بەختیار مامەسێنی: ڕەنگی كڵاو و جامانە رۆڵێكی باڵای لە ناسینەوەی هۆز و تیرەكان هەیە

هیدایەت شێخانی: بەستنی كڵاو و جامانە هونەرە و هەموو كەس نازانێ بیبەستێت

خەبات: دانا بۆتانی:- فەرهەنگی کوردی بە كلتوور و رەسەنایەتییەكەیەوە دەوڵەمەندە، بۆیە هەمیشە باوک و باپیرانمان بە شانازيیەوە جلوبەرگی کورديیان پۆشیووە و کڵاو و جامانەی و موشکییش بەشێک بووە لە جلوبەرگی کوردی و شێوازی بەستنی کڵاو جامانەش بەپێی هۆز و ناوچە دەگۆڕێت و هەریەکێک لە شێوەو رەنگی جامانە و کڵاوەژان ئاماژەو مانایەکی تایبەتی هەیە، هەم بۆ خودی بەکارهێنەرەکەو هەمیش هۆزەکەی. وەک رۆژنامەی خەبات باس لە جۆر و شێوازی بەستنی جامانە دەکەین لە کوردستاندا.

لە وەڵامی ئەوەی ئایا مێژووی بەستنی جامانە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ بەختیار مامەسێنی گوتی: وەک فرۆشیارێکی کڵاو جەمەدانی و شارەزا لە بەستنی کڵاو جەمەدانی، دەتوانم بڵێم لە کۆنەوە شانبەشانی پۆشینی جلی کوردی کڵاو جامانەش ئامادەیی هەبووە بۆ رێکپۆشی خۆیان و دەرخستنی جلوبەرگی کوردی کڵاو جامەنەیان بەستووە، بەڵام دەتوانین لە هەولێردا بڵێین بۆ یەکەمینجار هۆزی دزەیی لە شاری هەولێردا لەگەڵ پۆشینی جلوبەرگی کوردی جامانەشیان بەستووەو وردە وردە بۆتە نەریت و ئەوانی دیکەش لاساییان کردۆتەوە و بەستوویانە.

لە وەڵامی ئەوەی رەنگ چ رۆڵێک دەگێڕێت لە جامانەکاندا؟ ئەو گوتی: رەنگ رۆڵێکی باڵا دەگێڕێت بۆ ناسینەوەی هۆزەکان بۆ نموونە هۆزی بارزان یان بارزانییەکان دەبینین جامانەکانیان رەنگی سوورەو کڵاوەکەشیان رەنگی سپییە، کەچی لە هەولێردا بە پێچەوانەیە بۆ نموونە کەسێکی دەشتی قەراج و کەندێناوە جامانەکەیان رەنگی رەش و سپییە، بەڵام کڵاوەکانیان بەنەخش و نیگار و زەردە هەندێک پێیانوایە رەنگی سوور بە مانای قوربانیدان و بەرخودان دێت بۆ دەڤەری بارزان، چونکە ئەم دەڤەرە هەمیشە پێشەنگ بووە لە رووبەڕووبوونەوەی ستەمکاران و قوربانی زۆری داوە بۆ کوردو کوردستان، هەروەها دانانی رەنگی سپیش لە نێو ئەو سوورەدا دەڵێن بە مانای ئاشتی دێت، واتە ئەم دەڤەرە هەمیشە پێیوایە ئاشتی باشترە لە شەڕ، لەگەڵ ئەمانەشدا جامانە سیمایەکی جوان دەبەخشێت بە جلوبەرگی کوردی. بەڵام لە دەشتی قەراج بە پێچەوانەوە ئەو پیاوانەی جامانەکەیان قیت و قۆزە یان کڵاوەکەیان رەنگاورەنگە بەو مانایە دێت کەسێکی لێهاتوو و پارەدارە، یان هەندێکجار بەمانای ئەوە دێت هێشتان گەنجەو دەیەوێت گەنجتر بێتەوە لە ناو هەولێرێشدا پێیان دەڵێن پیاوانی دڵتەڕن.

