د. ڕێدار محەمەد ئەمین جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر

خەبات: ئاشتی شەهباز:- لە ساڵی 2013 یەكەی نەخۆشییە دەروونییەكان بە فەرمی كرایە نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە نەخۆشییە دەروونییەكان. دكتۆر ڕێدار محەمەد ئەمین جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی فێركاری هەولێر، لە دیمانەیەكی تایبەت بە خەبات، باسی وردەكاری بارودۆخی ناو نەخۆشخانەكەیان دەكات و دەڵێت: هەندێ‌ دەرمان هەیە زۆر زەروورن و بەكەمی و لەكاتی خۆی ناگاتە دەستمان.

لە وەڵامی ئەوەی ئایا ئێرە یەكەیەكی تایبەتی دەروونییە یان نەخۆشخانەیەكی سەربەخۆیە؟ بۆچی رێژەی وەرگرتنی نەخۆش زۆر كەمە؟ دكتۆر رێدار محەمەدئەمین جێگری بەرێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی فێركاری هەولێر، دەڵێت: لەناو نەخۆشخانەی كۆماری یەكەیەكی تایبەت بە نەخۆشییە دەروونییەكانمان هەبوو، شوێنەكەی زۆر بچووك بوو، یەك ژوورمان هەبوو لە لای پرسگەكە، دواتر خۆشبەختانە لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانیی بەشێوەیەكی ستاندارد نۆژەنكرایەوە، ئەویش بۆ هەشت نەخۆش و زیاتر نا، كە تەنیا بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشانەی كورتخایەن بوون ( كورتخایەن واتا لە هەفتەیەك بۆ دوو هەفتە)، دوای گواستنەوەی نەخۆشخانەكەشمان لە شارۆچكەی شاوێسەوە بۆ ئێرە، كە ئەوكاتیش جێگایەكە و دۆخی نەخۆشەكان زۆر خراپ بوو، لەگەڵ چەند دكتۆرێك ناڕەزاییمان دەربڕی و داوامان كرد، وەك بەدەنگەوەهاتنیش لەلایەن سەرۆكی ئەوكاتەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی ئەو یەكەیە بە شێوەیەكی كاتی گواسترایەوە بۆ های ستی، شوێنێكی باش و گونجاو بوو، تا دواتر ئەم باڵەخانە دوو نهۆمییە دروستكرا، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەو شوێنە نییە، كە ئێمە دەمانەوێ‌ گونجاوتر بێت بۆ نەخۆشانی درێژخایەن، بۆیە هەروەك تیماركردنێكی كاتی وایە، بەڵام كێشەیەكمان هەیە ئەویش بەهۆی بارودۆخە تایبەت و جیاوازەكانی نەخۆشەكان، خەرجیی و پێویستیی مانگانەی زۆرە، وەك جلوبەرگ و پێداویستی دیكە، بە هۆكاری دۆخی ئابووریشەوە، كوالێتی شتەكان لە ئاستی پێویست نین و رۆژانە دادەبەزن و گەیشتەوە دۆخی پێشوو، كە وەك زیندانێك وایە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كێن ئەوانەی سەردانی ئەم نەخۆشخانەیە دەكەن؟ دكتۆر ڕێدار محەمەدئەمین دەڵێت: نەخۆشییە دەروونییەكان نزیكەی 300 جۆر دەبن، لە هەموو جۆرەكان سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە دەكەن، بە هەردوو رەگەزییەوە و هەروەها بەشێكی تایبەتیش بە منداڵان هەیە، بەڵام زۆرترینی ئەوانەن كە تووشی دڵەڕاوكێ‌ و خەمۆكی بوون، دڵەڕاوكێش بە هەموو جۆرەكانییەوە، كە چارەسەری هەر جۆرێكیان جیاوازە، وەك چۆن لە نەخۆشییە جەستەییەكان نەخۆشی هەڵامەت بۆ چەند رۆژێكە و دەكرێ‌ بەبێ‌ دەرمانیش چارە بكرێت، یان نەخۆشی غودەی دەرەقی چارەسەری چەند ساڵێك دەخایەنێت، یان شەكرە كە درێژخایەنە، بەمشێوەیە نەخۆش هەیە چارەسەری ئاسانە و بە ماوەیەكی كورت و شتێكی ئاسان چارەسەر دەبێت، نەخۆشیش هەیە بۆ ماوەیەكی درێژ پێویستی بە چارەسەر هەیە و هەمانە دەگاتە حاڵەتی بێ ئومێدبوون.

