خەبات: عەلی بانیشاری:- لەڕێگەی دابەزاندنی كۆنمرەی وەرگرتن لە بەشە جیاجیاكانی كۆلێژەكە، ڕێگری لە داخستنی چەند بەشێكی كۆلێژی ئاداب دەكرێت و وەرگرتنی قوتابیان لەو كۆلێژە كۆنەی زانكۆی سەلاحەدین/هەولێر بۆ چەند هێندەی ساڵی ڕابردوو بەرزدەكرێتەوە. ساڵی خوێندنی 2023-2024 تەنیا 177 قوتابی كۆلێژی ئاداب وەرگیرابوون، بەڵام ئەمساڵ ژمارەكە بۆ سەرو 600 قوتابی بەرزبووەتەوە. پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو هەریەكە لە بەشەكانی (فەلسەفە، شوێنەوار، كاری كۆمەڵایەتی) بەهۆی كەمی وەرگرتنی قوتابی دابخرێن، بەڵام ڕاگری كۆلێژی ئاداب كە ماوەی پێنج مانگە دەستبەكاربووە دەڵێت: ئەو مەترسییەی لەسەر داخستنی ئەو بەشانە نەماوە.

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. موسا محەمەد، ڕاگری كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین/هەولێر لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ (خەبات) گوتی: ساڵی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆر كەمی قوتابی لە كۆلێژی ئاداب وەرگیرا، تەنانەت لە هەندێك لە بەشەكان هیچ قوتابییەك وەرنەگیرابوو، بەڵام ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆری قوتابی لە كۆلێژەكە وەرگیراون، لەبەر هۆكاری جیاجیا بەشێك لەو قوتابیانە داوای دابەزاندن و گواستنەوەیان كردووە بۆ شوێنەكانی دیكە، ئێمەش ڕێگریمان لە كەس نەكردووە، چونكە دەزانین بارودۆخی هاووڵاتیان لە ڕووی باری داراییەوە چۆنە، ڕەنگە لەبەر باردۆخی دارایی قوتابی ناچار بێت داوای دابەزاندن بكات بۆ ئەوەی لە شارێكی نزیك لە ماڵی خۆی درێژە بە خوێندن بدات.

بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، 20%ـی قوتابیان پاش وەرگرتنیان لە هەر بەشی كۆلێژێك، ئەگەر ئارەزووی خوێندنیان لەو بەشە نەكرد، دەتوانن داوای دابەزاندن و گواستنەوە بكەن بۆ بەش و كۆلێژێكی دیكە. دكتۆر موسا محەمەد دەڵێت: ئێمە زیاتر لە 20% ڕێگەمان بە قوتابیان داوە داوای دابەزاندن و گواستنەوە بۆ بەش و كۆلێژەكانی دیكە بكەن.

بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025، لە كۆلێژی ئاداب 609 قوتابی لە بەشە جیاجیاكان لە ڕێگەی زانكۆلاین و پارالێڵ وەرگیراون بەم شێوەیە (مێژوو 140 قوتابی، جوگرافیا 112 قوتابی، كۆمەڵناسی 98 قوتابی، شوێنەوار 42 قوتابی، دەرونزانی 69 قوتابی، كاری كۆمەڵایەتی 72 قوتابی، ڕاگەیاندن 40 قوتابی، فەلسەفە 36 قوتابی).

بەوتەی ڕاگری كۆلێژی ئاداب، ئەو مەترسییەی ساڵی ڕابردوو لەسەر هەندێك لە بەشەكانی كۆلێژی ئاداب هەبوو كە دابخرێن، ئەمساڵ نەماوە. وەكو دكتۆر موسا محەمەد دەڵێت: بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدەین هیچ بەشێك دانەخرێت، چونكە ئەو بەشانە بە ئاسانی دانەمەزراون، خۆ ئەگەر ژمارەی وەرگرتنی قوتابیان لەو بەشانە نەگاتە نیسابی یاسایی، ڕەنگە رووبەڕووی داخستن ببنەوە، بەڵام ئەمساڵ زۆربەی بەشەكان قوتابیان بۆ هاتووە و سەرۆك بەشەكانیش هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی قوتابی بۆ لای خۆیان ڕابكێشن.

هەروەها ناوبراو باسیلەوەشكرد، نەبوونی دەرفەتی كار لە كەرتی حكوومی و ئەهلیی كاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی قوتابیان كەمتر ڕوو لە كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان لە تەواوی زانكۆكان بكەن، چونكە دەرچووانی كۆلێژەكە پاش چوار ساڵ لە خوێندن ئایندەیەكی مسۆگەریان نییە یان دانامەزرێن و بێكار دەمێننەوە.

ئەوەشی گوت: ڕاگرانی پێشتری كۆلێژەكانی ئاداب و زمان لەگەڵ وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دانیشتوون و گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی كە دەرچووانی هەردوو كۆلێژی ئاداب و زمان هاوشێوەی دەرچووانی كۆلێژی پەروەردە وەكو مامۆستا دابمەزرێن، ئەوەش پاش بەشداریكردن لە چەند وانەیەكی پەروەردەی.

ئەنجوومەنی كۆلێژی ئاداب لە ڕێگەی دابەزاندنی كۆنمرەی وەرگرتن لە بەشە جیاجیاكانی كۆلێژەكە هەوڵیداوە زۆرترین قوتابی وەربگرێت. ڕاگری كۆلێژەكە دەڵێت: یەكێك لە هۆكارەكان كە بووبووە هۆی ئەوەی كەمتر قوتابی ڕوو لە كۆلێژی ئاداب بكەن، بەرزی كۆنمرەی وەرگرتن بوو لە بەشەكان، بەڵام وەكو ئەنجوومەنی كۆلێژ بڕیارمانداوە كۆنمرەی وەرگرتن لە ئێواران و پارالێڵ داببەزێنین، ئەگەرچی زانكۆ ئەهلییەكان نمرەی وەرگرتنیان زیاتر دایانبەزاندووە.

دەشڵێت: دابەزاندنی كۆنمرەی وەرگرتن كاریگەری نابێت لەسەر ئاستی زانستی قوتابیان، چونكە كۆلێژی ئاداب خاوەنی ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستای بەتوانایە. دكتۆر موسا محەمەد هێمای بۆ ئەوەشكرد، زانستە مرۆڤایەتییەكان یەكێك لە بابەتە هەرە گرنگەكانی ناو كۆمەڵگا و پێویستە ئەو بوارە فەرامۆش نەكرێت، پێشتر لە ڕێگەی میدیایەوە هەندێك شت لەسەر ئایندەی دەرچووانی ئەو كۆلێژە گوتراوە بووەتە هۆی ئەوەی كەمتر قوتابی ڕوو لە زانستە مرۆڤایەتییەكان بكات، كۆلێژی ئاداب لە 31/8/1971 لە زانكۆی سلێمانی كراوەتەوە و لە ئێستادا لە هەشت بەش پێكهاتووە و نزیكەی 2500 قوتابی و 421 مامۆستا و فەرمانبەری میلاكی هەیە.