرابوو بە چەڵتووك. گوتیشی: بەپێی خەمڵاندنەكانی ئێمە كە بۆ بەرهەمی چەڵتووك كردوومانە، یەك و خەفتای بڕیووە، واتە هەر دۆنمێك زەوی كە كرابێت بە چەڵتووك، 1200-1300 كیلۆ برنجی تێدا بووە. ئاماژەی بەوەشدا، بڕشتی برنج لە چەڵتووك باشترە.

فەریدون حەسەن باسیلەوەشكرد، لە شارەزوو چەند جۆرێك برنج دەچێنرێت، لەوانە گوڵ سوور و گوڵ سپی و برنجی بۆندار و بێ بۆن، ئەو جۆرانە لە برنج خواستێكی زۆریان لەسەرە. زیاتر گوتی: ئەو چەڵتووكەی لە شارەزوور دەچێنرێت هی دەڤەری ئاكرێ و ناوخۆی هەرێمی كوردستانە و لە هەركوێ تۆوی باش هەبێت جووتیارانی شارەزوور دەیهێنن.

بەوتەی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارەزوور، چاندنی چەڵتووك پێویستی بە پلەی گەرمای بەرز و بەرزی ڕێژەی شێیە و وەكو ئەو دەڵێت ((دەشتی شارەزوو بەهۆی ئەو دوو تایبەتمەندییەوە، بۆ چاندنی چەڵتووك گونجاوە)). ساڵانە لە شارەزوور لە مانگی ئایار دەست بە داچاندنی برنج دەكرێت و لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەم و سەرەتای مانگی تشرینی دووەم دەست بە دروێنەی دەكرێت.

فەریدون حەسەن هێمای بۆ ئەوەشكرد، بەهۆی كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاو، لە ئێستادا 15-20 جووتیار پێكەوە و بە هەرەوەزی پارچەیەك زەوی دەكەن بە چەڵتووك، بەو پێیەی داچاندنی چەڵتووك پێویستی بە ئاوی زۆرە و جووتیارێك سەربەخۆ و بە تەنیا لە گوندەكەی خۆی ناتوانێت بەشە ئاوی چەند پارچە زەوییەك بكاتە یەك پارچە زەوییەوە، بۆیە لەو حاڵەتەدا چەند جووتیارێك كۆدەبنەوە و یەك پارچە زەوی دەكەن بە برنج و دواتر بەرهەمەكەی لە نێوان خۆیاندا بەش بەش دەكەن و هەر جووتیارێك بەشی خۆی بەردەكەوێت.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی شارەزوور هەروەها ئەوەشی گوت: لە ساڵانی نەوەدەكان جووتیارێكی زۆر لە شارەزوور برنجی كوردی دەكرێت، بەڵام دواتر داچاندنی چەڵتووك كەمیكرد، لە پاش ساڵی 2010ـەوە جارێكی دیكە جووتیاران ڕوویان لە داچاندنی برنجی خۆماڵی كرد، چونكە خەڵكێكی زۆر خواستی لەسەر برنجی كوردی هەبووە، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵیشە داچاندنی برنج لە شارەزوور ئەزموون كراوە و سەركەوتوو بووە.

فەریدون حەسەن دەشڵێت: برنجی كوردی شارەزوور خواستێكی زۆری لەسەرە و لە ڕووی مادییەوە جووتیاران سوود لە بەرهەمهێنانی دەبینن، بەو پێیەی هەر بە چەڵتووكی كیلۆیەك برنجی باشی دەشتی شارەزوو نرخەكەی دەگاتە 3000 دیناری عێراقی. ئامارێكی دروست سەبارەت بە ژمارەی ئەو جووتیارانە لە بەردەست نییە كە ساڵانە لە دەشتی شارەزوور برنج بەرهەمدەهێنن.