خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- لە گەڕی پێنجەمی خولی تۆپی پێی نایابی كوردستان، لە یاریگاکانی کوردستان، سێ یاری گرنگ بەڕێوەچوو، لەوانە لە یاریگای یانەی پیشەسازی و لە یارییەکی بەهێزدا، یانەی پیشەسازی میوانداریی یانەی ئاکرێی پاڵەوانی وەرزی ڕابردوو کرد، گێمی یەکەمی یارییەکە دەستیپێکرد و هەردوو تیپ بە هەستیارییەوە یارییان دەکرد، بەتایبەتی هەردوو یانە لە کۆی سێ یاری ڕابردوودا تووشی شکست نەهاتوون و هەردوو تیپ ئاست و ئەنجامیان لە یەکەوە نزیک بوو، بەپێی ڕیزبەندی خولەکە، هەر لەسەرەتای گێمی یەکەم تا کۆتایی هەردوو یانە کەمترین مەترسیان لەسەر گۆڵی یەکتر هەبوو و نەیانتوانی بەربەستی یەکسان بوون بشکێنن، گیمی یەکەمی یارییەکە بە یەکسان بوونی هەردوولا بەبێ گۆڵ كۆتایی هات.
گیمی دووەم دەستیپێکرد و هەردوو تیپ هەوڵی ئەوەیان دەدا کە ئەنجامی یارییە بگۆڕن و لە یارییەکە پێش بکەون، بەڵام گۆڵ تۆمار کردن دوا کەوت تا کۆتایی ساتەکانی یارییەكە، بەر لە فیکەی کۆتایی ناوبژیوان لە خولەکی 83دا یاریزانی یانەی پیشەسازی بیلال نەحنونس بەربەستی یەکسان بوونی شکاندن و گۆڵی یەکەم و سەرکەوتنی بۆ یانەکەی خۆی تۆمار کرد، بەم شێوەیە یارییەکە بەگۆڵێکی خاوێن لە بەرژەوەندی تیپی خاوەن یاریگە کۆتایی هات، بەم ئەنجامە یانەی پیشەسازی دوای ئەنجامدانی چوار یاری، کۆی خاڵەکانی بوو بە 10 خاڵ و چووە پلەی دووەم بەشێوەیەکی کاتی.
لەلایەكی دیكەوە و لە یاریگای یانەی سیروانی نوێ، هەردوو یانەی سیروانی نوێ و ڕانیە ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە، یارییەکە لەبەرژەوەندی سیروانی نوێ بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتایی هات، گۆڵەکانی یانەی سیروانی نوێ لەلایەن یاریزانان ئەیاد دیاری و جیهان جەلال تۆمار کران، تاکە گۆڵەکەی یانەی ڕانیە لەلایەن یاریزان دیار عەلی تۆمار کرا. لە یاری سێیەم و لە یاریگەی یانەی چوارقوڕنە، یانەی چوارقوڕنە پێشوازیی لە یانەی رزگاری کرد، یارییەکە بەیەکسان بوونی هەردوولا بە دوو گۆڵ کۆتایی هات و هەردوو یانەکە بە خاڵێکی یارییەکە رازی بوون، گۆڵەکانی یانەی چوارقوڕنە لایەن یاریزانان ئادەم قادر و و بەلێن فایەق و گۆڵەکانی یانەی رزگاری لەلایەن یاریزانان هەستیار دلشاد و حەسەن ئەکرەم تۆمار کران.