خەبات: دانا بۆتانی:- لەژێر چاودێریی پارێزگاری هەولێر و بە هاوئاههنگیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە ئامانجی پشتگیریی بەرهەمی خۆماڵی فیستیڤاڵی هەنگوین بۆ هەنگەوانان لە هەولێر کرایەوە، پێشکەشکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش وای لە کڕیاران کرد بە تامەزرۆییەوە سەردانی ئەم فیستیڤاڵەی هەنگوین بکەن. وەک رۆژنامەی خەبات بە باشمانزانی چەند میوانێک و بەشداربووێکی نێو فیستیڤاڵەکە بدوێنین.
ئەحمەد پشدەری یەکێک لە بەشداربووانی فیستڤاڵی هەنگوین بوو گوتی: ئەزموونی 36 ساڵ هەنگەوانی زۆر شتی فێرکردووم هەنگ پاکترین گیانەوەرە و هەنگوینیش باشترین خۆراکی سەر رووی زەمینە، جگە لەمانەش کردنەوەی ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە هەم ناساندنی بەرهەمی خۆماڵی ئێمەیە کە پێویستی بە ناساندن نییە هەمیش هۆکارێکە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە هەنگوین بگرە تا دەگاتە سێو و گوێز و تەحین و هەموو بابەتەکانی دیکە لەگەڵ ئەمانەشدا دەبینین کڕیارەکانمان دڵخۆشن چونکە راستەوخۆ دەستیان بە بەرهەمە خۆماڵییەکان دەگات و باشترینیان هەڵدەبژێرێت، کردنەوەی ئەم جۆرە فیستڤاڵە بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان هانمان دەدات زیاتر و زیاتر بەرهەمی خۆماڵی بەرهەم بێنین و بیخەینە بازاڕەوە.
تابلۆ سامان گوتی: کردنەوەی ئەم جۆرە فیستڤاڵانە زۆر گرینگە و پێویستە هەبێت چونکە دەبێتە بازاڕێکی گەورە بۆ بەرهەمەکانمان من لە بازاڕێکی وەک ئەم فیستیڤاڵە دەتوانم راستەوخۆ بە کڕیارانم بڵێم ئێمە خاوەنی چ بەرهەمێکی خۆماڵین بۆ نموونە ئێمە بە هەموو جۆرەکانی سرکەی سێو و سرکەکانی دیکەش بەشدارین، سوپاس بۆ خودا فرۆشێکی باشمان هەبووە و کڕیارانیشمان لە بەرهەمەکانمان رازین بەشێکی بەرهەمەکانی سرکەمان بۆ خواردن بەکاردێت و بەشێکی دیکەش بۆ لایەنی تەندروستی و توانەوەی چەوری کڕیارانمان بەکاری دەهێنن و سوپاس بۆ خوا لە کوالێتی کۆنترۆل دەرچووە و سوودی هەبێت و زیانی نییە کردنەوەی ئەم جۆرە فیستڤاڵە سوودێکی دیکەشی هەیە بۆ ئێمەی گەنج وادەکات لەسەر پێیەکانی خۆمان بووەستین و ببینە خاوەنی بزنسی خۆمان چاوەڕێ ناکەین حکوومەت کارمان بۆ بدۆزێتەوە، ئێمە خۆمان کار بۆ گەنجانی دیکەش دەدۆزینەوە ئەم کابینەیەش بە دڵنیاییەوە پشتگیرییەکی تەواوی بەرهەمە خۆماڵییەکان دەکات بە باشی دەزانم وەکو گەنجێک سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ ئەو پشتگیرییە بەردەوامەی دەیکات بۆ بەرهەمی خۆماڵی، هەمیشە لە خەمی دۆزینەوەی بازاڕە بۆ بەرهەمەکانمان لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستاندا.
