خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- لەمیانی یارییەکانی هەفتەی هەشتەمی خولی تۆپی پێی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمشەو کاتژمێر 7.30، لە یاریگەی نێودەوڵەتی فڕەنسۆ هەریری، یانەی هەولێر لە بەردەم ئەرکێکی ئاساندا میوانداریی یانەی حدود دەکات، هەولێر بەرامبەر تیپێک یاری دەکات كە 7 یاری ئەنجامداوە، هەر هەمووی دۆڕاوە، بەمەش دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم یانەی هەولێرە بۆ بەدەستهێنانی 3 خاڵ.
لەم کاتەدا یانەی حدود بە خراپترین ئاست تێپەر دەبێت و لە پلەی دواهەمینی ڕیزبەندی خولەکەدایە، ئەم هەلە ئاسانە بۆ یانەی هەولێر هاتۆتە پێش و نابێت ئەم دەرفەتە لە دەست خۆی بدات، بە تایبەتی سەمیر بابۆی ڕاهێنەر پێویستە بەرامبەر حدود جگە لەپلانی هێرشبردن بەهیچ پلانێکی دیکە یاری نەکات، چونکە بردنەوەی یارییەکە هێز و مەعنەویاتێکی باش دەبەخشێتە تیپەکە بۆ قەرەبوو كردنەوەی شکستی یاری ڕابردوو.
لەلایەكی دیكەوە بڕیار وابوو سبەی چوارشەممە لە شاری بەسڕە ، هەردوو یانەی مینا و زاخۆ ڕووبەڕووی یەکترببنەوە، دوای تێپەربوونی 7 گەڕ بەسەر یارییەکان، تا ئیستا زاخۆ بەکۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی چوارەمی ڕیزبەندی خولەکەدایە، بۆیە لەیارییەکەی بەرامبەر مینا، نایەوێت بە ئاسانی پلەکانی سەرەوە لەدەست بدات، هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ تا سەرکەوتن و 3 خاڵی یارییەكە بەدەست بهێنێت، لە بەرامبەردا مینای خاوەن یاریگە و هاندەر، لەلای خۆیەوە هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ تا بتوانی شکست بەتیپی میوان بهێنێت و ئەنجامی یارییەکە لەبەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێ بهێنێت.
شایەنی باسە بەپێی بڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، یاری نێوان نەورۆز و قوەی جەوییە و دهۆک و قاسم بۆ کاتێکی دیکە دواخست، بەتایبەتی یانەی دهۆک لەم هەفتەیەدا بەرامبەر یانەی نەسری سعودی یاری دەکات، بەم هۆیەوە یارییەکەی دهۆک بەرامبەر یانەی قاسم دواخرا.