خەبات: عەلی بانیشاری:- وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پەتای سكچوون و ڕشانەوە كە لە ڕۆژی چوارشەممەوە لە شارەزوور بڵاوبووەتەوە، سەرچاوەكەی (ئاوی پیسە)، بەشێوەیەك (ئاوی پیس تێكەڵ بە ئاوی خواردنەوەی ماڵان بووە و بەوهۆیەوە ژمارەیەكی بەرچاو لە خەڵكی قەزاكە تووشی پەتاكە بوون). وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: پەتاكە مەترسیدار نییە و لە ئایندەیەكی نزیكدا دۆخەكە كۆنتڕۆڵ دەكرێت. دكتۆر سەركار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: ڕۆژی چوارشەممە 6ـی تشرینی دووەم كە پەتای سكچوون و ڕشانەوە لە قەزای شارەزوور بڵاوبووەتەوە، وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەكی تایبەتمەندی بە سەرپەرشتی دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و دكتۆر ئاسۆ زەنگەنە، بەڕێوەبەری خۆپارێزی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی پێكهێناوە و ڕاستەوخۆ هەر هەمان ڕۆژ لیژنە تایبەتمەندەكە ڕەوانەی شارەزوور كراوە.

گوتیشی: لە نێو لیژنەكە پزیشكی پسپۆڕ و پزیشكی تەندروستی كۆمەڵ و پسپۆڕی تاقیگە و كۆكەرەوەی داتا هەبوون. ئاماژەی بەوەشدا، یەكەم ڕۆژی بڵاوبوونەوەی پەتاكە، وەزارەتی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی سلێمانی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی پزیشك و كارمەندی تەندروستی و دەرمان و پێداویستی پزیشكی ڕەوانەی قەزای شارەزوور بكات.

سەركار سورچی ڕاشیگەیاند: لە شەوی هەینییەوە 8ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕێژەی توشبوون بە پەتای سكچوون و ڕشانەوە لە شارەزوور كەمیكردووە و لە ئایندەیەكی نزیكدا دۆخەكە كۆنتڕۆڵ دەكرێت. باسیلەوەشكرد، لێكۆڵینەوە لە هۆكاری بڵاوبوونەوەی پەتاكە كراوە و هۆكارەكان دەستنیشانكراون و دەركەوتووە بەهۆی شكانی بۆرییەوە، ئاوی پیس تێكەڵ بە ئاوی خواردنەوەی ماڵان بووە و سەرچاوەی سەرەكی بڵاوبوونەوەی پەتاكە (ئاوی پیسە).

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی گوت: پەتاكە لە نێو هەموو تەمەنەكان بڵاوبووەتەوە، بەڵام حاڵەتەكان مەترسیدار نین و زۆرینەی تووشبووان پاش وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی لە نەخۆشخانە، تەندروستیان باش بووە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە، فەرمانگەی ئاو شارەزوور داوای لە دانیشتووانی بەشێك لە گەڕەكەكانی قەزاكە كردووە هەستن بە خاوێنكردنەوەی تانكی ئاوی ماڵەكانیان بۆ ئەوەی حاڵەتەكانی سكچوون و ڕشانەوە زیاتر نەبن.

نەخۆشخانەی گشتیی شەهید ڕەئوف بەگ لە شارەزوور بڵاویكردووەتەوە، پەتای سكچوون و ڕشانەوە كە لە شارەزوور بڵاوبووەتەوە جێگەی مەترسی نییە. نەخۆشخانەكە دەڵێت: سەرەڕایی زۆری ڕێژەی تووشبووان، بەڵام نەخۆش بە وەرگرتنی چەند چارەسەرێكی سەرەتای تەندروستی جێگیر دەبێت، لەلایەكی ترەوە نەخۆشخانەی شەهید ڕەئوف بەگ داوای لە دانیشتووانی قەزای شارەزوور كردووە پەیڕەوی چەند ڕێنماییەك بكەن. لەوانە: (ئاوی تانكی ماڵان بۆ ماوەیەكی كاتی بەكارنەهێن و ئاوی بوتڵكراو بخۆنەوە. تانكی ئاو بەتاڵ بكەن و بیشۆن و چاوەڕێی ئاوی خاوێن بكەن و پاشان بەكاریبهێنن).

ڕۆژی شەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2024، وەفدێكی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەسەرپەشتی وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی سەردانی شارەزووریان كرد و بەدواداچوونیان بۆ ڕەوشی تەندروستی هاووڵاتیانی قەزاكە كرد.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی گوتی: حاڵەتێكی زۆری سكچوون و ڕشانەوە لە هەڵەبجەی تازە تۆماركراوە، بەڵام ئێستا حاڵەتەكان كەمتر بوونەتەوە. گوتیشی: تیمەكانی تەندروستی ڕاسپێردراون هەموو هەوڵێكی خۆیان بدەن بۆ چارەسەركردنی تووشبوون و دابینكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی سلێمانی، نزیكەی 3000 كەس لە شارەزوور تووشی پەتای سكچوون و ڕشانەوە بوون. بەپێی زانیارییەكانی (خەبات) نەخۆشێكی كەم لە نەخۆشخانەی شەهید ڕەئوف بەگ لە قەزای شارەزوور ماونەتەوە و زۆرینەی ئەو كەسانی تووشی پەتای سكچوون و ڕشانەوە بوون پاش وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.