لەبارەی ڕێژە و ژمارەی ئەو نەخۆشانەی سەردانیان دەكەن، دكتۆر ڕێدار محەمەد ئەمین گوتی: رێژەی نەخۆش زۆر زیاترە لەوەی لێرە هەیە، خەڵك نۆرەی گرتووە بۆ وەرگرتنی لە نەخۆشخانە، تا چارەسەر وەربگرێت، بەڵام لەتوانای ئێمە بەدەرە، خۆشبەختانە لە ئێستادا لەلایەن دكتۆر عوسمان نانەكەلی خێرخواز، خەریكە نەخۆشخانەیەك دروست دەكات لەسەر رووبەری 33 هەزار مەتر و 300 قەرەوێڵە لەخۆ دەگرێت، كە ئەوە هەنگاوێكی زۆرباشە، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتگوزاری باشتر پێشكەش بكەین، ئێمە لێرە هەوڵمانداوە لە قەبارەی خۆی زیاتر، نەخۆش وەرنەگرین، لەگەڵ ئەوەش رێژەی نەخۆش زۆر زیاترە، كێشەكەی ئێمە ئەوەیە كە لە نێوان دوو دووڕیانێكین بەهۆی بچووكی شوێنەكەمان، ئەگەر بەپێی جێگا نەخۆش وەربگرین زۆرێك لە دەرەوەی نەخۆشانە دەمێننەوە و دۆخیان بەرەو خراپتر دەڕوات و دەبنە كێشە بەسەر كۆمەڵگاوە، ئەگەریش وەریانبگرین ناتوانین بەپێی پێویست خزمەتگوازارییەكان پێشكەش بە هەمووان بكەین، بۆیە پێویستمان بە چەند نەخۆشخانەیەك هەیە بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەكی گونجاو و پێویست خزمەت بە نەخۆش بكەین.

دكتۆر رێدار محەمەد ئەمین دەشڵێت: جگە لە نەخۆشانی پارێزگای هەولێر، ئەوانەی بەهەر هۆیەك بێت هاتوون لە هەولێر نیشتەجێبوونە و نەخۆشانی شاری دهۆك و هەندێجار لە سلێمانی و كەركووكیش، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دێنە لای ئێمە. نزیكەی 200 كارمەند، بە پزیشك و كارمەندانی دیكەوە لەم نەخۆشخانەیە كاردەكەن.

لە بەشێكی دیكەی دیمانەكەیدا دكتۆر رێدار محەمەد ئەمین گوتی: دەتوانم بڵێم بۆ ئێرە ژمارەی پزیشكەكان باشە و پێویستیی نەخۆشخانەیان پڕ كردۆتەوە، بەڵام بۆ شارێكی وەك هەولێر ژمارەی پزیشكەكان زۆر كەمە، چونكە ئێمە تەنیا لێرە كار ناكەین، پزیشكانی دەروونی پسپۆڕ ژمارەیان زۆر كەمە و لێژنەی پزیشكییشمان زۆرە و لە دەرەوەی ئێرە كاردەكەن، بۆ نموونە دوو لێژنەی سەرەكیمان هەیە، كە لێژنەی سەرەتایی و لێژنەی پێداچوونەوەن، بەردەوام لە مانگی سوور كاردەكەن، كە هەموو هەفتەیەك پێویستە سێ‌ دكتۆر لەوێ‌ كار بكەن، لە دادگا بە هەمانشێوە، بەتایبەت بۆ دەستنیشانكردنی باری دەروونیی كەسی تاوانكار یاخود لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان، پێویستیان بە پزیشكی پسپۆری دەروونی هەیە، لێژنەی تایبەت بە چاكسازییەكان و لێژنەی ئاسایش و جاری واهەیە پێویست دەكات تایبەت بە دۆسیەیەك لێژنەی لابەلا بۆ بەدواداچوونی كێشەكان دروست بكرێت و دەرچوونیان هەیە بۆ دادگای شارو شارۆچكەكان.

لە وەڵامی دووایین پرسیاردا، ئایا بڕی دەرمانی پێویست لە نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر بەردەستە؟ یاخود كەمیی بڕی دەرمان یەكێكە لە كێشەكانیان؟ دكتۆر ڕێدار محەمەد ئەمین گوتی: وەك پێویست دەرمانەكان لە كاتی خۆیدا ناگات، هەندێجار ئامێرەكان پەكییان دەكەوێت، لەگەڵ ئەوەی ئامێری ساكارن، بەڵام كاریگەری لەسەر پرۆسەی چارەسەركردنی نەخۆش دروست دەكات، هەندێ‌ دەرمان هەیە زۆر زەروورن و بەكەمی و لەكاتی خۆی ناگاتە دەستمان و ئەو كەموكوڕییانەش وەك هەر نەخۆشخانەیەكی دیكە، لێرەش روودەدات و هەیە.

د. ڕێدار محەمەد ئەمین جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی فێركاری هەولێر بۆ خەبات دەدوێ