خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- دوای ئەوەی لە 3/11/2024 تیروپشکی یانەکانی خولی نایابی کوردستان بۆ تۆپی پێ بەڕێوەچوو، كە هەر یەک لە یانەکانی هەولێر، ئاکرێ، چوارقوڕتە، سەید سادق، ئارارات، سیروانی نوێ، پێشمەرگەی هەولێر، شەقلاوە، دەربەندیخان، پیشەسازی، ڕانیە، برایەتی، شێروانە، هەندرێن، زاخۆ، رزگاری، بەشدارن.
بڕیار وایە سبەی پێنجشەممە لە هەفتەی یەکەمی خولی نایابی کوردستان، هەشت یاری لە یاریگە جیاجیاکانی کوردستاندا بە،ێوە بچێت، شایەتی باسە وەرزی ڕابردوو یانەی وەرزشی ئاکرێ دوای پێشکەش کردنی ئاستێکی نایاب، توانی ببێتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان، هەر یەک لەیانەکانی پێشمەگەری هەولێر و شێروانەش پلەی دووەم و سێیەمی خولەکەیان بەرکەوت، هەروەها یەک لە یانەکانی دهۆک و سۆران بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیان دابەزینە ڕیزی یانە پلە یەکاکانی کوردستان، لەلایەكی دیكەوە یانەکانی پیشەسازی و رزگاری سەرکەوتن بۆ ڕیزی پلە نایابەکانی کوردستان.
بەپێی لێداونی سەرۆکی یانەی وەرزشی ئارارات وەلید ئەنوەر بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان، هەڕەشەی کشانەوەی یانەکەی كرد لە خولی نایابی کوردستان، ئەگەر لەلایەن حکومەت و بەرپرسانی وەرزشی، هاوکاری و پاڵپشتی یانەکە نەکرێت، بۆیە تا سبەی پێنجشەممە کشانەوە و نەکشانەوەی یانەی ئارارات لە خولی نایابی کوردستان دەردەکەوێت، بەتایبەتی سبەی پێنجشەممە یانەی ئارارات دوور لە یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی سیروانی نوێ یاری دەکات.