لەبارەی نرخی کڵاو جامانەیەکی باش دەگاتە چەند؟ بەختیار مامەسێنی گوتی: کڵاو و جامانە جۆریان زۆرە و شێوازشیان هەمە جۆرە، چونکە دروستکردنیان کاری دەستییە، بۆیە بەپێی ئەو شارەزایەی کە کڵاوەکە دەچنێت دەکرێت نرخەکەشی دیاری بکرێت، بۆ نموونە کڵاوێکی دەڤەری رانیە کە بەدەستی وەستایەکی شارەزا دروست کرا بێت نرخەکەی دەگاتە نزیکە 50 هەزار دینار، لەگەڵ جامانەیەکی دزەییانەی جوانی ریشەدار نرخەکەی بگات بە 150 هەزار دیناریش.

بەختیار مامەسێنی فرۆشیاری كڵاو و جامانە

کێن ئەوانەی ئارەزووی بەستنی جامانەو کڵاو دەکەن لە ئێستادا؟ بەختیار مامەسێنی گوتی: ناتوانیت تەمەنێکی دیاری کراو هەڵبژێریت، چونکە لە ئێستادا خواست لەسەر جلوبەرگی کوردی زۆرەو کڵاو جامانەش بۆتە مۆدێل، بۆیە دەبینین گەنجەکانمان تامەزرۆترن لە پیاوە بەتەمەنەکان چونکە گەنجەکانمان ئەمڕۆ بە بەستنی شێوەی جامانەکەی بڵێت من چ هۆزێکم چەند جوانە جلی کوردی هەم دامدەپۆشێت هەمیش ناسنامەمە، هەندێکی دیکەش وەک چاولێکەری دەیانەوێت بۆ چرکاندنی چەند وێنەیەک بۆ هەمیشە لە یادەوەریەکانیان بمێنێتەوە ئەم کلتوورە جوانە.

هیدایەت شێخانی فرۆشیاری كڵاو و جامانە

کێن ئەوانەی تۆ کڵاو جامەنەت بۆ بەستوون؟ ئەو گوتی: بە شانازیەوە من کڵاو جامانەم بۆ گەلێک پیاو ماقولی ئەم شارە بەستووە و بەهۆی شارەزاییم لەم بوارە کە بەستنی کڵاو جامانەیە لە زۆربەی بۆنە گرینگەکان پیاو ماقولان بەشێک لە بەرپرسان کڵاو جامانەم بۆ بەستاون، تەنانەت بۆ جەنابی پارێزگاری هەولێریشم بەستووە لە بۆنە گرینگەکاندا هەر ئەمەندەش نا بۆ کونسولی ئەمریکا و چین و کوێتیشم بەستووە.

خەبات بەردەوام دەبێت و دەپرسێت لە کەسێکی دیکەی شارەزای کڵاو جامانە چۆن بتوانین لە رێگای کڵاو جامانەوە هۆزەکان بناسینەوە؟ هیدایەت شێخانی گوتی: ئەگەر تەماشا بکەین دەبینین دەڤەری بارزان دوو جامانە دەبەستن هەروەها رەنگی جامانەکەش سوورە کەچی برادۆستی و گەردی و بەشێک لە هۆزەکانی دیکە تەنیا خڕە و زۆر توند نییە، کەچی دەبینین دەشتی هەولێر و قەراج و کەندێناوە جامانەکەیان رەش و سپیە، بەڵام گوڵینگەدارن و بەلای دواوە شۆڕ بۆتەوە، لای دزەییەکان بەپێچەوانەوە بەلای پێشەوەدا شۆڕبۆتەوە دەبینین هۆزی بڵباس بەهیچ لایەکیاندا شۆڕ نابێتەوە لە پشتەوە ریشەدارێکی کورت دەبیندرێت لە ناوچەکانی سلێمانیش دەبینین مشکی لە جێگای جامانە دەبەسترێت و هۆزەکانی ئەو ناوچانەش بە هەمان شێوە لە رێگای بەستن رەنگەوە دەناسرێنەوە جیهانی جامانەو کڵاو جیهانێکی رەنگاو رەنگ و گەورەیە ئەمەش بە هۆی دەوڵەمەندی کلتور و فەرهەنگی کوردیەوەیە بەستنی جامانەو کڵاو بەراستی هونەرە هەموو کەسێک ناتوانێت جوان بیبەستێت، بۆیە رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانمان دەکەن لە هەموو تەمەنێک بۆ بەستنی کڵاو جامانەی کوردی.