ئەوەی سەرنجی رۆژنامەی خەباتی راکێشا بەشێک لە بەشداربووانی فیستڤاڵی هەنگوین خاوەن پێداویستی تایبەت بوون یەكێک لەو بەشداربووانەش کە خاوەن پێداویستی تایبەت بوو بە ناوی نێرگز عوسمان گوتی: من خاوەنی پێداویستی تایبەتم و نۆ ساڵە دیزاینەرم و کاری دەستی دەکەم هەم هەڵکۆڵین لەسەر دار و هەمیش فوم یان پلاستیک، بۆیە لەکاری جوانکاریدا بێوێنەین و کارەکانیشمان شاهێدی ئەو راستییە دەدەن لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی گرووپێکی خاوەن پێداویستی تایبەتین و هانی هەموو خاوەن پێداویستییەکی تایبەت دەدەین لە سەر قاچەکانی بوەستێت و ببێتە خاوەنی کاری خۆی کردنەوەی ئەم جۆرە فیستڤاڵانەش دەرگایەکە بۆ نیشاندانی بەهرەو تواناکانی ئێمە وەک خاوەن پێداویستی تایبەت لە کاری دەستیدا لە هەمان کاتیشدا دەرگایەکە بۆ ساغکردەوەی بەرهەمەکانمان سوپاس بۆ خودا کڕیارانمان دڵخۆشن بەبینینی کارە دەستیەکانمان بە تایبەتیش خانمان زیاتر حەز بەکڕینی بەرهەمەکانمان دەکەن لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستە ئەم جۆرە فیستڤاڵانە بەردەوامی هەبێت و ئێمەش وەک بەشداربووان ئاڵوگۆری بەرهەمە خۆماڵیەکانمان بکەین.
مازوچن یەکێک بوو لە میوانانی فیستڤاڵی هەنگوین گوتی: وەک ئەکتەرێکی سینەما و هونەرمەندێک زۆر دڵخۆشم کە دەبینم ئەمڕۆ ئافرەتەکانمان شانبەشانی پیاوان لەم فیستڤاڵە قەشەنگدا بە ناوی هەنگوین بەشدارن لە ناساندن و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لایەنێکی جوانی ئەم فیستڤاڵە ئەوەیە بەبێ جیاوازی لە هەموو شاروشارۆچکەکان بەشدارن، بۆیە دەبینین چۆن هەورامییەکان ناز بەگوێزی هەورامییەوە دەکەن ئەواش سێوی دەڤەری بەرواری باڵاش خۆی نمایش دەکات لە هەموو وێنەکان جوانترن بۆ من، ئەو کەشە کوردەوارییە کە خوڵقاوە هەم وەک جلوبەرگ و هەمیش خواردنە کوردەواریەکان دەیسەلمێنین کە ئێمەی کورد خاوەنی چ مێژووێکی رەسەنین بۆیە دەڵێم پێویستە ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە بەردەوامی هەبێت و دەست خۆشیش لە بکەرانیان بکەین.
حاجی عهبدولخالق گوتی: وەک هەنگەوانێكی بە ئەزموون ئەم جۆرە لە فیستیڤاڵە بەناوی هەنگوین خۆی لەخۆیدا جۆرێکە لە پاڵپشتی بەرهەمی خۆماڵی، سوپاس بۆ خودا لە سایەی کابینەی نۆیەمدا ئەمساڵ بەرهەمەکانی وەک هەنگوین و هەنار و پەتاتەمان رەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کردووە، لە ئێستاشدا بەم جۆرە فیستیڤاڵانە جا لەژێر هەرناوێکدا بێت خۆی لەخۆیدا دەبێتە بازاڕێکی گەورە بۆ ساغکردنەوەی کاڵای خۆماڵی و لە هەمان کاتیشدا دەبێتە هۆی یەکترناسین و گۆڕینەوەی ئەزموونەکانمان چ من وەک مێشەوانێک یان برا جوتیارێکی دیکەی لە هەورامانەوە بەشدارە بە گوێز یان تووی وشککراوە یان هەر بەرهەمێکی دیکەی خۆماڵی، جگە لەمانە دەبینین سەردانیکارانی فیستیڤاڵەکە دڵخۆشن بەدیدەنی بەرهەمە خۆماڵییەکان، چونکە بەرهەمی خۆماڵیی ئێمە یەکەمینە لە هەموو کوردستان.