خەبات: سابیر حوسێن:- کاریکاتێر هونەرێکە بە وێنەی و تەنزو گاڵتەجاڕی، گوزارشت لە هەندێک دیاردەی نەخوازراوی سیاسی، کۆمەڵایەتی کولتووری دەکات لە نێو کۆمەڵگەدا، بەو ئومێدەی ڕێگە چارەیەک یان چاکسازییەک لە ڕێگەیەوە بە ئەنجام بگات. لەو چوارچێوەیەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە گەلەرى میدیا چوارەمین پێشانگەیەکی کاریکاتێرى بۆ هونەرمەند جەبار سابیر قادر، لە ژێر ناونیشانى (ژیان لە سەردەمى تەکنەلۆژیادا) کردەوە.
لە ڕێورەسمى کردنەوەى پێشانگەکە، کە فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لە نووسەر و ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەند و هونەردۆستان ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر دواى کردنەوەى پێشانگەکە و بەسەرکردنەوەى تابلۆکانى، دەستخۆشى لە هونەرمەند کرد و هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى بۆ خواست.
شایەنی ئاماژە دانە کاریکاتێریست جەبار سابیر بە شارەزایی هونەری خۆی چەندین کێشەی پێشکەش بە بینەران کردبوو، هاوکات بە شێوازێکی ڕەخنەگرانەی و تەنزئامێز بیرۆکەکانی خستبووە ڕوو، کە تێیدا خۆشی تێکەڵ بە سوود و قازانج دەکات، جا ئەو کێشەیە سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی یان بوارێکی دیکە، شایەنی وەبیرهێنانەوەیە هونەری کاریکاتێر هونەرێکی کۆن و دێرینە، مێژووەکەی بۆ سەرەتاکانی ئاماژە وێنەیەکانی زمانی نووسین دەگەڕێتەوە و ئێستاش وەکو شوێنەوار پارێزراون.