خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- هونەرمەند و ئاوازدانەری کورد هەڵکەوت زاهیر، لە قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسر لەپێشبڕکێی باشترین ئاوازدانەر بوو بە براوەی یەکەم و نازناوی باشترین ئاوازدانەری بۆ ساڵی 2024 بۆ دانرا، سەبارەت بەو پێشبڕکێییە هەڵکەوت زاهیر گوتی: هەڵبژاردن لەبوارە جیا جیاکانی دراما و شانۆ و گۆرانی کرا، لەناو چەندین ئاوازدانەر پێنج کەس ماینەوە، سوپاس بۆ خوا توانیم پلەی یەکەم بەدەست بهێنم و بەبراوەی یەکەم لەم بوارەدا هەڵبژێردرێم.
لەو بارەیەوە هەڵکەوت زاهیر لە قاهیرەوە تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات قسەی کرد گوتی: بۆ پێشبڕكێی هەڵبژاردنی باشترین ئاوازدانەر بۆ ساڵی 2024 لەگەڵ هونەرمەندان لەمیا جەمال و عەدنان تەیموور، هەروەها هونەرمەند مني عەبدولغەني بانگهێشتکرام بۆ ئەو پێشبڕکێیە، سوپاس بۆ خوای گەورە کە هەڵبژێردرام وەك باشترین ئاوازدانەر لەسەر ئاستی نیشتمانی عەرەبی بۆ ساڵی 2024، سوپاس بۆ هونەرمەندان كە هاوكارم بوون، هەڵکەوت زهیر گوتیشی: بە فەرمی ئاوازی گۆرانییەکان کەولەم ساڵە دامناون 2750 گۆرانی تێپەڕاندووە.