شاڵاو مدیر: هەرکەسێك پارچەیەکی کەلەپووریی هەیە، دەتوانێت بۆمان بێنێت، ئەگەر نەشیفرۆشێت، ئێمە دەتوانین بۆی نمایش بكەین

خەبات. شلێر کۆیی:- هاووڵاتییەكی شاری كۆیە لەسەر ئەركی خۆی مۆزەخانەیەكی كەلەپووری لە شارەكە بەپێی ستاندارد و ستایلێكی مۆدێرن دەكاتەوە، شاڵاو مدیر سەرپەرشتیاری مۆزەخانەكە لە دیمانەیەكی رۆژنامەی خەباتدا باس لەوە دەكات، كە زیاتر لە 40 هەزار پارچەی كەلەپووریی كۆكردۆتەوە و هەر پارچەیەكیش مێژوویەك دەگێڕێتەوە.

شاڵاو مدیر، بەڕێوەبەر و سەرپەشتیاری مۆزەخانەی کەلەپووریی کۆیە، سەبارەت بە کردنەوەی شوێنەکە بۆ خەبات گوتی: بەگرنگمانزانی لە شاری کۆیەش مۆزەخانەیەک هەبێت بۆ کەرەستە کەلەپوورییەکان، هاوشێوەی شارەکانی دیکەی کوردستان، هەرچەندە رەنگە ئەو مۆزەخانەی من لە هەموو مۆزەخانەکانی کوردستان پێشکەوتووتر بێت.

شاڵاو مدیر گوتیشی: ئێرە جگە لەوەی مۆزەخانەیە، قاوەخانەیەکیشە بۆ ئەوانەی حەز بکەن سەردانی بکەن و تیایدا بحەسێنەوە، هاوکات دەتوانن بۆ بۆنەکانیش شوێنەکە بەکار بهێنن. مۆزەخانەکەی ئێمە هەزاران پارچەی جۆراوجۆری کەلەپووریی تێدایە کە زۆربەی لە سفر و برۆنز درووستکراون و مێژوویەكی دێرینی شارستەنیەتی ئەم شارەی ئێمە دەگێڕنەوە.

شاڵاو مدیر، بەڕێوەبەر و سەرپەشتیاری مۆزەخانەی کەلەپووریی کۆیە

شاڵاو ئاماژەی بەوەشکرد کە زیاتر لە 40 هەزار پارچەی شوێنەواریی و كەلەپوورییان هەیە و دەڵێت: زیاتر لە 40 هەزار پارچەمان كۆكردۆتەوە، هەڵبەت هەموو ئەوانەیش بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون، درهەم و فلسی سەردەمی پاشایەتی عیراق لە شا فەیسەڵی یەكەمەوە تا شا فەیسەڵی دووەمی تێدایە، جگە لەو هەموو قاپ و حاجات و مەنجەڵ و پێداویستییانەی لە رابردوودا بەكارهاتوون، کە هەموویان لە مادەی سفر و برۆنز درووستکراون، هەروەها کەلوپەلی جووتیاران كە پێشتر بەكارهاتوون بۆ داچاندن و دروێنەكردن و عەمباركردن، بە كورتی هەموو شێك کە باب و باپیرانمان بەکاریان هێناوە، لێرە هەیە.

سەبارەت کۆکردنەوەی شاڵاو مدیر گوتی: چەند ساڵە سەرقاڵی کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانم و لە هەموو شارەکان گەڕاوم، لە هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و رانیە و حاجیاوا و چوارقوڕنە و گوندەکانی دەشتی کۆیە، كەلوپەلم دۆزیوەتەوەو كڕیوومە، هەزاران دۆلارم پێداوە و بەدڵنیاییەوە دەڵێم لە هیچ شارێکی کوردستان هاوشێوەی مۆزەخانەکەی ئێمەی لێنییە، لە قەبارەو جۆراوجۆریی شتەکان، دەشڵێت: لە ئێستاشدا هەرکەس پارچەیەکی کەلەپووریی هەیە، دەتوانێت بۆمان بێنێت، ئەگەر نەشیفرۆشێت، ئێمە دەتوانین بۆی نمایش بكەین تا سەردانیكارانمان بیبینن و لە شوێنی شیاوی خۆیدا بیپارێزین.

سەرپەشتیاری مۆزەخانەی کەلەپووریی کۆیە لە كۆتایی قسەكانیدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: ئامانجی سەرەکیم لەو کارە بۆ ئەوەیە ببێتە جێی دڵخۆشی خەڵک نەک بۆ بازرگانیكردن، بۆ هاتنە ژوورەوەش پارەیەکی ڕەمزی وەردەگرین تا پێویستییەكانی رۆژانەی مۆزەخانەكەمانی پێ دابین بكەین.

یەکێتی عەبدولواحید بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەوار و کەلەپووری کۆیە، لە بارەی کردنەوەی ئەم مۆزەخانەیە بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: شاری کۆیە بە شاری شوێنەوار و کەلەپووریی ناسراوە، مۆزەخانەیەكی وەهامان پێویست بوو، چونكە شوێنەوار و كەلەپووری شاری كۆیە مێژوویەكی زۆری هەیە، بۆیە دەستخۆشییان لێ دەکەین بۆ کردنەوەی ئەو شوێنە كەلەپوورییە و هیوادارم لە داهاتوودا زیاتر گرنگی پێبدەن و فراوانتری بكەن، تا نەوە دوای نەوە بیبینن و بزانن باپیرانمان چیان بەکار هێناوە و چۆن ژیاون، هەروەهاش ئەم مۆزەخانە كەلەپوورییە دەرگایەکی دیکە دەبێت بۆ گرنگی پێدان لەلایەن گەشتیاران و سەردانیكردنی.