خەبات: ئەحمەد تاریق:- شێوه‌كار كانی كامه‌ران، خه‌ڵكی چۆمانه، ئێستا قوتابی قۆناغی چوارە لە كۆلیژی هونه‌ره جوانه‌كانی هەولێر. تا ئێستا كاره‌كانی به شێوازێكی كوالێتی و سه‌رده‌میانه پێشكه‌ش کردووەو هه‌روه‌ها خاوه‌ن کۆمەڵێک تابلۆی جوان و سه‌رنج ڕاكێشه، له دیمانه‌یه‌ك بۆ خەبات وەڵامی چەند پرسیارێکی داینه‌وه.
*هونه‌ری شێوه‌كاری چی پێ به‌خشیوویت؟
هونه‌ر بۆ من خۆراكی ڕوحە، ئارامگه‌یه‌كه تیایدا دەحەسێمەوە، جیهانێكی جیاوازی پێ به‌خشیووم کە وایكردووه من ئه‌وده‌مه‌ی خه‌ریكی كارێكی هونه‌ریم بڕۆمه جیهانێكی جوانتر، هه‌روه‌ها جیهانێكی ئارام و پڕ ره‌نگه بۆ من، ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت له‌و جیهانه‌دا هه‌یه كه هونه‌ر پێی به‌خشیووم، پێموایە ده‌بێت زیاتر لە هونەری شێوەکاری قووڵ ببمه‌وه و باشتر خۆم بدۆزمه‌وه له‌وه‌ی ئێستاکە هه‌م، ئه‌وه‌ش بۆته هۆكار تا زیاتر هه‌وڵبده‌م له ئاینده‌یه‌كی نزیك و لە ئه‌زموونێكی باشتر پێشانگەی تایبه‌تم هەبێت.
*تا ئێستا فێرخوازت هه‌بووه له بواری شێوه‌كاریدا، ئه‌مه چ ئه‌زموونێك بووه بۆتۆ؟
بۆ ماوه‌ی دووساڵ من خولی شێوه‌كاریم كردۆته‌وه له ناوه‌ندی كولتووری چۆمان، ساڵی یه‌كه‌م فێرخوازه‌كانم منداڵ بوون له‌ته‌مه‌نی پێنج بۆ هه‌شت ساڵ بوون، له ساڵی دووه‌مدا ته‌مه‌نیان له نێوان پازده بۆ بیست ساڵ بوو، ئه‌وه‌ی زۆر دڵخۆشی كردووم ئه‌زموونی كاركردنم بوو له‌گه‌ڵ ئه‌م منداڵانه كه وایكرد من باشتر خۆم بدۆزمه‌وه، چونكه ئه‌و ده‌مه‌ی له منداڵێكدا ورد ده‌بیته‌وه ده‌توانی د‌رك به زۆرشت بكه‌یت، بۆ نموونه ده‌توانن تۆش له‌گه‌ڵ خۆیان ببه‌نه‌وه بۆ سه‌رده‌می منداڵی تا ده‌توانن خه‌یاڵت بكه‌نه‌وه و بێ ترس له‌گه‌ڵیان برۆیت تا كۆتا رێگاكه، وایانكرد ئه‌مه كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر من، باشتر منداڵی خۆم و منداڵان بناسم، بێگومان بۆ ساڵی دووه‌میش به‌هه‌مان شێوه هەرچەند فێرخوازه‌كانم گه‌وره‌تر بوون، به‌ڵام ئاڵوگۆڕێكی زۆر جوانمان كرد.
*كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كان تاچه‌ند ده‌توانێت هاوكاربێت له به‌رهه‌م هێنانی هونه‌رمه‌ند؟
ئه‌وە ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ لایەنی پەیوەندار كه تاچه‌ند گرینگی ده‌دات به‌لایه‌نی هونه‌ری، چونكه ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت گرینگی نه‌دات به زانكۆ و په‌یمانگە هونه‌رییه‌كان به تایبه‌ت له‌لایەنی ماددی، كه به‌داخه‌وه ئەگه‌ر باس له كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كانی هه‌ولێر بكه‌م وه‌ك پێویست گرینگی پێ نادرێت و زۆرینه‌ی كەره‌سته و پێداویستییه‌كان كه خوێندكارێكی هونه‌ری پێویستی پێیه‌تی دابین نه‌كراوه، ئه‌مه واده‌كات ئه‌و قوتابیانه‌ی دێنه كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كان له حه‌ز و خولیاكانه‌وه سارد ببنه‌وه، هه‌رچه‌ند تا ئێستاش هونه‌رمه‌ندی به‌توانامان هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێت زیاتر گرینگی پێبدرێت، بۆیه كه‌ی ده‌سه‌ڵاتێك هه‌بوو گرینگی به كۆلێژی هونه‌ر و لایه‌نه هونه‌رییه‌كان دا ئه‌وكات بێگومان كۆلێژه‌كانیش ده‌توانن كه‌سی به تواناتر بخه‌نه نێو كۆمه‌ڵگه.
*كارکردنت لەهونەری شێوه‌كاری بە رێکكه‌وت بوو یاخود حه‌زێكی منداڵی؟
هونه‌ری شێوه‌كاری، هونه‌رێكی ده‌وڵه‌مه‌نده بۆیه ده‌بێت حه‌زێكی باشت بۆ هونه‌ره‌كه هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت به‌رده‌وام كاری باش و كاری جیاواز بكه‌یت، بۆیه من كاری شێوه‌كاری بۆ حه‌زێكی منداڵیم ده‌گه‌ڕێنمه‌وه كه له‌ته‌مه‌نی منداڵی حه‌ز و ئاره‌زووم ئه‌وه‌بوو ببم به هونه‌رمه‌ندێكی شێوه‌كاریی باش و پڕ ئه‌زموون، ئینشائەڵڵا به‌رده‌وام ده‌بم له كاركردنم بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم بگه‌مه ئاستێكی به‌رزی هونه‌ری شێوه‌كاری، حه‌ز و خۆشه‌ویستیم ئه‌وه‌نده بۆ كاره‌كه زۆره وه‌كو خۆراكێكی ڕۆحی ده‌بینم.
*حه‌ز ده‌كه‌یت ببیت به هونه‌رمه‌ندێكی دیار و ناوبانگێكی زۆر پەیدابکەیت؟
بێگومان حه‌زده‌كه‌م ببم به هونه‌رمه‌ندێكی جیهانی، زۆرجاریش ئه‌مه پێویستی به ناوبانگێكی باش هه‌یە، ناوبانگیش له زۆر ڕووه‌وه هاوكاریت ده‌كات تاوه‌كو ئاسانتر بگه‌یت به هه‌ندێك شوێن، چونكه بوون به هونه‌رمه‌ندێكی جیهانی كارێكی ئه‌وه‌نده ئاسان نییه، به‌ڵام به‌هه‌وڵ و به‌رده‌وامی ده‌توانیت ببین به هونه‌رمه‌ندێكی جیهانی ئه‌وكاته‌ی له كاركردنماندا ئازاد بووین، ئێمه‌ی كورد خاوه‌ن هونه‌رێكی جوان و ده‌وڵه‌مه‌ندین، به‌ڵام ئه‌وه به ته‌نیا به‌من ناكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌ری كوردی ئاشنای وڵاتانی جیهان بكه‌م، به‌ڵكو ده‌بێت حكوومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانیش به‌م كاره هه‌ڵستن، له‌لایه‌نی ماددی هاوكاربێت بۆ ناردنه ده‌ره‌وه‌ی كاره‌كانی هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كار و نیشاندانی به جیهان، چونكه كاتێك هه‌موو ئه‌ركه‌كان ده‌كه‌وێته سه‌ر هونه‌رمه‌ند قوڕس ده‌بێت، ئێمه هیچ جیاوازییه‌كمان نییه له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه، بۆیه ده‌ڵێم با هاوكاربین و هونه‌ره‌كه‌مان خۆش بووێت بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین ئێمه‌ش خاوه‌ن هونه‌رێكی ده‌وڵه‌مه‌ندین.