خەبات-سەرهەنگ نەجمەدین
کچانی تۆپی دەستی ئافرەتانی کەرکووک، بەمەبەستی تۆکمەکردنی ئاستی تیپەکەیان و ئامادەکاریی بۆ خولی تۆپی دەستی یانەکانی عێراق، هەفتەی ڕابردوو بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەكی دۆستانەی تۆپی دەست لە كوێت كرد.
لە پاڵەوانێتییەکەدا پێنج یانە بەشداریان کردبوو کە بریتیبوون لە یانەکانی (سەلواسەباحی کوەیتی، یانەی قەتەر، ئافرەتانی کەرکووک، بەحرەین، مەسیرەی عەممان)، هەر یەک لەیانەکانی سەلواسەباحی کوێتی، و یانەی قەتەر و ئافرەتانی کەرکوک، پلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمیان بەدەستهێنا.
لە مبارەیەوە یاریزانی تۆپی دەستی ئافرەتانی کەرکووک پەرێز سلێمان عوسمان لەبارەی بەشداریکردنیان و رێکخستنی پاڵەوانێتییەکە بۆ خەبات ڕایگەیاند: بەشداریکردنمان لەپاڵەوانێتی دۆستانەی تۆپی دەستی یانەکانی عەرەبی لەوڵاتی کوەیت، خۆی لەخۆیدا هەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی بوو بۆ ئێمەو سەرجەم بەشداربووان، بە تایبەتی لە ڕووی ڕێکخستن و ئامادەکاریی پاڵەوانێتییەکە، وڵاتی کوێت تارادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوو، لە هەمووی گرنگتر و سەرنجڕاکێشتر لە نێو پاڵەوانیتییەکە، ئەوەبوو کە هۆڵە پیشکەوتووەکانی ئەو وڵاتە ئێمەی شۆک کرد، نازانم چۆن وەسفی ژێرخانی ئەو وڵاتە بکەم لە هەموو ڕوویەکەوە، یانەکانی ئافرەتان پێش دەستپێکردنی خول و پاڵەوانێتی، ڕۆژانە مەشق و ڕاهێنانێکی چڕ و پر ئەنجام دەدەن لە ژێر سەرپەرشتی باشترین ڕاهێنەری ئەو وڵاتە، بۆیە ئەوەی لەو پاڵەوانێتییە بینیمان، زۆر جیاوازە لەگەڵ پاڵەوانێتییەکانی وڵاتی خۆمان.
شایەنی باسە کچانی تۆپی دەستی ئافرەتانی هەولێر لە پاڵەوانێتییەکەدا، چوار یارییان ئەنجام دا، لە دوو یاری براوە بوون و لە دوو یاریش شکستیان هێنا، بە پێی ڕیزبەندی خاڵەکانی پاڵەوانێتییەکە، یانەی سەلوای سەباحی کوەیتی بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ، یانەی قەتەر بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ، یانەی ئافرەتانی کەرکووک بەکۆکردنەوەی 4 خاڵ، پلەکانی یەکەم و دووەم وسێیەمی پاڵەوانێتییەکەیان بەدەستهێنا.