خەبات: پەریهان عومەر:- هونەرمەند ڕێڤین ئاراس عابد، لە دایکبووی شاری هەڵەبجەیە، لە منداڵییەوە خولیای هونەر و گۆرانی گوتن بووە و لەگەڵ زۆر گرووپ کاری کردووە، بەکالۆریۆسی لەبەشی میوزیک لە زانکۆی سلێمانی هەیە، لە دیدارێکدا بۆ خەبات باس لە کارە هونەرییەکانی خۆی دەکات، هونەرمەند ڕێڤین ئاراس باسی له جۆر و ستایلی کارەکانی دەکات و دەڵێت: جۆر و ستایلی کارەکانم، گۆرانییە فۆلکلۆرە کوردییەکانە، ئەمەش بە هۆکاری ئەوەی کە کورد خاوەنی هونەرێکی ڕەسەن و کولتوورێکی جوانی تایبەت بە خۆیەتی.
هەروەها زیاتر باس لە کارەکانی خۆی دەکات و دەڵێت: سێ کاری تایبەت بە خۆمم هەیە کە دووانیان فۆلکلۆرین و ئەوەی دیکە پۆپ سونەتییە. دەشڵێت: ئێستا چەند میلۆدییەکی جیاوازم نوسیووە بۆ چەند بەرهەمێکی تایبەت و لە داهاتوودا بڵاویان دەکەمەوە.
هەروەها زیاتر باسی لە هونەرەکەی کرد گوتی: هونەری کوردی لە بنچینەدا سەنگ و شیرینییەکی خۆی هەیە، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و هونەری جیهانی، هونەری کوردییش تێکەڵ بە ستایلە جیاوازەکان کراوە، ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە تاکی کورد دەستێکی باڵاو شارەزایی لە ستایل و کارە جیاوازەکان هەیە، ئەمەش دڵخۆشکەرە کە هونەر لە بەرەو پێچووندایە هاوشان بە میوزیکی گەلان، بەڵام گرنگترین بابەت ئەوەیە کە ئەم پێشکەوتنانە نەبێتە هۆی کاڵکردنەوە و نەمانی هونەرە ڕەسەنە کوردییەکە.